نەبەردی پردێ لە (٢٠ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) خیانەتکارانی ١٦-ی ئوکتۆبەری - توشی ھستیریا کردووە.
October 22, 2020
وتار و بیروڕا
پێش سێ ساڵ وەکو ئەمڕۆ کاتژمێر (١١:٠٣) یازدە و سێ خولەكی پێش نیوەڕۆ، بۆ یەکەم جار لە مێژوو تانکی ئێم یەک ئابرامزی ئەمریکی بەدەستی پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووك لە نەبەردی پردێ تێكشکێندرا.
�سێ ساڵ لەمەوبەر لە (٢٠-١٠- ٢٠١٧) دا، پێشمەرگە سەربەرزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میحوەری رۆژاوای کەرکووک - بەرەی پردێ - سەربەرز و مەردانە، هەڵۆئاسا پەلاماری داگیرکەرانیان تێکشکاند و راویاننان و وانەیەکیان پێدان کە هەرگیز لە یادیان ناچێت.�کاتێ کە لە ئاکامی گەلەکۆمەیەکی ناوخۆیی و دەرەکی، بە پیلانگێڕی و جووڵاندنی هێز و بە چاوساخی و هاوکاریی خوێناویی گرووپە "کاڵفام" و بەخەیانەت گۆشکراوە ناسراوەکەی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە دووز و خانەقین و کەرکووکی دڵی کوردستان رادەستی داگیرکەران کران، زۆر ماڵی هاوڵاتیانی رەسەنی ناوچەکە بەر تاڵان و سووتان کەوتن و زیاتر لە ٢٠٠ هاووڵاتیش شەهید کران، لە ئاکامی ئەو رووداوانەدا تراژیدیایەکی نەتەوەیی خوڵقا و تاسان و نیگەرانی و نائومێدی باڵی بەسەر گشت کوردستاندا کێشا. لەو کات و ساتە هەستیارانەشدا میدیاکانی تیمی خیانەتکاری ١٦ی ئۆکتۆبەر پڕوپاگەندەی چەواشەکاریان دەکرد و دەیانگوت پێشمەرگە هیچیان پێ ناکرێت و حشد گەیشتنە هەوڵێر.!!!! لەو تەمومژە سیاسییەدا چارەنووسی باشووری کوردستان و هەرێم و حکوومەتەکەی کەوتنە بەر پرسیاری ناوخۆ و هەرێمی و جیهانی. �لە وەها دۆخێکی سیاسی و سەربازی و سایکۆلۆژیدا بوو کە بەرەبەیانی رۆژی ٢٠ی ئۆکتوبەر، فەرماندەکانی ئەو هێزە داگیرکەر و پەلاماردەرانە کە بۆنی نەوتی کەرکووک مەست و کەڕ و لاڵ و کوێری کردبوون، بە ئامانجی داگیرکردنی پایتەختی کوردستان، بە مەبەستی تێپەڕین لە شارۆچکەی "پردێ" فەرمانی جووڵەیان دەرکرد.�ریزبوونی لەشکرێکی هەزاران کەسیی ئیقلیمی، تەیار بە سەدان چەک و ئالیاتی جەنگیی پێشکەوتووی وەک: تانكی ئابرامز و هامەر و باجەر و دۆشکە و زرێپۆشی ئەمریکی و تۆپی دوورهاوێژ و کاتیۆشا و موشەكی کۆرنێت لە بەرەی دوژمن و، لەبەرانبەریشدا دامەزرانی بەرپرس و فەرماندە و پێشمەرگەکانی بەر فەرمانی میحوەری رۆژاوای کەرکووک کە بۆ رێگرتن لە پێشڕەویی داگیرکەران بەرەو هەولێر، هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، پەیمانی بەرپرس و فەرماندەو پێشمەرگەکان سەرکەوتن یان کۆتایی ژیان لەو سەنگەرانەیان بەستبوو، تابڵۆیەک لە جەنگێکی مێژوویی و چارەنووسسازی نێوان کورد و داگیرکەرانی، نەخشاند بوو. ئەو رۆژە چاو و دڵ و هەست و هیوای هەموو کوردستان لەسەر پردێ بوو کە پێشمەرگە وەک هێزی رۆژی تەنگانە و رۆژە سەختەکان، گەل و نیشتمان و پایتەختەکەی لە داگیرکەران بپارێزێت.