ئەو رێنماییانەی دەبێت لە تەمەنێکی بچووکەوە بە منداڵ بدرێن

ئەو رێنماییانەی دەبێت لە تەمەنێکی بچووکەوە بە منداڵ بدرێن

من کە پزیشکێکی پسپۆڕی دادوەریم ڕۆژانە لەناو جێگای کارم تەنیا کێشەی کۆمەڵایەتی دەبینم، کێشەکانیش ھەندێک جار لەسەر شتێکی بێ مانا دەست پێدەکات و بە کارەساتی گەورە کۆتایی دێت.
رۆژانە منداڵان تووشی گرفت دەبن، من زۆر چاک دەزانم منداڵی منیش لەناو ئەو کۆماڵگایەی تێیدا دەژین شتی لێ فێر دەبن، بۆیە دەبێ ھەوڵ بدەین لە منداڵەکانمان دەست پێ بکەین بۆ گۆڕانی بنەڕەتی.
منداڵانی ئێمەش ھیچیان لە مندالانی وڵاتانی دیکە کەمتر نییە تاوەکو منداڵێکی ھۆشیار و تەندروست بێت. ئەو بابەتە پلانێکی جوانی دەویًَ لە وەزارەتی پەروەردەوە بە دانانی لیژنەیەکی زانستی.
کە ئافرەتێک دەکوژرێت لەسەر پەردەی کچێنی ناوی لێدەنێن شەرەف، دەکرێت ئافرەتەکە ھیچی نەبێت و بێ تاوان بێت، کەواتە لێرە کەمتەرخەمی ھەیە لە پەروەردە و نەبوونی زانیاری، یان ئافرەتێک جیابێتەوە لە مێردەکەی لەسەر کێشەی پەردەی کچێنی کەواتە ھەمان شێوە زانیاری و ھۆشیاری نییە لەم بوارە و کەمتەرخەمی ھەیە لە بواری پەروەردەو خیزان.
چی دەبێت ئەگەر لە قوتابخانە لە بنەڕەتەوە لە کتێبی خوێندن بەشێوەیەکی سنوورداری زانستی ھۆشیاری بدرێتە منداڵ و فێری بکرێت لەلایەن مامۆستاو خیزان!
لە زۆر خەڵک گوێم لێبووە دەڵێن نەکەن باسی ئەو شتانە بکەن با منداڵ فێر نەبن! باشە راستە من لەگەڵ ئەوەم منداڵ نابێت ھەموو شت بزانیت بەڵام شتی لاوەکی و سەرەتایی زەرورە، بۆ نموونە منداڵ فێری ئەمانەی خوارەوە بکرێت:
-ئەگەر یەکێک لەدەرەوە شتێکی دا تۆ بیخۆی وەریمەگرە، لەم حالەتە منداڵ دەپارێزی لە بێھۆشکردن و دەست درێژی سێکسی کە ئەوە لەناو ریکخراوە نێودەوڵەتییەکان کراوەتە کورتە ڤیدیۆ بۆ فێرکردنی منداڵان.
- پێی بڵێ بە منداڵەکەت ئەگەر یەکێک لەدەروە دەستی دانا سەر جەستەت قبوڵی مەکە ھاوار بکە خەڵک بانگ بکە. بەو شێوە منداڵەکەت فیری ئەوە دەکەی کە جەستەی خۆی تایبەتە بەخۆی و کەس بۆی نییە دەستی لێبدات.
-بە مندالەکەت بڵێ مەڕۆ باوەشی خەڵک و ماچ مەدە بە کەسی بێگانە، بەم جۆرە فێرە سنووری دەکەی لە رەفتار.
ئەوانەی باسم کرد ھەمووی کراوەتە کورتە ڤیدیۆ لە وڵاتان و منداڵانی پێ ھۆشیار دەکەنەوە.
ئینجا کە گەورەتر دەبن منداڵەکان ئامۆژگارییەکان گەورەتر بکەین بەتایبەت بۆ ھەرزەکاران کە پێشی بگەنە تەمەنی ھەرزەکاری ئامادەکارییان بۆ بکرێت کە تێبگەن لە گۆرانکاریەکانی جەستەی خۆیان تووشی شەرم وھەڵە نەبن.
ئەوانەی خوارەوە دوو سێ دانە نموونەیە لە کۆی سەدەھا پرسیار کە لە قوتابخانەکانی ئوسترالیا فێرە منداڵان دەکرێت.
-بۆ کچ:
سووڕی مانگانە چییە و چۆن ئاگای لەخۆی دەبێت؟
لێرە کچەکە خۆی دەپارێزێ لەوەی نەزانێ و دەستکاری خۆی بکات. من زۆر نامەم بۆ ھاتووە کچەکە دەڵێ نەمدەزانی ئەو خوێنە چییە کە جاری یەکەم کەوتمە سووڕی مانگانە منیش دەستکاری خۆمم کرد کەواتە کەمتەرخەمی ھەیە لە پەروەردە.
- ئافرەت بێ پیاو ناتوانێت دووگیان بێت
لێرە فێری دەکەی کە نەھێڵی پیاو دەستکاری بکات چونکە دەبێتە ھەڵە و کێشەی گەورەی لێ دروست دەبی.
-بۆ کوڕ ھەمان شێوە پلانێکی جوان دابنریت کە گۆڕانکارییەکانی بۆ باس بکرێت ولە کاتی ھەرزەکاری چۆن لەش دەگۆرێت و چی بەسەر دێت و چۆن پارێزگاری خۆی دەکات.
جگە لەوانەی سەرەوە دەتوانین ئێمە لە کۆمەڵگای خۆمان باسی جۆرەکانی پەردەی کچێنی و کێشەکان بکەین بەتایبەتی پێش ھاوسەرگیری بۆ ئەوەی ھاوسەری نوێ فێر بن و کێشە دروست نەبیت.
پرسیار و وەڵامی زۆر زۆریان دروست کردووە، ئەو قوتابخانانەی ئوسترالیا کە زۆر جوان باسی ھۆشیاری دەکات بۆ منداڵ ئیمەش دەتوانین لیژنەیەک پێک بێنین لە دەروونناس و پزیشکی دادوەر و پزیشکی دەروونی و مامۆستایانی ئایینی ومامۆستایانی بە ئەزموون بۆ دانانی پلانێکی زۆر جوان بۆ ھۆشیارکردنەوەی نەوەی داھاتوومان وەک وتم پلانیکی زانستی سنووردار کە لەگەڵ کۆمەڵگا بگونجێت.
Top