سەرەتا هەر چەمکێک لە فەرهنگی سیاسی و گۆشەنیگای تیۆریەکان شیکرنەوە و گفتوگۆی جیاوازی بۆ دەکرێ، چەمکی جیهانگیری "العولمە"Globalization" "، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆ پەیوەستە بە هەموو بابەتەکانی ئابوری، سیاسی، کلتوری، تەکنۆلۆجیا، وە ڕۆشنبیریەوە، لەم نوسینەدا بە شێوەیەکی کورت مێژووی جیهانگیری "العولمە"Globalization" " دەخەینەڕوو، پاشان ئەم چەمکە دەناسینین، ئینجا چەن جۆرێکی جیهانگیری وەرردەگرین، وە ڕەگەز و ئامرازەکانی جیهانگیری باس دەکەین، هەروەها لایەنە ئەری و نەریەکانی وەر دەگرین، لە کۆتایدا گەلی کورد تا چەند توانیوەتی سود لەم پڕۆسەیە ببینێ؟.زۆر ڕای جیاواز هەیە دەربارەی سەرهەڵدان و مێژووی جیهانگیری "العولمە"Globalization" "، هەندێكیان بۆ داگیرکاری دەگێڕنەوە، پێیان وایە لەو کاتەی ئیمپڕاتۆرەکان یان دەولەتان هەولی داگیرکاری و فروانکردنی دەستەلاتیان هەبووە، ئەم چەمکەش خۆرسکانە بوونی هەبووە، ڕەوتێکی تر پێان وایە ئەم چەمکە بۆ سەرهەلدانی پەیامە ئاینیەکان دەگەڕێتەوە، هەندێکی تریش پێان وایە بە هۆی گەشەسەندنی ئابوری، پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا، یان بۆ چەند فاکتەرێکی تر دەگێڕنەوە، بێ گومان هەموو ئەم فاکتەرانە هۆکارێکن بۆ جیهانگیری "العولمە"Globalization" "، هەروەها تێڕامان و گفتگۆ بۆ جیهانی نوێ، وەک داگیرکردن، بازرگانی، ڕاگەیاندن، گەشەی شارستانیەت، یاخود هەر چەمکێکی سیاسی، ئەدەبی، یان دروست بوونی هەر ئامێڕێک و ئامرازێک، وە هەر بیرۆکەیەک بتوانێ سنوری دەولەتان تێپەڕێنێ، دەچێتە پێوەر و پێونەی جیهانگیری، کەواتە مێژووی بە جیهانی بوون دابەشی چوار قۆناغ دەبێت، یەکەم قۆناغی ئیمپڕاتۆرەکان پێش زاین، دووەم قۆناغی ئایدۆلۆژی ئاینیەکان، سێهەم قۆناغی فیزیکی بە مانایەکی تر قۆناغی ئامراز و ئامێرەکان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا وەک کشتوکاڵ، دەریایی، ئاسمانی، ڕاگەیاندن، قۆناغی چوارەم بە قۆناغی ئێستا دەگوترێت، دەکرێ بە قۆناغی تۆڕی جال جالۆکە ناوبنێین، زانکۆیەکان، بەرژەوەندی دەولەتان، کۆمپانیایەکان، هۆکاری سەرەکی بە جیهانی بوونن. بە ئەندازەی ئالۆزی مێژووی جیهانگیری، پێناسەی چەمکی جیهانگیری "العولمە"Globalization" " ئالۆزە، لە هەر قۆناغێک دەتوانین پێناسەیەکی جیاواز بۆ جیهانگیری بکەین، تەنانەت دەکرێ ئەم پیناسەیی ئێستاش گۆڕانی بەسەر دابێت، چونکە بە جیهانی بوون بەردەوام لە گۆڕان دایە، جیهانگیری فرە ڕەهەندە، لە