شەڕ فرۆشتن و تیرۆر و ناوچەگەرێتی و تێكدانی یەكریزی و سەقامگیری كوردستان ئامانجی لە مێژینەی دوژمنان

شەڕ فرۆشتن و تیرۆر و ناوچەگەرێتی و تێكدانی یەكریزی و سەقامگیری كوردستان ئامانجی لە مێژینەی دوژمنان

دوژمنانی كوردستان بە درێژایی مێژوو و بەناوی جۆراجۆر و لە نێو جلوبەرگی كورد و بە زمانی كوردی دروستكران ، چونكە داگیركەران خۆیان بێ‌ هیوا بوون بە تۆپ و تانك و فرۆكە گەلی كورد و كاروانە پرشانازییەكەی پاشگەز بكەنەوە لە رێگە و ئامانجەی گرتوویانەتە بەر .
داگیركەران دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوون لە شكسهێنان بە شۆرٍشی و ڕاپەرینەكانی گەلەكەمان لە ماوەی سەدەی رابردوو، ئەو شۆرٍشانە بەردەوامییان هەبوو تا شۆرٍشی پێشكەوتنخوازی گوڵان و ئینجا ڕاپەرینە شكۆمەندەكەی بەهاری 1991 ، گەلی كوردستان بە رابەرایەتی پارتی و بارزانی توانی ببێتە خاوەن پەرلمان وحكومەت و ئیدارەی سەربەخۆیی خۆی و ئینجا سەركەوتن و پێشكەوتن و گەشەسەندن لە ماوەی سێ‌ دەیەی رابردوودا.
بۆیە، هەر لەو كاتەوە، دەستیانكرد بە بەكارهێنانی بەو گروپ و میلیشا و لایەنانەی كە چەندین ساڵ بوون كاریان لە سەر دەكرد بۆ دژایەتیكردنی دۆزی كورد و دروستكردنی بەربەست لە بەردەم كاروانی گەشەسەندن و پێشكەوتنی كوردستان .
شەڕ فرۆشتن و تیرۆر و ناوچەگەرێتی و تێكدانی یەكریزی و سەقامگیری كوردستان ئامانجی لە مێژینەی دوژمنان و نەیارانی گەلەكەمان بوون ، بەڵام چۆن خۆیان رٍاستەوخۆ نەیانتوانی هێرش و پەڵاماری كوردستان بدەن ، ئەوا لەرێگەی ئەو تاقم و گروپانەوە كێشە و كۆسپ بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكەن .
بەتایبەت لەم چەند ساڵەی دواییدا، كە گوشارە ئابوورییەكانی بەغدا بە پاساویی بێ‌ بنەما لە سەر هەرێمی كوردستان زیاتر بوون و شەرٍی داعش و هاتنی لێشاوویی پەنابەران وایانكرد كە نەیارانی گەلەكەمان بە پاڵپشتی ئەو تاقم و گروپانە پەڵاماری هەرێمی كوردستان بدەن .
دوژمنان باش ئەو بارودۆخی ئابووریی و هەنگاوەكانی هەرێمی كوردستانیان هەڵسەنگاندووە ، بۆیە، لە رێگەی ئەو گروپە دروستكراوانە و بەتایبەت پەكەكە و بەشێك لە یەكێتی و لاهوور جەنگی و كڵكەكانی گشت تواناكانیان بۆ لێدانی پێگەی كوردستان گرتۆتەبەر. ئەوەی پەكەكە و لاهوور جەنگی و میلیشیاكانی كە لەماوەی رابردوو، هۆكاری رادەستكردنی نیوەی خاكی كوردستان بوو ، لە ماوەی رابردوو و ئێستاش بەردەوامە لە هەوڵی لێكترازان و خەونی دووئیدارەیی.
ئەوەی پەكەكە و لاهوور جەنگی لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن ، زۆر دوژمنكارانە و دڵرٍەقانەترە ئەم هەڕەشە زاڵمانەیە دەبێ بەهەند وەربگیرێ، چونكە دوابەدوای زنجیرەیەك بەدكاریی دیكە دێت كە تەقاندنەوەی بۆرییە نەوتەكان و پەلكێشی شەڕ و جەیشی تورك بۆ سەرسنوور بەشێكیان بوو.
ئەوەی پەكەكە ، دەیكات ، جگە لە لێدانی هەموو گەلی كورد و دوژمنكاری ، جێبەجێكردنی پیلانی نەیارانی گەلەكەمان ، پەكەكە ، بەتەقاندنەوەی بۆری نەوتی كوردستان و هەوڵی نانبرٍینی خەڵكی كوردستان ، ئەو هەمان رێچكەیە ، كە دوژمنان و داگیركەرانی كوردستان جێبەجێ دەكات ، لە حاڵێكدا كوردستان خۆی بە قەیران و ئابڵوقەی ئابووری و شەڕی برسیكردنێكی یەكجار سەختتدا تێدەپەڕێ، دەیسەلمێنی هەرچی پێیبڵێن خوێنی كوردبوون و هاوپشتیی نەتەوەیی و تەنانەت بەزەیی مرۆڤ یانە ، بەدەماری ئەم حزبە شەڕانگێزە و چەكدارە گوێلەمستەكانیدا ناگەڕێ و، لە دوژمن دوژمنانەتر دەڕواننە هەژار و منداڵ و نەخۆش و نەدارانی ئەم وڵاتە. ئەوەش سەڵمێنەری ئەوپەڕی دڵرەقی، ویستی ناحەزانی كوردستان جێبەجێدەكات و بێ دەربەستە لەوەی باجی هەموو ئەو هەڕەشە و دوژمنكارییەی دەیكات، خەڵكی بارگرانی كوردستان دەیدەن .ئەوەی ماوە بڵێین كە هیچ پێوەرێك نەماوە، ئەم كردەوانەی پەكەكەی لە پەلاماری داعش و شەڕانگێزی میلیشیاكانی حەشد و دوژمنانی باوەكوشتەی كورد پێ جیابكرێتەوە.
هەموو ئەو هەوڵە دوژمنكارانەیەی پەكەكە، بە پشتیوانیی هەندێك تاقم و گروپ لەباشووری كوردستان بەیەك ئاڕاستە و بۆ یەك مەبەست و بەیەك ئاست، ئازاری گەلەكەمان دەدەن. هەمووشیان یەك مەرام هەڵیاندەسووڕێنێ و دەیانكات بەگژ كورددا، ئەویش تەنیا و تەنیا شكاندنی ورە و ئیرادە و خۆڕاگری و ئازادیخوازیی گەلی كوردە و، ئاستەنگكردنی پەڕینەوە و گەیشتن بە مافەرەواكانی .
Top