وەرگرتنی نموونە لە جەستە دوای دەستدرێژی سێکسی

وەرگرتنی نموونە لە جەستە دوای دەستدرێژی سێکسی

ئەم بابەتە زانستییە زۆر گرنگە لە ڕووی پزیشکی دادوەری دادگا و پاریزەر و دادوەرەکان زۆر سوودی لێوەردەگرن.
لە حالەتی دەستدرێژی سێکسی زۆر جار ئێمەی پزیشکی دادوەری تووشی کێشە دەبین، چونکە حالاتی دەستدرێژی سێکسی جگە لە پشکنینی قوربانییەکە کۆمەڵێک نموونە ھەیە لەڕووی زانستییەوە دەبێ وەربگیرێت تاکو بەڵگەکان بەھێزتر بن و ئاسەوار لەسەر جەستە بزر نەبیت. بەڵام لێرە زۆر کاتی پێ دەچێت تاکو دەچێتە دادگا پاشان دەنیردریتە پزیشکی دادوەری و لەئەنجامدا زۆر شت ون دەبێت. بۆیە داوا دەکەم بە زووترین کات ئەو حالەتانە بگەنە پزیشکی دادوەری.
ھەندی لەو نموونانەی کە پێویستن وەربگیرێن لەکاتی ڕوودانی دەستدرێژی سێکسی و تاوانی تر:
١-وەرگرتنی نموونەی خوێن و میز: مانەوی کحول و دەرمان لەھەریەک لەخوێن و میز پشت دەبەستیت بە جۆر و ڕێژەکەی. ھەریەک لەکحول و دەرمان تاکو ٧٢ کاتژمێر لەخوێن وەردەگیرێت لەدوای ٧٢-٩٦ کاتژمیر تەنھا سوود لە میز وەردەگیرێت.
٢-مووی جەستە بەگشتی: مادەی وشکبۆوە بۆماوەی چەند ڕۆژێک دەمینێتەوە ھەرکە تێبینی کرا دەبێ وەک سامپل وەربگیرێت بەڵام بۆ پشکنینی دەرمان سوودی نییە تاکو ٤ رۆژ تێپەڕ نەبیت لەسەر خواردنی دەرمانەکە.
٣-وەرگرتنی سامپڵ لە پێست لە شوینی بەریەککەوتن:
ماددەی نامۆ لەسەر پێست تاکو ٤٨ کاتژمێر دەمێنێتەوە ھەرچەندە ھەندێ تاقیککردنەوە دەڵێن تاکو یەک ھەفتە دەمینێتەوە بەڵام ئێمە تاقیگەکانمان زۆر پێشکەوتوو نییە بۆیە تاکو ٤٨ کاتژمیرە.
٤-نموونەی ناو دەم پاش غەرغەرەکردن: سپێرم بەگشتی تاکو ٤٨ کاتژمیر لەناو دەم دەمێنی پاش روودانی دەستدرێژییەکە.
٥- بەشی دەرەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینە:
ھەمان شێوەی پێست بۆ ماوەی ٤٨ کاتژمێر سوودی ھەیە بۆ سامپڵ وەرگرتن.
٦- بەشی ناوەوەی کۆئەندامی زاوزێی مێینە:
بۆ ماوەی ٣ ڕۆژ دەتوانرێت بۆ سامپڵ وەرگرتن سوودی لێوەرگیرێت.
٧- پشکنینی ژێر نینۆک: کاتی دیاریکراوی نییە زۆر ماددەی جیاوازی تێدا دەدۆزرێتەوە.

لێرە بۆمان دەردەکەوێت کە تاوان و دەستدرێژی سێکسی نابێت دوابکەوێت لە ھاتنیان بۆ پزیشکی دادوەری، بەڵام بەداخەوە لەم وڵاتە ڕووداوی وا ھەبووە دوای دوو سێ مانگ ھاتوون بگرە زیاتریش زۆر جار داوامان کردووە کە ئەو دواکەوتنە چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی مافی قوربانی نەخورێت بەڵام چارە نەکراوە.
بۆیە کاتەکانم لەم بابەتە دانا تاکو خەڵک ھۆشیاری ھەبێت و خۆی تاخیر نەکات و بەھیچ شێوەیەک ئەو کەسە جلی نەگۆرێت و خۆی نەشوات و دەمی نەشوات بەگوێرەی ئەو حالەتەی تووشی دەبیت.
*سەرچاوەی داتاکان : oxford hand book of forensic medicine.

* پسپۆڕی پزیشکی دادوەری و مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی
Top