کاتی جەنگدا ڕەهەندی سەربازی هەیە، لە کاتی بازرگانی ڕەهەندی ئابوری هەیە، بۆیە دەتوانین بلێین "جیهانگیری بریتی یە لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی ئایدۆلۆژی، ئابوری، فەرهنگی، کلتوری، پیشەسازی، ئالوگۆڕی هەموو پێکهاتەیەکی ماددی یان فکری، کە بتوانێ سنوری وولاتان تێپەڕێنێ"، جیهانگیری لە سەدەی ڕابردوو، سەدەی ئێستادا زیاتر گەشەیەکی بێ وێنەی بە خۆیەوە بینیوە، بە تایەت لەگەل پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، بە هاتنی "G5"، نەوەی پێنجەم لە بواری تەکنۆلۆجیا، ئەگەر و گریمانەی پڕۆسەی بە جیهانی بوون زۆر خێرا تر دەبێ، وەک دەزانرێت هەموو سنور بەزاندنێک دەچێتەوە قالبی جیهانگیری، بواری ئابوری، ڕامیاری، ڕۆشنبیری، کۆمەلایەتی چوار جۆری بە جیهانی بوونن.جیهانگیری ئابوری بە مانای دروست بوونی سیستەمێکی ئابوری، بازرگانی، دارای هەرێمی و نێودەولەتی دێت، هەموو کۆت و بەندەکانی بەرەدەم بەرهەمێنان و ئالوگۆری بازرگانی لەلایەن دەولەت لادەبردرێن، نمونەی جیهانگیری ئابوری وەک بانکی نێودەولەتی و کۆمپانیەکانن، ئەم ئالگۆڕیە ئابوریە سودی زۆری دەبێت بۆ دەولەتانی بەرهەمهێن، بەلام دەبنە مەترسی لە سەر دەولەتی نەتەوەیی، چونکە سەرەوەری دەولەتی نەتەوەیی تێک دەشکێنت، یەکێک لە کێشەکانی جیهانگیری ئەوەیە، " دەولەتە دەولەمەندەکان دەولەمەنتر دەبن و، دەولەتە هەژارەکانیش هەژارتر دەبن"، جیهانگیری ئابوری بە مانی بازاڕی ئازاد و سەرمایەداری "کەپیتالیزم" دێت، کەواتە دەتوانین بلێین جیهانگیری ئابوری بە مانای تێکەلکردنی سەرجەم بازاڕە جیهانیەکان دێت.جۆرێکی تری جیهانگیری ڕامیاری یە، ئێمە دەزانین سیاسەت بنەمای هەر دەولەتێک و هەرێم و نەتەوەیەکە لە جیهاندا، دەتوانین جیهانگیری سیاسی لە سی خال پوخت بکەینەوە، بە جیهانی کردنی مافی مرۆڤ، بە جیهانی کردنی دێموکراسی، لە باربردنی دەولەتی نەتەوەیی، وە ئامرازەکانی جیهانگیری سیاسی بریتین لە پەیوەندیە سیاسی و دپلۆماسیەکان، کردە سەربازیەکان و هەوالگریەکان، پەیماننامە و ڕیکەوتنەکان، دەستێوەردانی سیاسی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، هەموو ئەمانە ئامرازی جیهانگیری سیاسین بەلام جیهانگیری و دەولەتی نەتەوەیی دوو ئاراستەی ناکۆک و دژ بە یەکن، چونکە جیهانگیری هەموو کۆت و بەندێک تێک دەشکێنێت، هەندێ جار جار وولاتان بانگەشەی پاراستن و سەروەری دەولەت دەکەن، ئەمەش بە مانای بێ ئاگابوون دێت کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆی "العولمه" شتێک نەماوە بە ناوی سەروەری، "لیبڕالیزم"، "سۆشیالیزم"، ئاین، یان هەر ئایدۆلۆژیەکی تر بە مانای مانەوە و پڕاکتیزەکردنی لە نێو دەولەتێک ناهێت، بەلکو هەژمون و دەست بە سەر داگرتنی نەتەوە ودەولەتانی ترە، لێرەدا دەبینین دەولەت و نەتەوە بێ هیز و بێ تواناکان دەبنە بەردەست و بەکارهێنانی دەولەتانی زلهێز، ئەمەش لە کاتی سیستەمی دوو جەمسەری بە ڕوونی دەبینرا، زۆر جار دەگوترێ ئایدۆلۆژی سیاسی بەدیلی جیهانگیری ئابوریە بۆ دەستگرتن بەسەر دەولەتاندا، کەواتە دەولەت بە تەنیا ئەکتەری شانۆی سیاسی نی یە، بەلکو چەندین گۆڕاون بەیەکەوە هاوکێشەی سیاسی هاوسەنگ دەکەن، کەواتە جیهانگیری سیاسی بە مانای نەمانی جوگرافیایەکی دیاری کراو دێت، نمونەی جیهانگیری سایسی وەک پەیماننامەکان، ڕێکەوتنی نێودەلەتی، یەکێتی یەکان وەک یەکێتی ئەوڕپا، یەکێتی ئەفریقا، نەتەوەیەکگرتووەکان، وە جیهانگیری سیاسی بەردەوامی هەیە، بە هۆکارێکی بەرقرارکردنی ئاسایشی دەولەتان دادەنرێ ، نمونەی ئێستامان پڕۆژەی ئاشتی (عەرەب - ئیسڕائیل).یەکێکی تر لە جۆرەکانی جیهانگیری "العولمە"Globalization" " ڕۆشنبیری یە، ڕۆشنبیری بازنەیەکی فراوانە، خۆی لە هونەر، وێژە، کلتور، داب و نەریت، ڕێبازەکانی ژیان، بیر و باوەڕەکان دەگریتە، جیهانگیری ڕۆشنبیری زۆربەی کات لە دەولەتانی ساوا یان نەتەوە دواکەوتوەکان، دەبێتە هۆی ململانێ، چونکە ڕوانگەکان جیاواز دەبن بۆ بازنەی ڕۆشنبیری، باشترین جۆری ڕۆشنبیری، گرێدانە بازنەی جیهانگیری ڕۆشنبیری یە بە چەمکی نەتەوەیی، بۆ هەر ڕوانگەیەکی جیهانی دابەشکاری لە ئاستی ناوەوە و دەرەوە دروست دەبێت، ڕەوتێک پێ وایە تێکەل بوون و هاوتاکردنی بازنەی ڕۆشنبیری بە جیهان سودی هەیە، ڕەوتێکی تر بە لادان دەزانن و پێیان وایە دەبێتە هۆی پوکانەوەی نەتەوە، لە نێوان هەردوو ڕەوت پێویستە هەر پڕۆژەیەک و پڕۆسیەک بخرێتە خزمەت نەتەوە، چونکە بە ئاگایی و ووشیاری هەلسوکەوت نەکرێت لەگەل جیهانگیری ڕۆشنبیری، دەبێتە هۆی سەپاندنی کلتوری خۆیان لەڕێگەی هێزی نەرم وەک دڕما، ڕاگەیاندن، پەروەردە، زانکۆ، یان لە ڕێگەی ئایدۆلۆژی ئاینی و سیاسی، مەترسی ئەوەیە ڕاستەوخۆ کۆمەلگا دەبیتە کالای دەولەتانی خاوەن هەژموون و بەهیز، جیهانگیری ڕۆشنبیری بەرهەمهێنەربێت کێشەی نی یە، بەلام تەنیا ستایل و جلوبەرگ "فاشێۆنی" و بەکاربەری بێت، ئەوە نەتەوە بەرەو سەرلێشێوان و قەیران دەبات.