پەروەردەی ھاووڵاتیبوون بەردی بناغەی دروستکردنی نیشتیمانە

پەروەردەی ھاووڵاتیبوون بەردی بناغەی دروستکردنی نیشتیمانە

ئەگەر بەوردی سەیری وڵاتانی پێشکەوتوو بکەین دەبینین بەشێوەیەکی زۆر ناوازەو زیرەکانە ھەر لە قوتابخانە سەرەتاییەکانەوە بابەتی ھاووڵاتیبوون و پەروەردەی نیشتیمانی یەکێکە لە وانەو مەنھەجە گرنگەکانی خوێندن. بەلای ئەوانەوە وڵاتێکی بەھێز لەدەستپێکدا دەبێ توانایی و باوەڕی فیکری بەھێزی لەدواوە بێ کە لەبنەماوە لەسەر تێگەیشتن لە بەھاکانی ھاوڵاتیبوون ودڵسۆزبوون بۆ خاک و چارەنووسی وڵات بونیادکرابێ . پێگەکانی ھێز لەسیاسەت و ئابووری و ئاسایش وحوکمڕانی و ھەموو جومگەکانی تری سەرخستنی وڵات ونەتەوە وئاڵا و دروشمەکان لە لای ئەوانەوە لە قوتابخانەکانەوە خۆیان دەنوێنن لە وانەیەک کە خۆی لە چەند ناوێکی وەک (پەروەردەی نیشتیمانی ) یان (ھاوڵاتیبوون) یا ھەر ناوێکی تر بێ .
لەزۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان جگە لەوانەی مێژوو، لەقۆناخەکانی ناوەندی دەستووری وڵات و ماف وئەرکەکانی ھاوڵاتیبوون کراون بە یەکێ لە وانە سەرەکییەکانی خوێندن. لە وڵاتێکی وەکو یابان وانەی پەروەردەی ھاوڵاتیبوون لە قۆناخی خوێندنی ناوەندێ ھێندە جوان داڕێژراوە بەشێوەیەک کە تێکەڵێکی زیرەکانەی نێوان داب و نەریت و مافەکانی ھاوڵاتیبوون لەیەکێ لەوانەکان ھاتووە باس لەوە دەکات (وەک چۆن دەبێ لەبەردەم دەرگای ماڵەوە پێڵاوەکەت لەپێ بکەیتەوە، ھاوڵاتیبوونیشت ئاوا بەحورمەتەوە جێبەجێ دەکەیت بۆ بونیادی وڵاتێکی خاوێن !)
کەواتە، وانەی ھاوڵاتیبوون ئەگەر بمانەوێ ڕێچکەی ئەو وڵاتە مەزنانە بکەین ،سەرەتا دەبێ تێبگەین ئەمە وانەی بەھێزکرنی تاک و کۆمەڵگایە ، چەسپاندنی گیانی خزمەتکردن و بەرفراوانکردنی باوەڕی پێکەوە ژیان و گرنگیدانە بە ھەموو بنەماکانی تری بونیادکردن ، لەخێزانەوە تا کۆمەڵگا و دواتر تا شەقام و دام ودەزگاکان و پێگەو بوونی حکومەتیشەوە.
وانەی ھاوڵاتیبوون بەداخەوە کە تا ئێستا پێم وایە تاڕادەیەک لە ھەرێمی کوردستان دڵەڕاوکێیەک ھەیە لە ئەنجامی ئاوێتە نەبوون یا لاوازیی باوەڕی دەسەڵات وحیزبەکان لە ھەرێمی کوردستان، بڕواتان بێ وەک گەوھەرێکی درەوشاوەی زەق وایە کە بەداخەوە نایبینین !
ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی مێژوویی پڕ سەروەری سەربەرزییە ئەمڕۆ لە مێژووی جیھانیی نەتەوە شۆڕشگێرەکاندا، کەچی تا ئێستاش لامان وایە لە شەڕ و بۆنە نەتەوەییەکاندا بەچەند درووشمێکی ئەم حیزب و ئەو حیزب ئەرکی خۆمان گەیاندووە بەرانبەر بە وێناکردنی ھاوڵاتیبوون ھاونیشتیمانیبوونی ھەموو پێکھاتەکانی ئەم ھەرێمە !
ھەمووشمان دەزانین کە ئەمە ڕاست نییە و تا ئێستاش میللەتێکی پەرتەوازەین و نەک تەنیا خۆمان، بگرە سەرمان لە ھاوپەیمان ودۆستەکانی خۆشمان شێواندووە .بەڵام ئەوەی زۆردڵخۆشکەرە ، ئەم میللەتە مەزنە ھێشتا نایەوێت قومار بە بەھا و باوەڕ پیرۆزەکانی بکات. بەڵێ ڕاستە بوین بە دوو یان سێ یان چوار بەرە، بەڵێ ھەموومان بێتاقەتین، بەڵێ بڕواش تا ڕادەیەک ڕەنگە شڵەژا بێ، بەڵام ھێشتا میللەت ترووسکاییە ئومێدکی ماوە، بۆیە ئێستاش درەنگ نییە.
حکومەت و حیزبەکان دەبێ لە پێناو خەبات و قوربانی و مێژووی خەباتیان زۆر بەجیددی بیر لەمە بکەنەوە کە ئەم شۆڕشە ھێشتا بەردەوامە و بۆ مسۆگەرترکردنی سەرکەوتنی خۆتان و میللەت، دەبێ لە قۆناخەکانی سەرەتاییەوە ڕاھێنان بەھەموومان بکرێتەوە . نموونەیەکتان بۆ دێنمەوە کە سەنگی مەحەکی ئەم ھاوکێشەیەی گرنگیی ھەستکردن بە ھاوڵاتیبون و ئینتیمایە ، لە دەستپێکی نەوەدەکان تازە حکومەتی ھەرێم دامەزرابوو ، لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ھەموو جۆرە مووچەو ھاوکاریەک بڕێندرابوو ، مووچە نەبوو ، گرانی بوو ، کەچی ھەرچی فەرمانبەر بوو لەکوردستان چەندین مانگ بێ مووچە بەوپەڕی باواڕ و سەرگەرمیەوە بڕیاری دابوو دەوام بکات.
ئا ئەمە ئەو وانەیە یە کە دەبێ لای میللەت و لە منداڵەکانمانەوە فێربکرێینەوە، نەک تەنیا لەقوتابخانەکان، بگرە لە ھەموو بۆنە و ھەموو ئۆرگان و سەرچاوەکانەوە دەبێ دەستپێبکرێتەوە وانەی ھاوڵاتیبوون تەنیا ماف نییە بەڵکو ئەرکیشە.
ئەمڕۆ کەحکومەت ھەوڵی شەڕێکی زۆر سەخت و ئاڵۆزی گەندەڵی دەدات کە بەداخەوە لق و پۆپەکانی زۆر ڕیشەیان کێشاوە ، دەبێ لەڕێگەی سۆنگەکانی خۆیەوە دەست بەوانە گوتنەوەی ھاوڵاتیبوون بکات. چونکە ئەم وانەیە نەک تەنیا ھەمووان دەگەڕێنێتەوە سەر ڕۆحیەتەکانی تەبایی و پێکەوە ژیان و خزمەتکردنی دڵسۆزانە داکۆکیکردن لە مافەکان، بگرە نەوەیەکی نوێی کوردی لێ دروستدەکرێت کە بەر لەوەی باس لە ماف بکات بە ئەرکەکانی خۆی دەزانێت.
Top