کە باوەڕت بە خۆت ھەبوو شتەکان جوانتر دەبینیت!

کە باوەڕت بە خۆت ھەبوو شتەکان جوانتر دەبینیت!

نەک تەنھا لەزمانی کوردی یان لەکۆمەلگەی کوردەواری، بەڵکو لەھەموو زمانێک و لەھەموو کۆمەڵگەیەکدا، کە قسەیەک دەکەیت یان ھەڵسوکەوتێک دەکەیت، دەکرێ بە باش لێکیبدەیتەوە، ھەروەھا بە خراپیش دەکرێت لێکدانەوەی بۆ بکەیت.
کەسێک کە متمانەو باوەڕێ بەخۆی ھەبێت دەگمەن لێکدانەوەی خراپ بۆ قسەیەک، یان ھەڵسوکەوتی بەرامبەرەکەی بکات.
بەداخەوە ئەوانەی باوەڕیان بەخۆیان نییە لە ئەندێشەی خۆیان شتە باش و کەسە باشەکانیش بەخراپ وێنە دەکەن.
باوەڕ بوون و متمانە لەلای مرۆڤ لە چییەوە دروست دەبێت؟
چەند لایەن و ھۆکار ھەن کە وادەکەن مرۆڤ متمانە و باوەڕ بەخۆی لەلا دروست بێت. شێوازی پەروەدەکردن لە ناو خێزان و پەروەردە و مامەڵەکردنی مامۆستا لە قوتابخانەکان ڕۆڵی گرنگیان ھەیە کە بناغەیەک بۆ ئەم متمانەیە و باوەڕ بەخۆبوون دادەنێن، دواتر مرۆڤ بۆخۆی دەبێ ھەوڵ لەگەڵ خۆی بدات کە پەرە بە تواناکانی و دروست کردنی کەسایەتی خۆی و ڕۆڵی خۆی لە ناو کۆمەڵگەدا بدات۰ سەرکەوتنی لە بوارێک و بەشداری کردنی لە کایەکانی کۆمەڵگا، باوەڕبوونی لە لا درووست دەبێت. بە پێچەوانەوە ئەگەر ھات و پەرەوەردەی خێزانی و سستمی پەروەردە بەشێوازێک نەبوو کە کەسایەتیەکی بەھێز بۆ مرۆڤەکە دروست بکات، دواتر نەیتوانی بوونی خۆی بسەلمێنی بەوەی سەرکەوتوو بێت لەو بوارەی کە حەزی لێیەتی یان شارەزایی لێی ھەیە، ئەمە وادەکات کە کەسایەتیەکی لاوازی ھەبێت و متمانەی بەخۆی کەم بێت، بۆیە کە کەسێک دەبینێت سەرکەوتووە یان باس لە شتێکی باش و بەسوود دەکات، ئەم بە گوومانەوە یان ھەوڵدەدات بە خراپ باسی بکات لەلای خەڵکانی تر.
بەداخەوە ئەم بە گومان لێکدانەوەیە لە کۆمەڵگاکەمان زیادی کردووە، ھەر کەسێک سەرکەوتوو بێت یان شارەزیەکی باشی ھەبێ لە بوارێک دژایەتی دەکرێت و ڕێگری لێ دەکرێت لەوەی سوود لە بەھرەکانی وەربگیرێت.
لەو وڵاتانەی کە توانیویانە وڵاتەکەیان بەرەوپێش ببەن و بیکەنە وڵاتێک کە لەھەموو ڕووێکەوە سەرکەوتووبێت، ئەم وڵاتانە بوون کە دەستی ئەو کەسانەیان گرتووە کە بەھرەمەند و شارەزاییان لە بوارێک لە بوارەکان ھەبووە، بواریان بۆ ڕەخساندوون کە خزمەتی وڵاتەکەیان بکەن و وڵات وخۆیان بەرەوپێش ببەن، ئەوانەی سەرکەوتوو نەبوون ھاوکاریان پێشەکەش کردوون و بواریان بۆ ڕەخساندوون کە ھەوڵبدەن سەرکەوتن لە ئەم بوارەی کە کاری لێدەکەن، سەرکەوتن بەدەست بێنن و ئاسوودەبن۰
با یەکترمان خۆشبووێ ودڵخۆش بین بە سەرکەوتنی یەکتر، و دەستی یەکتر بگرین بۆ ئەوەی سەرکەوتنەکان ببێت بە ھی ھەمووان. با بە ھەڵە و بە نیەتێکی خراپ قسە و ھەڵسوکەوتی بەرامبەرەکەمان لێکنەدەینەوە، تەنانەت ئەگەر ھات و بە نیەتێکی خراپش قسەکانی دەکرد، با ئێمە بەنێەتی خۆی لەگەڵی نەکەین وبە لێبردوویی ڕەفتاری لەگەڵ بکەین.
با بە خۆشەویستی و یەکتر قبووڵ کردن بەسەر ھەموو ئەم دیاردەیانە زاڵ بین کە دەبنە ھۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگا و پێکەوە ژیان. ھەموو بەیەکەوە جوانین وبەیەکەوە سەرکەوتنی گەورە بەدەست دێنین.
Top