لە پال جیهانگیریەکانی تر، جۆرێکی تری جیهانگیری کۆمەلایەتیمان هەیە، هاوبەشی و جیاوازیەکانی لە سەرتاسەری جیهان بەیەکەوە بەستۆتەوە، ئیستا مرۆڤ ئاشنایە بە هەموو ئەو بەها کۆمەلایەتیانە لە جیهاندا هەن، لە پاڵدا کۆمەلێک مافی جیهانی دروست بوون، وەک مافی مرۆڤ، مافی مندال، مافی ژنان، جیهانگیری کۆمەلایەتی زۆر شێوازی ژیان و کلتوری کۆمەلایەتی گۆڕیوە و لاواز کردووە، هەندێک بابەتی نوێی خولقاندووە، ئەگەر سەیری ڕابردووی هەر دەولەت و هەرێم و نەتەوەیەک بکەین، بە ڕوونی درک بەم گۆڕانکاریە کۆمەلایەتیەکان دەکەین.لە پاڵ جۆرەکانی جیهانگیری کۆمەلێک ڕەگەزمان هەیە، بە پردی پەیوەندی پڕۆسەی جیهانگیری دادەنرێت، وەک سەرمایەداری"کەپیتالیزم"، شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و زانیاری، تاک جەمسەری ئەمریکا، چونکە ئەمریکا و ڕۆژئاوا لەم قۆناغە بە گەشەسەندنی هۆکاری جیهانگیری دادەنرێن، یان بە هۆکاری خێراکردنی ئەم پڕۆسەیە دادەنرێن.ئامرازەکانی جیهانگیری، بۆ گەیاندنی هەر بیروباوڕێک یان هەر پڕۆسەیەکی نەرم (soft)، یان ڕەق (hard)، پێویستمان بە کۆمەلێک هۆکار و ئامراز هەیە، وەک ڕێکخراوەکان، ڕێکخراو و کۆڕبەندی ئابوری جیهانی، یاسا نێودەولەتیەکان، پێشکەشکردنی هاریکاری نێودەولەتی، بەستنەوەی دەولەت و هەرێم و حکومەت لە ڕێگەی ڕێکەوتن و پەیماننامە و یەکێتییەکان، ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەکانی، تۆڕە پەیوەندیەکان، ئالوگۆڕی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگایەکان، پابەندبوون بە دێموکراسی و مافەکان، کۆمپانیەکان، هەموو ئەمانە ئامرازی جیهانگیرین، وە چەندین هۆکار و ئامرازی تر هەن بۆ گەشەسەندنی پڕۆسەی بەجیهانی بوون.کاریگەری ئەرێنیەکانی جیهانگیری، وەک دیارە جیهانگیری چەرخی گۆڕانکاری سەردەمیانەیە، بێ گومان هەموو ئایدۆلۆژی و پڕۆسەیەک، کە دەبنە هۆی گۆڕانکاری، دوولایەنە، لایەنە باشەکانی جیهانگیری خۆی دەبینێتەوە لە دەست گەیشتن بە زانیاریەکان، زیاد بوونی هەلی کار و بەرهەمهێنان، چارەسەرکردنی کێشە مرۆیەرکان وەک چەکی کوشندە و قەدەغەکراو، پەتا جیهانیەکان نمونە ڤایرۆسی "كۆڤید کۆڕۆنا-١٩"، لە سەر ئاستی جیهان کاری بۆ دەکرێ تا بنبڕبکرێت، دروست بوونی کۆمەلگای مەدەنی، تێکەلبوونی جیاوازیەکان، ئالوگۆری کالا و شتومەک، هەموو ئەمانە قازانجی جیهانگیرین، وە چەندین قازانجی تری هەمە جۆری هەیە. وەک دەزانین پڕۆسەی جیهانگیری بێ کەم و کوڕی نی یە، ئەو کەسانەی وابەستەن بە کلتور، نەوەتەوە، ئاین، یان وابەستەی ڕابردوون، بە جۆرێکی تری نەرێنی لە جیهانگیری