پێکەوەژیان وئاشتەوایی

پێکەوەژیان وئاشتەوایی

کوردستان ھەمیشە لانەی پێکەوەژیان و لێبوردەیی و ئاشتەوایی بووە، بۆ ھەموو پێکھاتەکان گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و چارەنووسی ھەرێمی کوردستان سەختی گوزەرانی خەڵک پێویستی بە گیانی پێکەوەیی و یەک گوتاریی وھەستی بەرپرسیارێتی حکومەت ولایەنە سیاسییەکان ھەیە، کاتێک ئێمە لە بارەی دیموکراسییەوە قسە دەکەین دەبێت بزانین دیموکراسی رێککەوتنێکی دامەزراوەییە لە نێوان جیاوازییەکان و لە پێناوی ھاندان و برەوپێدان و خولقاندنی فرەڕایی لە کۆمەڵگەدا، بۆیە گرنگترین شت بۆ ئەم چەمکە لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا ئەوەیە ئاڵۆزی گرژییەکانی کەم بکات و فەرھەنگی توندوتیژی بەلاوە بنێت، ھەر میللەتێکیش بە شێوەیەک و لە سەر بنەمایەکی ئەخلاقی و شارستانی ھەنگاوی بۆ ھەڵدەگرێت و فێرکاری بۆ نەھێشتنی توندوتیژی دەکات واتە ھەموو نەتەوەیەک سەیری رابردووی دەکات و روانگەیەکی بۆ ئێستا و داھاتوویشی ھەیە، ئەو کێشە و ناکۆکیانەی لە ماوەی ڕابردوودا لە کوردستان ڕوویاندا ھەمووان لێی بەرپرسن وھەمووانیش لێی زەرەرمەند بوون لە پێشیاندا خەلکی ماندووی کوردستان مادام کەس بێ ھەڵە نەژیاوە، کەواتە ھەر کەسە و بە قەد پێگەی خۆیشی باری بەرپرسیاریەتێی لەسەر شانە و پێویستە پەند لە ھەڵەی ڕابردوو وەربگیرێ و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان بە وزە و توانایەکی نوێوە جارێکی دی لە سەر بنەمای متمانەی سیاسی و میساقی شەرەف و پێکھاتەی تازە دابڕێژرێنەوە، پرسی دوورەپەرێزی لە توندوتیژێ و ئاشتی میللی و لێبوردەیی دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام تاوتوێ بکرێ، توندوتیژێ وەک میراتی کەلتووری و نەریتی و کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری لە مێژوویی زۆربەی نەتەوەکان ماوەتەوە.
دەبێت ھاوسەنگی و فرەیی و پێکەوە ھەڵکردن بێت پێکەوەژیانی جیاوازەکان نەبووەتە بەشێک لە کەلتووری رۆشنبیری بە گشتی و کەلتووری سیاسی بە تایبەتی، بۆیە زۆرجار نەک ھەر سیاسی و رۆشنبیرەکان خۆیان بەڵکو جەماوەری خەڵکیش بەسەیر دەڕواننە ئەوەی ئەگەر کەسانی جیاواز لەبیروڕاو بۆچووندا پێکەوە بن یان تەنانەت پێکەوەکۆببنەوە دەبێتە جێی سەرسوڕمان، بیروبۆچوونە جیاوازەکان گرنگترو پڕ بایەخترەو سەرچاوەی ھێزی زیاترە لە پێکەوەکارکردنی ھاوشێوەکان. ئەمە بێجگە لەوەی کە لە رووی دیالکتیکی سروشتەوە پەیوەندی و ناکۆکی و ململانێی نێوان جیاوازەکان و تەنانەت دژەکان ئەگەر بە شێوەیەکی سروشتی بێت دەبێتە سەرچاوەی جوڵەو داھێنان ، لەسەر ئاستی مرۆییش ئەو ھاوسەنگی و سەقامگیرییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و دەروونییەیە کە مرۆڤەکان بە گشتی پێویستیانە بۆ ئەوەی لە بارێکی ئاسایدا بژین ئاشتەوایی نیشتمانی بریتییە لە سازانێکی نیشتمانی بە مەبەستی نزیککردنەوەی دید و بۆچوونەکان و نەھێشتنی کەلێن و ناکۆکی لەنێوان لایەنە ناکۆک و دژبەیەکەکان. واتە بازدانێکە بەسەر بەربەست و گرفتەکانی رابردوودا و روانینێکی گەشبینانەیە بۆ داھاتووبە یەکێک لە قۆناغەکانی دادپەروەریی گوازراوە دادەنرێ و ئامرازێکە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتیانە و دۆستانەی ناکۆکی و ململانێکان لەنێوان لایەنە ناکۆکە ناوخۆییەکاندا. ھەربۆیە، پێویستە کار بۆ سەروەری یاسا پێکەوە کارکردن بە مەبەستی بیناکردن و بەرھەمھێنانی عەقڵی یەکتر قبوڵکردن و لەسەر ئەو بنەمایەش دامەزراندنی جۆرە سیستێمێکی حوکمڕانی کە باشترین نموونەی مومکین بێت وداھاتویەکی گەش بۆ نەوەکانمان ئایندەی کوردستان دیاری بکەین.
Top