نەخۆشی پاقلە
October 1, 2020
وتار و بیروڕا
جۆرێکە لە نەخۆشی کەم خوێنی. نەخۆشییەکی بۆماوەییە، لە سەرانسەری جیھاندا دەبینرێت بەڵام بە تایبەتی لە باکووری ئەفریقیا و ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ووڵاتانی دەریای ناوەڕاست زۆرە. نزیکەی چوار سەد ملیۆن کەس لە سەرانسەری جیھاندا نەخۆشی پاقلەیان ھەیە، کوڕ زۆرتر لە کچان تووشی ئەو نەخۆشییە دێن. نەخۆشییەکە بەستراوە بە توخم، چەندەھا جۆری ھەیە. ھۆکاری دەروروبەر و ھۆکاری بۆماوەیی دەوریان ھەیە لە دەرکەوتنی نەخۆشییەکە. مەزەندە دەکرێت کە لە ھەر دوو ھەزار مندال یەکێکیان نەخۆشی پاقلەی ھەبێت، ئەو کەسەی نەخۆشی پاقلەی ھەیە دەتوانێت وەکو ھاوتەمەنێکی خۆی ژیانی ئاسایی خۆی بباتە سەر بەمەرجێک دەبێت خۆ دوور بگرێت لە خواردنی ڕووەکی پاقلە و ھەندێک دەرمان کەوا دەکات خڕۆکە سۆرەکان تێک بشکێنرێت، دەبێت ھەموو کات ئەوە بڵێت کە نەخۆشی پاقلەی ھەیە.
بۆ یەکەم جاریش پزیشکێک بەناوی((Dr.Ernest Beutler لە ساڵی( ١٩٥٣ز) توانی ئەو نەخۆشییە بدۆزیتەوە و باسی بکات. کەسی تووش بوو کاتێک ڕووەکی پاقلە(Fava Beans) دەخوات تووشی کەم خوێنی دەبێت، ئەمەش بەھۆی نەبوونی ئەنزیمێکی دیاریکراو لە خڕۆکە سۆرەکان، کە پێیدەووترێت:(ئەنزیمی – ٦ – فوسفێت دیھیدروجینیز،(Glucose – ٦ – Phosphate – Dehydrogenase Enzyme (G٦PD).
• نیشانەکان و درۆشم:
١- کەسی تووش بوو بەو نەخۆشییە زۆربەی کات ھیچ نیشانەیەکی نییە، نیشانەکان یەکسەر سەرھەڵ دەدات کاتێک کەسەکە ڕووەکی پاقلە بخوات یان دوای ماوەیەکی کورت لەوانەیە چەند خوولەکێک یان چەند سەعاتێکی کەم نیشانەکانی دەردەکەون.
٢- بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش (تا لێھاتن).
٣- زەرد ھەڵگەڕان و دەم و چاوی سپی پات دەبێت.
٤- سەر ئێشان.
٥- زیاد بوونی لێدانی دڵ و دڵە کووتە.
٦- زگ ئێشان لەگەل/ یان پشت ئێشان.
٧- لەوانەیە نیشانەی زەرتک (زەردوویی) لەسەر بەدیار کەوێت.
• پشکنینەکان:
١- پشکنینی میز بۆ زانینی ئەوەی خوێنی تێدایە.(Haemoglobinuria).
٢- پشکنینی تەواوی خوێن (FBC)، کە لە فیلمی خوێنی نەخۆشەکە نیشانەی تێکشکانی خڕۆکە سۆرەکان دەبینرێت و نەخۆشەکە کەم خوێن دەبێت.
٣- پشکنینی ڕێژەی خوێن دروست بوون(Reticulocyte count).
٤- ڕێژەی بیلڕوبین لە خوێن زیاد دەبێت (Indirect Bilirubin).
٥- پشکنینی چالاکی جگەر (LFT) ئاسایی دەبێت.
٦- سۆناری زگ بۆ زانینی ئایا نەخۆشەکە فاتە ڕەشەی ئەستوور بووە یان بەردی زەرداوی ھەیە.
• چارەسەرکردن:
١. لەبەرئەوەی نەخۆشییەکە بۆماوەییە، لەبەر ئەوە ھیچ چارەسەرێکی نییە تەنیا ئەوە نەبێت، کە دەبێت خۆمان لە ھۆکارەکانی بپارێزێت.
٢. دوورکەوتنەوە لە خواردنی پاقلە.
٣. نەچێتە ناو کێڵگەی کە پاقلەی تێدا دەچێنرێت.
٤. نەخواردنی ھەندێک دەرمان، وەک: دەرمانەکانی مەلاریا(Primaquine)، دەرمانی سەلفا، ئەسپرین، کینین(Quinine)، دەرمانە ژان لابەرەکان(NSAID)، کوینیدین(Quinidine)، نایترۆفیورانتۆین(Nitrofurantoin).