بــــــــــــا یه‌كتر بخوێنینه‌وه‌!!

بــــــــــــا یه‌كتر بخوێنینه‌وه‌!!

وه‌ك چۆن وڵاتان دروست بوون به‌هه‌مان شێوه‌ شارستانیه‌ته‌ كۆنه‌كان له‌سه‌ر بنچینه‌ی جیاوازی هزر و كه‌لتور هاتوونه‌ته‌ دی ئه‌مه‌ش وه‌ك كارێكی ئاسایی و سروشتی سه‌یر ده‌كرێت، چونكه‌ خاڵی هاوبه‌شی شارستانیه‌ته‌كان ئه‌وه‌یه‌ خۆیان بپارێزرێن و بوونیان نه‌سرێته‌وه‌ بێگومان بۆ ئه‌مه‌ش لێگ تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ بۆ یه‌كتر فاكته‌ری هه‌ره‌ گرینگ بووه‌.
ئێمه‌ی مرۆڤ بونه‌وه‌ریێكی كۆمه‌ڵایه‌تین بێ یه‌كتر ناتوانین درێژه‌ به‌كاروانی ژیان بده‌ین وه‌ به‌بێ یه‌كتریش ته‌واو نابین و ناشتوانین رێڕه‌ویی مێژووی بخه‌ینه‌ رێ، له‌هه‌ر شوێنێكی ئه‌م گه‌ردونه‌ ئازارێك هه‌بێت ده‌زانین و به‌رانبه‌ری هه‌ستیارین به‌ هۆی ته‌كنۆلۆژیایی سه‌رده‌م، ئه‌مه‌ گوزارشته‌ له‌وه‌ی مرۆڤه‌كان عاشقێكی ئه‌به‌دی كۆیان ئه‌كاته‌وه‌ و ئه‌م عه‌شقه‌ش په‌نهانیه‌.
راسته‌ ته‌ماحكاری و ویستی خۆسپاندن وه‌ك خاسڵه‌تێك له‌ ئێمه‌ی مرۆڤ دا هه‌یه‌ هه‌ر چه‌نده‌ ئه‌م خاسڵه‌ته‌ خاسڵه‌تێكی ناپه‌سند، به‌ڵام دیسان هۆگربوون و په‌یوه‌ست بوون به‌یه‌كتریه‌وه‌ تاراده‌یه‌ك روحی ئه‌و خاسڵه‌ته‌ كاڵ ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ بێنه‌ پێش چاو هه‌ركاتێك ده‌سكه‌وتێكمان به‌ رێگایه‌كی ناشه‌رعی به‌ده‌ست هێنابێت هێزی ویژدانمان ئازارێكی نامۆیی هه‌یه‌.
به‌درێژایی شارستانیه‌ته‌كان هه‌وڵی مرۆڤ وای كردووه‌ هیوای له‌ده‌ست نه‌دات بۆ لێگ تێگه‌یشتن و خوێندنه‌وه‌ی خودی یه‌ك شارستانی یان له‌گه‌ڵ شارستانیته‌كانی دی، له‌راستیدا خوێندنه‌وه‌ بۆ خه‌می یه‌كتر و ئاره‌زووی یه‌كتر و خۆشویستنی یه‌كتر و گه‌یشتن به‌یه‌كتر هه‌ر هه‌بووه‌ و هه‌ر دەبێت.
سه‌رده‌می ئێستا به‌هۆی خه‌راپ به‌كارهێنانی ئامرازه‌كانی ژیان زیاتر وامان لێده‌كات یه‌كتر بخوێنینه‌وه‌ و گه‌ران بكه‌ین بۆ گه‌یشتن له‌ ناخی یه‌كتر و پڕكردنه‌وه‌ی بۆشایه‌ روحیه‌كانی یه‌كتر ، چونكه‌ ئه‌گه‌ر هه‌وڵی ئه‌وه‌ نه‌ده‌ین ئه‌وا كۆمه‌ڵی مرۆڤ له‌سه‌ر گه‌ردون رووبه‌رووی قه‌یرانێكی مرۆیی سه‌خت ده‌بێته‌وه‌ هاوكات به‌ها بۆ ژیان ده‌كه‌وێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌؟!.
تا ئه‌وكاته‌ی ماوین و هه‌ناسه‌ ئه‌ده‌ین و هیوایه‌كه‌مان هه‌یه‌ ده‌بێت یه‌كتر بخوێنینه‌وه‌ و چاره‌سه‌ری ئاریشه‌كانی یه‌كتر بكه‌ین و گفتوگۆ وه‌ك یه‌كه‌م و دوا بژارده‌ی ناكۆكیه‌كان هه‌ڵبژێرین، دواجار ده‌بێت بریاری ئه‌وه‌ بده‌ین یه‌كترمان خۆش بوێت، چونكه‌ بێ خۆشه‌ویستی گه‌ردون ماڵیكی ساردوسڕه‌.
Top