�سوپای کوردستان و سوپای داگیرکەران ئاوقای یەکتر بوون و بە توندی بەگژ یەکدا چوون. گرمەی تۆپ و شریقەی گوللە و بڵێسەی ئاگر و دووکەڵی بارووت و تۆزی هاوەن و زڕەی زنجیری تانكی دوژمن، ئاسمانی پردێ و ناوچەکەی داگرتبوو. پێشمەرگە وەک چیاکان چەقیبوون و وەک داربەڕووەکان خۆیان داکوتابوو و سینگیان ببووە قەڵغانی پاراستنی نیشتمان و بەها بەرزەکانی. سەرەنجام بە هەموو ئەو ناهاوسەنگییەی کە لە رووی سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسییەوە لە نێوان بەرەی وڵاتپارێزانی کورد و دوژمنانی داگیرکەر و خاکفرۆشان لە ئارادا بوو؛ پاش زیاترلە ٨ کاتژمێر شەڕی بێ پسانەوە و بەردەوام و(٢) دوو کاتژمێریش شەڕی پچڕ پچڕ ، دوژمن نەک هەر نەیتوانی بەرەو ئامانجە دیاریکراوەکەی پێشڕەوی بکات، بەڵکوو تێکشکا و هەموو ئەو غروور و لەخۆباییبوونەی بە هۆی پشتیوانیی دەرەکی وخیانەتەکەی تاقمەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کەڵەکەی سەر لەش و رۆحیان ببوو، پووکایەوە. �بەو حاڵەشەوە گرینگی و جێگای نەبەردی پردێ تەنیا بەو دیمەن و رەهەندانەوە شرۆڤە ناکرێت. هەر جەنگ و نەبەردێک بە ئاکام و کارییگەرییە سیاسی و سەربازییەکانی و دەسکەوت و دۆڕانەکانییەوە هەڵدەسەنگێندرێت. نەبەردی "پردێ"، هاوکێشە ئاراییەکانی نێوان ١٦ تا ٢٠ی ئۆکتۆبەری گۆڕی و هەموو ئەوانەی دەست و رۆڵیان لەو پیلانگری و لەشکرکێشیەدا هەبوو و ئەوانەش کە چاوەڕێی ئاکامی ئەو هێرشانە و بەلادا کەوتنی تەوازنی هێز بوون، لە ئێوارەی ئەو رۆژەدا بە حیساباتی خۆیاندا چوونەوە.�نەبەردی پردێ، نەبەردی پاراستن و مانەوەی هەولێر و حوکمڕانیی کوردستان بوو. راسان لە ڕووی پیلانی دەرەکی و خەیانەت و نیشتمانفرۆشی و نائۆمێدی بوو. هەڵمەتی نیشتمانپەروەران و دەرکەوتن و درەوشانەوەی سەربەرزانەی هێز و لایەنی دڵسۆز بە گەل و خاکی کوردستان بوو. هەروەها بەهێزبوونی زیاتری سیاسی و سەربازی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان بوو. ئەو نەبەردە مێژووییە هەر لە ئاستی شان و شکۆی بەرزی پێشمەرگە دەوەشایەوە و پووچەڵکردنەوەی پیلانی هاوبەشی داگیرکەران بوو. هەر لەو کاتەشدا مایەپووچکردنی خاکفرۆشانی بەرەی خەیانەت بوو. �حەماسەی پڕ لە شانازیی پردێ، لە نەبەردەکانی سحێلا و مەحموودییە و زمار و تلسقۆف و مەخموور دووپات بوونەوە و ئێستا هەموو بەرەکانی بەرگری لە کوردستان، پردێ و سحێلا و مەحموودییە و تلسقۆف و زومار و مەخموورن.�لە یادی ئەو حەماسە مێژووییەدا کە بە خوێنی پۆلێک لە رۆڵەکانی نیشتمان تۆمار کرا، هەزاران سڵاو پێشکەشی شەهیدانی ئەو نەبەردە دەکەین و سەری رێز لە بەرانبەر شکۆ و گەورەییاندا دادەنەوێنین. سڵاوی ئەمەک و وەفاداری پێشکەشی ئەو فەرماندە و پێشمەرگانە دەکەین کە ئامادە بوون بمرن بەڵام، شکۆی نەتەوە ونیشتمانەکەیان پارێزراو بێت.
ئێمەش زۆر سەربەرزین بەوەی کە پلانداڕێژی ئەو بەرگرییە بووین و تێیدا سەرکەوتین و ئەو نەبەردە بوو بە بەشێك لە نەبەردە درەوشاوە پڕ شانازییەکانی کوردستان بۆ هەتا هەتا.
دکتۆر کەمال کەرکوکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی
کەرکووك - گەرمیان
٢٠-١٠-٢٠٢٠