هەرێمی كوردستان متمانە و پێگەیەكی بەهێز لە ناوچەكە و جیهاندا ..
October 1, 2020
وتار و بیروڕا
ئاشكرایە، هەرێمی كوردستان لەپێش ساڵی 2003وە كە خاوەنی كیانی سەربەخۆیی خۆی بووە شوێنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی حكومەتی ئەوكاتی عیراق بوو، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس ، سەركردە سیاسیەكانی كورد ڕۆڵی كاریگەرییان هەبووە لە بنیادنانەوەی عیراقی نوێ، هەر ئەوەش وایكرد كە ئەو "كیانە سیاسیەی" هەرێمی كوردستان چوارچێوەیەكی یاسایی دەستوری پێبدرێت وە سەردانی شاندەكان بۆ بەغداد سەردانی هەرێمی كوردستان-یشی بەدوادابێت، بەتایبەت لەدوای ساڵی 2014وە پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ڕۆڵی گرنگی هەبوو لەشەڕی داعش و تێكشكاندنی ئەفسانەی داعش، وە لەخۆگرتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارە لەلایەن هەرێمەوە وای كرد كە تێكەڵێەكی زیاتر لەنێوان كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و هەرێمی كوردستان دروست ببێت، لەلایەكی ترەوە هەرێمی كوردستان لەڕووی وزەوە لەنەخشەی وزەی جیهانی كەم تا زۆر جێی خۆی بكاتەوە، ئەمەش وایكردووە كەهەرێمی كوردستان سەنگی خۆی لەناوچەكەدا هەبێت.
ئەگەر هەڵوەستەیەكی وردبینانە و دروست بۆ سەر پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەكانی هەولێر و بەغدا و شێوازی مامەڵەكردنیان بكەن ، دەبینرێت كە هیچ سەردان و كارێكی دیپلۆماسی بە بێ هەولێر تەواوكار نابێت ، زۆرێك لە سەركردە و وەزیرانی جیهان كاتێك سەردانی عێراق دەكەن بە بێ سەردانیكردنی هەرێمی كوردستان یانیش راوێژكردن لەگەڵ سەركردایەتی سیاسی كورد ئەرك و كارەكانیان تەواو نابێت .
هەرێمی كوردستان لەماوەی چەند ساڵی رابردوو، چ لە سەر ئاستی هەرێمی و چ لە سەر ئاستی نێو دەوڵەتی توانیوێتی دۆزی وپرسی كورد و ویستیەكانی بە دونیا وەك گەلێكی خاوەن ماف لە ناوچەكە و عێراق بە دونیایی دەرەوە بگەێنێت و ئیتر لەو چوارچێوەیەی رابردوو بهێنێتە دەرەوە كە داگیركەران سیمایەكی ناشیرین و نارێكیان لە گەلی كورد وەك تێكدەر و شەرٍخواز و هتد.. دروستكردبوو .
هەرێمی كوردستان یاریكەرێكی بەهێزە لەو گەمە سیاسیەی كە لەناوچەكەدا ئەنجام دەدرێت، جگەلەوەی هەولێر هەمیشە شوێنێك بووە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی عیراق وە ڕۆڵ و كەسایەتی سەرۆك مسعود بارزانی توانیوێتی ڕۆڵێكی بەرچاوی هەبێت لەچارەسەركردنی كێشەكان "یاخود ڕاگرتنی هاوكێشەكان.
چارەسەركردنی پرس ومافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان واتا سەقامگیری و ئاشتی لە عێراق و ناوچەكە ، هەر ئەوەشە وایكردووە ئەو وڵاتانە نایانەوێت ئاژاوە و ناسەقامگیری لەناوچەكە هەبێت چونكە بەڕاستی هەموو لایەك مەترسی ئەوەیان هەیە كە دووبارە ئەگەر "فەراغێك" یا ناكۆكیەك لەنێوان هەولێر و بەغداد دروست بێت ئەگەری هەیە ببێتە ڕێگاخۆشكەر بۆ سەرهەڵدانەوەی توندوتیژی داعش وە یاخود "غەیری داعش-یش" لەبەر ئەوە هەموو شاندەكان دڵخۆشی خۆیان دەربڕیووە بۆ بەرەوپێش بردنی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغداد.
ئەگەر هەڵوەستەیەكیش لە سەر سەردان و بانگهێشتە دیپلۆماسییەكانی بۆ هەولێر وبەغدا بكەین لە سەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان ، ئەوا بەردەوام پشتیوانی گەلی كورد دەكرێت و هانی دەسەڵاتدارانی بەغدا دەدرێت بۆ جێبەجێكردنی مافە دەستوورییەكان و چارەسەركردنی كێشە هەڵواستراوەكان كە ماوەی 15 ساڵەی متمانەی نێوان هەولێرو بەغدای زیادكردووە .