كاروانێكی بەردەوام, قوتابخانەی كوردایەتی و كۆڵنەدان ..
October 14, 2020
وتار و بیروڕا
پارتی وەك داربەرووییە و خۆراگری بەرامبەر سەختی و دژوارییەكان وەك بەشێك لە بەرگری نێو دەروون و ئەرك وبەرپرسیاریەتی لێهاتووە و قوتابخانەیەكی بیرو هزری كوردپەروەری و نەتەوەپەروەرییە كە ڕەگی لەناو جەماوەری كوردستاندا داكوتاوە و لە هەناوی كۆمەڵگەی گەلێكی ستەملێكراو وخاك و ماف داگیركراو هەڵقوڵاوە و، لەسەر رێبازی بارزانیی نەمر كە قوتابخانە و رێبازی راستەقینەی كوردایەتییە، بەرگری لە مافە رەواكانی گەلی ستەمدیدەی كورد وكوردستان دەكات.
پارتی، هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بە رێبەرایەتیی بارزانیی نەمر، ستراتیژ و ئامانجی بەدەسهێنانی مافی سەربەخۆیی كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بووە، واتا لە بنەڕەتدا هەر بۆ ئەو ئامانجە دامەزراوە و خەباتیشی لەو پێناوەدا بووە؛ شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و گوڵانی پێشكەوتنخواز وەك دوو مەزنترین و كاریگەرترین شۆڕشی مافخوازانەی نەتەوەی كورد، ئەو ئامانج و پێناوەی پارتی روونتر و جەختتر دەكاتەوە. پارتی، حزبی بارزانیی نەمرە؛ ئەو بارزانییەی هەموو ژیان و تەمەنی خۆی بۆ بەریگریكردن و مانەوەی نەتەوەكەی بە زیندوویی و گەیاندنی بە ئازادی و سەربەخۆیی تەرخانكرد و، لەو پێناوەشدا بە دەیان داستان و سەروەریی موعجیزەئاسای تۆماركرد؛ ئەمڕۆش سەرۆك بارزانی لە ژێر رۆشنایی فەلسەفەی بارزانیی نەمر و لەسەر ئەو رێبازە پیرۆزە، درێژە بەو كاروانە دەدات.
ئەگەر هەڵوەستەیەكی وردبینانە لە سەر پارتی دیموكراتی كوردستان وەك قوتابخانەی كوردایەتی بكەین نەك چوار چێوەی حزبێك ، ئەوا دەبینین كە چ لە سەر ئاستی نێوخۆیی كوردستان و عێراق و ناوچەكە ، ئەوا چەندین حزبی هاوتەمەنی پارتی دامەزران و كار و خەباتی سیاسیان كرد، بەڵام پرسیار ئەوەیە كە ئێستا لە كوێن و چییان بەسەرهات ؟. بەدڵنییاییەوە ئێستا لە گۆڕەپانەكەدا نەماون؛ یان هەڵوەشاونەتەوە و كۆتاییان پێهاتووە، یانیش ئەوەندە لاواز و بچووك بوونەتەوە كە هیچ كاریگەریان لە هیچ روویەكەوە نەماوە؛ چەندین حزب بە ئامانجی گەیشتنەوە بە پارتی و مل بەلە لەگەڵیدا، بە رێی خوار و خێچ و توولەرییاندا ملیان نا، بەڵام ئایا چییان لێهات؟ دەبینین چۆن پەرتەوازە و سەرلێشێواو و مایەپووچ دەرچوون، كەچی پارتی رۆژ بەڕۆژ و ساڵ بە ساڵ هەر لە گەشەكردن و بەهێزبووندایە.
لەلایەكی ترەوە ،یەكێكی تر لە هۆكاری سەركەوتنی پارتی و بەرەوپێشچوونی، ئەوەیە كە حزبێكی واقیعبینە؛ واتا پارتی حزبێكی كردەیی و واقیعبینانە مامەڵە لەگەڵ قۆناخ و رووداو و گۆڕانكارییەكاندا دەكات، نەك بە درووشمی خەیاڵی و باق و بریق و فریودەرانە. دوێنێ پارتی بەپێی قۆناخ و هەلومەرجەكە، درووشمی دیموكراتی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ كوردستانی بەرزكردبووەوە، ئەمڕۆش فیدڕاڵی و كۆنفیدڕاڵی و دواتریش سەربەخۆیی و وێڕای چەندین پێشكەوتنی گرنگ و ستراتیژی لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی و ئابووری و ئاوەدانی، ئەوەبوو بە سەركردایەتی پارتی و بە رابەرایەتی هێژا سەرۆك بارزانی، كورد هەنگاوێكی گەورە و پیرۆز و مێژوویی هەڵگرت كە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بوو؛ ئەوەی زیاتریش ئەو پڕۆسە مێژوویی و چارەنووسسازەی گرنگتر و بایەخدارتر كرد، ئەمەش نیشانە و بەڵگەی زیندووی ئامانجی راستگۆیانەی پارتییە و سەلمێنەری ئەو راستییەیە كە پارتی نوێنەرایەتی راستەقینەی خەڵكی كوردستان دەكات بۆ بەدیهێنانی هەموو ئاوات و ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەییەكانی كوردستان.