ئهو دهسكهوتانەی كه بهخوێن و خەباتی بێ وچان بەدیهاتوون شكۆ وسەربڵندیمانن..
October 3, 2020
وتار و بیروڕا
هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری متمانە پێكراو لە ماوەی سێ دەیەی رابردوو، هەنگاویی گەورەی دیموكراسیانە وئاشتیانەی بەرەو بەدەسهێنانی گشت مافەرەواكانی سەرٍەراییی دروستكردنی ئاستەنگ و كۆسپەكانی بەردەمی بەرەو پێشەوە ناوە.
ئەو قۆناغ و هەنگاوانە ، بە رٍاپەرینە شكۆمەندەكەی بەهاری 1991 و دواتر ، هەڵبژاردنی 1992 گەلی كورد و بەدەستهێنانی پەرلەمان وحكومەت وفیدراڵی و ئەزموونی حكومرانی بەرەو پێشەوە هەنگاویی ناوە ..
هەوڵە بەردەوامەكانی حكومەتی كوردستان لە رووی ئابووری، سیاسی و دیپلۆماسیی و هەنگاو بە هەنگاویی كابینە یەك لە دوای یەكەكان بە شاهیدی هەمووان ، ئەوا سیمای كوردستانی لە گوندێكی گەورە بەرەو كوردستانێكی پێشكەوتوو لە گشت بوارەكاندا ئارٍاستەكرد .
ئەوەش وایكرد، كە دراوسێیەكانی باشووری كوردستان سەرٍەرایی سوودمەندبوونیان و ئینجا عێراقێك كە گەلی كورد بونیاتنەری سیستەمی فیدراڵی ، دیموكراسی و نووسینەوەی دەستوور ، بەڵام دەسەڵاتدارانی بەغدا ، گوشارە سیاسی وئابوورییەكانیان لە سەر هەرێمی كوردستان بە برٍینی بەشە بودجە و مووچەی كوردستان رووی لە زیاتر بوون كرد بۆ لاوازكردنی پێگەی كوردستان ،بەڵام گەلی كورد و سەركردایەتییەكی ژێر دەستی و پاشكۆیی عێراقی قبوڵ نەكرد و ئەوەبوو بریاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە رۆژی 25/9/2017 دا .
بڕیاری ڕیفراندۆمی كوردستان دوای ئەوە هات، كە حكوومەتی بەغدا لە ساڵی 2014 بڕیاری بڕینی بودجەی كوردستانی دا، هاوكات هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی شەڕێكی گەورەی رێكخراوی تیرۆرستیی داعش بووەوە، كە بەهۆیەوە یەك ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەش روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، لەو كاتەدا عێراق ئامادەنەبوو خەرجی ئاوارەكانی خۆشی دابین بكات، بەردەوام هەڕەشەی ئەوەی دەكرد كە دەست بەسەر هەرێمی كوردستاندا دەگرێتەوە.
بۆیە، مێژوو گەواهیدەری ئەو راستییەیە كە بڕیاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم كەسی نەبوو و بڕیارێكی هەمەلایەنە بوو، 92.7%ی خەڵكی كوردستان بە بەڵێ دەنگیان دا و پڕۆژەكە سەركەوتوو بوو، بڕوام وایە داهاتووی گەلی كوردستانی پاراست، ڕاستە هەندێك بەربەست لە قۆناغی دوای ڕیفراندۆم هاتنە پێش، بەڵام ئیرادەی گەلی كوردی زیندوو كردەوە، داگیركردنی زیاتر لە نیوەی ناوچەكانی كوردستانیش كاتییە و ناتوانێ ناسنامەی ئەم ناوچانە بگۆڕێ و هیچ گۆڕانكارییەكی زۆرەملێی سەر دیمۆگرافیای كوردستان قبووڵ ناكەین، داهاتووی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لە ڕابردووی گەشتر دەبێ" ئەوە گوتەكانی سەرۆك بارزانی و ڕێبەڕی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانە كە لە چاوپێكەوتنێكی نیوزویك لە حەوتی تشرینی دووەمی ساڵێ 2017 ئەنجامی داوە.
ئەوانەی دژ بە هەرێمی كوردستان ڕادەوستن و نایانەوێت ببێت بە دەوڵەت، هەڵسووڕێنەری ئەجیندای دەرەكیین و هۆكاری ئەوەیە كە چۆنیەتی و ئالیەتی سیاسەتكردنیان و بەرژەوەندییەكانیان لەژێر كۆنترۆڵی خۆیاندا نامێنێت، بۆیە هەردەم دەیانەوێت هەرێمی كوردستان ژێردەسەتە و ملكەچی ئەو وڵاتە داگیركەرانە بێت.گەلی كورد شوناسی قەوارەی دەستووری هەرێمی خۆی چەسپاند لە باشووری كوردستان ئەوا بەشەكانی دیكەی كوردستانی گەوره بەهێزتر دەبن، ئەوانیش داوای سەربەخۆیی و جیابوونەوە دەكەن.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی گەلی كورد لە هەرێمی كوردستان ، یەكەمین هەنگاوی كردارەكیی شارستانیانە ودیموكراسیانە بوو، هەستی شانازیكردنی لای مرۆڤی كورد دروست كرد، هەستی نەتەوایەتیی پڕخرۆشتر كرد. بە درێژایی مێژوو گەلی كوردستان چەوسێنراوەتەوە هەمیشە بە زۆر پاشكۆكردنی سیاسەتەكانی ئەم ئەو كراوە، ڕیفراندۆم ئەو دیدگایەی گۆڕی، هێز و ورەی ئازادیی ڕادەربڕینی بەخشییە هەموان. هەموو ئەو هەنگاوانە هەنگاو بە هەنگاوە لە هەر لە بەدەسهێنانی حكومەت، پەرلەمان ، فیدراڵیزم ، سەرۆكایەتی هەرێمی و سەركەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و كوردستانێكی بەهێزتر و ئێستا بەڵێ بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی وەكو كارتێك و بەڵگەیەكی لە هەموو بارودۆخێكدا بە دەستی گەلی كوردستانەوە ،بۆیە، ئەوكات كە سەرۆك بارزانی، توانیی لەو هەموو فشارە گەورەی وڵاتانی زلهێز بەرگە بگرێت، ئەوە ئیرادەیەكی گەورەی دایە خەڵك و پڕۆسەكە بۆ دەرخستنی ئیرادەی خەڵكی كوردستان كە چی دەوێت بە شێوەیەكی دیموكراسیانە سەركەوت..