دەڕوانن، هەندێک لە زیانەکانی جیهانگیری بریتین لە نەمانی سەرەوەری نەتەوەیی و نشتیمانی و دەولەتان، کاڵکردنەوەی شوناسەکان بە تایبەت شوناسی نەتەوەیی، هاوکێشە ئابوریەکەی "دەولەتە دەولەمەندەکان دەولەمەنتر دەبن، دەولەتە هەژارەکانیش هەژارتر دەبن"، زیاد بوونی مەترسی لەسەر ژینگە بە هۆی ئەم بەرهەم هێنانە خێرایی و بە بازاڕکردنی بەرهەمەکان، کاڵبوونەوەیی بەها کۆمەلایەتیەکان، هەژاری و بیکاری لە دەولەتانی بەکاربەر، ئەمانەی ئاماژەمان پێداون زیانەکانی جیهانگیرین، چەندین هۆکاری تر هەن ڕەنگە لە داهاتوو زیانەکانی دەربکەون، ئێستا ئێمە هەستی پێ دەکەین.لە کۆتایدا مێژووی سەرهەلدان، ناساندن و جۆری و ڕەگەز و ئامرازەکان، لایەنی باش و خراپەکانی جیهانگیریمان خستەڕوو، ئەگەر چەند پرسیار بۆ خوێنەر جێبهێلین، دەربارەی نەتەوەکەمان لە پڕۆسەی جیهانگیری، ئێمەی کورد لە کوێ ی بە جیهانی بوونداین؟ ئایا زەمینە سازی کراوە بە شێوەیەکی تەندروست بەشداری ئەم پڕۆسەیەبین؟ ئایا تەنیا لایەنە خراپەکان ڕەنگی لە کۆمەلگای ئێمە داوەتەوە؟ ئەگەر پێداچونەوەیەک بکەین، ووشیار ببینەوە، دەبینین جیهانگیری بەرهەمهێنەر و بەکارهێنەری هەیە، ئەو دەولەتانەی بەرهەمهێنەرن وەک ئەمریکا و ڕۆژئاوا و دەولەتانی تر، بی ئەژمار سود لەم پڕۆسەیە دەبینن، ئێمەی کورد بەکارهێنەرین، وە بەکارهێنەریکی شارەزا و زیرەکیش نین، بۆیە پیویستە لەسەر ئەم پڕۆسەیەی بوەستین، چونکە تا ئێستا ئێمەی کورد نەتەوەیەکی بێ دەولەت و شوناسین،بە ووشیاریەوە مامەلە لەگەل ئەم پڕۆسەیە خێرایە نەکەین، هەموو بەهای نەتەوەی، کۆمەلایەتی، کلتوریەکان، ڕۆشنبیری، دەتوێنەوە، ئەگەر چاوێک بە هونەر و میدیا و زانکۆ و گەنجانی کورد بخشێنینەوە، دەبینین لە ڕوخسار و ستایل و جلوبەرگ بونەتە مەکینەیی بەکاربەری دەولەتانی تر، ئەمەش مەترسی ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر دواخستنی توانا و هزر و پێشکەوتنی تاکی کورد، تەنانەت ڕۆشنبیر و خوێنەر و نوسەر و ناوەندە ئەکادیمیەکان بەبێ ئاگایی کەوتۆنەتە داوی پڕۆسەی جیهانگیری، نازانن ئێمەی کورد لە قۆناغی سەرەتایی هەموو شتێکداین، ڕۆشنبیر و نوسەرانی کورد هەمیشە وەکو "ئۆپزسیۆن" دەردەکەون و دەدوێن، نابن بە هاوکار و توێژەر ڕۆلی خۆیان بگێڕن گەلی کورد لەم دۆخە چەق بەستووە ڕزگار بکەن، وە ناوەندی ئەکادیمی توێژینەوەکانیان لە ئاستێکی بەرزدانین بتوانن لە کۆمەلگادا ڕەنگبداتەوە، ئێمەی کورد نەمانتوانیوە بە شێوەیەکی تەندروست و بەهێز سود لە جیهانگیری ببینین.