ستراتیژی رژد و نەگۆرٍ بۆ بەدەسهێنانی مافەرەوا دەستوورییەكان له بهغداد..
October 10, 2020
وتار و بیروڕا
دەوڵەتی عێراق لە لەكاتی دروستكردنییەوە تا بە ئێستا پرسی كوردی بە ئاگرو ئاسن و گەمارۆدان داوەتەوە ،بۆیە ئەم كێشانە لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغداد هەبووە، بەڵام تا ئێستا سەرۆكایەتیی كوردستان ڕۆڵی گرنگیان بینیوە بۆ نەهێشتنی مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان، بۆیە، بە هەوڵی دەرەكی و هاوكاریی هێزی ناوخۆیی چەند جار هەوڵ دراوە بۆ تێكدانی قەوارەی هەرێمی كوردستان كە لە دوای ڕیفراندۆم بە چاوی خۆمان هەموویمان بینی و ڕووداوەكانی دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی سەلمێنەری ئەو هەوڵانە بوون.
ئاشكرایە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا كە هۆكارەكەی هاتنی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت بوو، كە وایكرد قەیرانێكی ئابووری لە هەموو جیهاندا سەرهەڵ بدات، بیگومان هەرێمی كوردستانیش بێبەش نەبوو لەو قەیرانە، بەڵام لەپاش ئەو قەیرانەی لە جیهاندا سەری هەڵدا، دەسەڵاتدارانی بەغداس وەك ساڵانی رابردوو ئەو رەوشەیان قۆستەوە و جارێكی تر هەوڵی سزای گەلی كورد و هەرێمی كوردستانی دا. هەروەها لایی هەمووان روونە كە بۆ وەك مووچە تەنها ئەمساڵ مووچەیەكی نیوەناچڵی نارد كە چارەكێكی ئەو پارەیە نەبوو كە لە ڕابردوودا دەینارد، بۆیە ئەمەش وای كرد گرفتە ئابوورییەكان زیاتر بن و خەڵكی كوردستانی تەواو ماندوو كرد و بیبزارییەكی زۆری خستە بازاڕەوە و هەژاریی زیاد كرد و وای لێ هات هەرێمی كوردستان هەموو خەمێكی بوو بەوەی چۆن مووچەی مووچەخۆران دابین بكات.
هەوڵەكان لە ماوەی رابردوو لە لایەن سەركردایەتیی سیاسیی كورد و خودی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و رێزدار نێچیرڤان بارزانی كە لە هەوڵ و پەیوەندیی بەردەوامدا بوون لەگەڵ حكوومەتی ناوەند و هەوڵی تەداخولی وڵاتانی وەك ئەمەریكا و فەرەنسا بۆ فشاركردنە سەر حكوومەتی ناوەند بۆ ئەوەی كە شەوی ڕابردوو بریار درا 320 ملیار دینار بنێرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەو داهاتەی هەیە بتوانن مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكەن، بە دڵنیاییەوە هەر بڕە پارەیەك كە دێتە هەرێمی كوردستانەوە بووژانەوەی ئابووری و بازاڕی پێ دروست دەبێ، چونكە ئەو بڕە پارەیە ناچێتە گیرفانەوە، بەڵكو دەچێتە بازاڕەوە و مامەڵەی پێوە دەكرێت و بازرگان و خەڵكی كاسب سوودمەند دەبن، بۆیە ئەم قەیرانە كۆتاییی پێ دێت و لە ڕووی دەروونییشەوە خەڵك ئاسوودە دەبن.
ئەو كێشانەی دوێنی و ئەمرۆ بەغدا لە دژی گەلی كورد وەك كارتی گوشار بەكاریان دێنێت ، مووچە و بودجەیە بەداخەوە سەرجەم قەیرانەكان كەڵەكە بوون و هەر لە سالی 2014وە تا كابینەی نوێی حكوومەتی ئێستا كۆمەڵێ شتی سروشتی و ناسروشتی دروست بوون، بەشێك لە قەیرانەكان سروشتی و بەشێكیان سیاسی و بەشێكیان ئابووری و كۆمەڵایەتین كە دۆخەكەیان گەیاندە دۆخێكی مەترسیدار كە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان گرژی و ئاڵۆزییەك هەیە كە موزایەدە و ململانێی سیاسی گەیشتووەتە ئاستیكی مەترسیدار، بەڵام ئەوەی جێگەی ئومێد و دڵخۆشییە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەند گەییشتوونەتە قۆناغێك كە قۆناغی ڕێككەوتنە، ئەمەش بەشێك لە قەیرانەكان چارەسەر دەكات كە قەیرانی داراییە، چونكە ئەو قەیرانەی پەیدا بووە وابەستەیە بە كێشەی ئابووری و داراییی خەڵكەوە، چونكە دابینكردنی مووچە بەشێكی زۆری كێشەكان چارەسەر دەكات، تەنانەت كێشە سیاسییەكانیش دەڕەوێنێتەوە و چاوی ئومێدی خەڵك لەسەر ئەوەیە ئەم كابینەیە گرژییەكان كۆتایی پێ بهێنێت و ئەم ململانێ دوورودرێژەی هەیە لەگەڵ حكوومەتی عێراق كۆتایی پی بێنێت و بگاتە ڕێككەوتنی كۆتایی. بەدڵنیایی جێگەی دڵخۆشی دەبێت و هەموو خەڵكی كوردستان چاوی لەسەر ئەوەیە تا چەند ئەو ڕێككەوتنە بەردەوام دەبێت و جێبەجێ دەكرێت