قۆناغی سێیەمی کۆرۆنا

قۆناغی سێیەمی کۆرۆنا

ئەگەر وەک چاودێرێک سەیری ئامارەکانی تووشبوونی خەڵک بە کۆرۆنا بکەین، ئەوا دەردەکەوێت ئەوە لۆ یەک حەفتە دەچێت کە ژمارەی تووشبووان و ژمارەی چاکبووان یەکسان دەبن و وەکی یەکیان لێدێت. وە دەگەل ئەوەدا؛ ژمارەی مردووان و ئەوانەی کەبە ھۆی (کۆڤید ١٩)ەوە گیان لە دەست دەدەن تاڕادەیەک وەکو خۆی ماوە!!؟ ئەمانە ھەمووی ئاماژە بەوە دەدەن کە ئەوە لە ئێستادا ئێمە قۆناغی دووەمی شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنامان تێپەڕاند و ھەنگاومان نا ناو قۆناغی سێیەم! بێگومان لۆ بەرپرسانی تەندروستی و پزیشکان ڕێکارییەکانی بەرەنگار بوونەوە و بەرنامە و پلانەکان لە قۆناغێک دەگەل یەکێکیدی جودایە! ھەر لۆ خەڵکی عەوام وەکو یەکە و تەنانەت ڕەنگ بێت، بپرسێت ئەوە چووینە ناو قۆناغی سێیەم ئەوجا چ؟! بێگومان لە ھەموو قۆناغەکانی ئەم نەخۆشییە ھەردەم تاک دەبێت، کە: خوودی خۆی بپارێزێت و ھەنگاوەکانی لە (خۆ لێک دوور گرتن (بەلایەنی کەم شەش پێ نێوانمان بێت)، ئادابی دروستی قسە کردن، دەمامک و دەستکێش و چاویلکە، پاک و خاوێنی و نەپژمین و نەکۆخین بەرەو ڕووی یەکتری ...ھتد). زانینی قۆناغەکانی ئەم نەخۆشییە لە سەر ئاستی تاک و کۆمەڵگا و دەسەڵات گرنگە؛ ھەروەھا دروستکردنی ھەستی بەرپرسیارییە جگە لەوەی لەو کاتانەی، کە: نەخۆشییەکە تیر دەکات و تەنگ بە خەڵک ھەڵدەچنێت ھاووڵاتی ھەماھەنگ دەبێت لەوەی زیاتر ڕۆڵی کارا بگێڕێت لەوەی بەرەنگاری تەشەنە و بڵاو بوونەوەی ئەم ڤایرۆسە ببێت.
ئەوەی جێگای سەرنجە؛ ئەوەیە کە: زۆر لە ووڵاتان بە خێرایی قۆناغەکانی تووشبوون بە کۆرۆنایان بڕی! تەنانەت ووڵاتی ئەوروپی، وەکو: فەڕەنسا لە ئێستادا ھەموو خەوف و ترسێکی لە ھاتنی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنایە لە کاتێکدا کۆمەڵگای ئێمە ھێشتا شەپۆڵی یەکەمی تێنەپەڕاندووە!؟ وە ھەروەھا، دەبینین کە: ڤایرۆسەکە دەناو کۆمەڵگای ئێمە زۆر بە کاوەخۆیە و تەنانەت بە ھۆی کەمی ڕۆشنبیری گشتی و کەمی ھۆشیاری دروستی و فەرھەنگ و بارودۆخی کۆمەڵایەتی و دارایی و ناسەقامگیری ئابووری و سیاسی قۆناغی دووەمی شەپۆلی یەکەم ماوەکی زۆر بمێنێتەوە و بەمەش خەڵکێکی زۆر تووشی بێن.
دەبێت خەڵک ھەموو ئەو ڕاستییە بزانن؛ کە: نەخۆشی (کۆڤید ١٩) لە ئێستا پلەی (دەرد = pandemic)ی وەرگرتووە؛ وە ھەتا ھەنووکە ھیچ چارەسەری بنبڕی نییە! خڕ ئەو چارەسەرییانەی؛ کە: دەدرێت لە شێوەی تاقیکردنەوەیە و بە ھیوای ئەوەی، کە: سوود بگەیەنێت. ھەر کاتێک ھەر نەخۆشییەک ھیچ چارەسەر و ھیچ ڤاکسینێکی نەبێت؛ ئەوا: باشترین ڕێگا بۆ دوور بوون لەوەی تووشی بێین، باشترین ڕێگا بریتیە لە خۆپاراستن لێی. دەبێت مرۆڤەکان ھەموو کات، ئەو ڕاستییەیان لە بەر چاو بێت، کە: کاتی خۆی لە پەتای ئیسپانی (١⁄٣)ی دانیشتووانی جیھان تووشی ھاتن و (٢⁄٣)ی لێی دوور بوون. ھەرلەبەر ئەمە ھاووڵاتییان دەبێت ھەوڵییان لۆ ئەوە بێت، کە: ھەوڵ بدەن لۆ ئەوەی ژیان و تەندروستییان باش بێت و لە مەترسی بەدوور بن ھەموو کات دەگەل (٢⁄٣)یەکە بن؛ نەک لەگەل (١⁄٣)یەکە.
بەگوێرەی کۆرسی ئەم نەخۆشییە لە وەتێ سەری ھەڵداوە؛ ھەتا بە ئەمڕۆ دەگات لێمان وەکات دەبێت، کە: ئاستی ڕۆشنبیری تاکەکانی ووڵات و چەندە ھۆشیارە لەوەی خۆبپارێزێت و ھەست بە بەرپرسیارێتی کردن و گرنگیدانی بە تەندروستی خۆی و کۆمەڵگا و ئاستی ھەماھەنگی دەگەل تاکەکانیدی ناو کۆمەڵگا و پیادە کردنی ژیانێکی تەندروست و خەو و خۆراکی دروست ھەموو یارمەتیدەرە لەوەی ئەگەر تووشی (کۆڤید ١٩) بووین بتوانین بە سەری زاڵ ببین و سەر بکەوین. ھەموو ئەو کۆمەڵگا و ووڵاتانەی کە خەڵکەکەی ژیانێکی تەندروست دەژین و گرنگی بە خەو و خۆراک و وەرزش دەدەن؛ بیر و زەینیان کراوەیە و لە گرفت و ئاستەنگی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بەدوورن؛ ئەوا: کەمترین زیانیان بە دەست کۆرۆناوە بینیووە.
لە کۆتاییدا؛ دەبێت ئەوە بگۆترێت کە: پێشبینی دەکرا؛ کە: لە مانگی ئۆکتۆبەر ئێمە لە کۆتایی قۆناغی سێیەم یان سەرەتای قۆناغی چارەم بین! وە ھەروەھا ھەموو پێشبینییەکان؛ ئەوە دەردەخەن کە ھەتا ڤاکسین دەدۆزرێتەوە دەنا ئەم ڤایرۆسە ھەتا زستانی ساڵی (٢٠٢٢ز) چێڕە درێژ بێت و سیرایەت بکێشێت. ھەر لەبەر ئەوە؛ کە: بەو جۆرە بێت دەبێت مرۆڤەکان زیاتر پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی بن و خۆ دوور بگرن، وە ھەروەھا ھەماھەنگی چەسپاندنی ڕێکارییەکانی بەرەنگار بوونەوە بن لە سەر ئاستی تاک و کۆمەڵگا و دەسەڵات. دەبێت پڕۆگرام و پلانەکانی بەرەنگاربوونەوە ئەوە لەبەر چاو بگرن؛ کە: فایرۆسەکە چێڕە درێژە و سیرایەت دەکێشێت...
Top