(٢٩)ی ئەیلول، ڕۆژی جیھانی دڵ

(٢٩)ی ئەیلول، ڕۆژی جیھانی دڵ

وەتێ، وەتێ نەخۆشی دڵ ھەبووە و ھەیە، ھەر بۆیە ساڵی چل و شەش ڕێکخراوی {کۆمەڵەی نێودەوڵەتی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ = International Sociaty of cardiology} وەکو ڕێکخراوێکی ناحکومی نێودەوڵەتی دامەزرا. وە یەک لە پڕۆگرامەکانی نەھێشتنی نەخۆشی دڵ بوو، کە: ئەو کات بە زۆری لە ووڵاتە دەوڵەمەندەکان ھەبوو، وە نەخۆشی دەوڵەمەندان بوو. دوایێ، لە ساڵی {حەفتا و ھەشتی}ی سەدەی ڕابردوو ڕێکخراوی فیدڕاڵی نێودەوڵەتی بۆ نەخۆشی دڵ {International Federation of cardiology} دامەزرا. ئەوە ھەتا ساڵی {نەوەت و ھەشت} کە ھەردووک ڕێکخراو لەو ساڵەدا یەکیان گرت و فیدڕاڵەتی نێودەوڵەتی دڵییان پێکھێنا{World Heart Federation}, کە: لە ساڵی {نەوەت و نۆ} جاڕدرا و ھەر لەو ساڵەدا سەرۆکی ئەو فیدڕالیەتە بیرۆکەی سازکردنی {ڕۆژی جیھانیی دڵ = World Heart Day} بۆ ھات، کە: ناوی ئەنتۆنیو بایس دی لۆپا} بوو. ھەر بۆیە: بڕیاردرا کە ساڵی دوو ھەزار یەکەم ڕۆژی جیھانیی دڵ بکرێت.
یەکەم یاد کردنەوەی ڕۆژی جیھانیی دڵ لە ژێر پەیامی {Let it beat} و گرنگی بە وەرزش دەدا، ھەر بۆیە: لەو ساڵەدا ئۆڵۆمپیادی سیدنی ھەبوو لە مانگی ئەیلول، بۆیە: دوا یەک شەممەی مانگی ئەیلول دیاری کرا بە ڕۆژی جیھانیی دڵ. وە ھەموو ساڵ دوا یەک شەممەی ئەیلول ئەو یادە دەکرایەوە و سەرەتا تەنیا گرنگی بە دوور بوون لە نەخۆشی دڵ دەدرا بەڵام لەو دواتر گرنگی بە تەندروست بوونی دڵ درا. ئەوە ھەتا ساڵی دوو ھەزار و یازدە بەردەوام بوو، لەو ساڵەدا بڕیاردرا کە: بیست و نۆی ئەیلول بچەسپێت وەکو ڕۆژی جیھانیی دڵ، وە لەو دوایی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی جیھانیی دڵ دیاری کرا.

* ڕۆژی جیھانیی دڵ لۆ ساڵی (٢٠٢٠ز)دا: ئەم ساڵ دەگەل ھاتن و بڵاو بوونەوەی دەرد و نەخۆشی (کۆرۆنا) یادی ڕۆژی جیھانیی دڵ دەکرێتەوە؛ لۆیە: پەیامەکەی ئەم ساڵ بریتیە لە (USE HEART TO BEAT CARDIOVASCULAR DISEASE)! واتە؛ دڵ کارا بکە لۆ ئەوەی لە نەخۆشییەکانی دڵ بەدوور بیت، وە ھەروەھا لە کاتێکی وەک ئێستا کە پەتا و دەردی کۆرۆنا ھەیە ساغ و تەندروست دەربچیت چونکە ئەم پەتا و دەردە لەو کەسانەی نەخۆشییەکانی دڵییان ھەیە تیرترە و زێدەتر سیرایەت دەکێشێت و ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە.
دڵ بەکارھێنان بە چەند ڕێگایەک دەبێت:

ا. تاک: لە سەر ئاستی تاکدا دەبێتە زەین و بیرت وا ڕابێنیت؛ کە: چۆن بتوانیت ژیانێکی تەندروست بژیت بەجۆرێک دڵت تەندروست بێت و دوور بێت لە نەخۆشییەکان. ئەمەش بە بەرزەفت کردنی ھەموو ئەو ھۆکارانەی؛ کە: دەبنە ھۆی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ...

ب. کۆمەڵگا: ھەر وەک تاکێکی تەندروستی کۆمەڵگا کاتێک ڕەفتار و خوو و ھەڵسوکەوت و جوولە و گوزەران و ژیانت گۆڕی لۆ ئەوەی دڵت تەندروست بێت؛ ئەوا: دەبێت کارا بیت لەوەی کە خۆشەویست و خزم و کەس و ھاوشاری و ھاووڵاتی کۆمەڵگاکەت بەرەو ژیانێکی تەندروست جلەوکێش بکەیت بەوەی ڕۆڵ ببینیت لە تەواو بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکانی دڵ و زیاتر تەندروست بوونی دڵ..

ج. دەسەڵات و حکومەت: ئەوە دەزانێت؛ کە: ئەگەر ھاتوو ھەنگاوە خۆپارێزییەکان لە نەخۆشی دڵ پیادە بکرێت؛ ئەوا: دەتوانین بەرەنگاری نەخۆشییەکانی دڵ ببینەوە بەمەش تێچوون و مەسروفی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەبێتەوە؛ وە خەڵک دەکەوێتە خۆشی و خۆشگوزەرانی. کاتێک میللەت دە ناو خۆشی و خۆشگوزەرانی دابوو؛ ئەو کات ھێمنی و ئاسایش و ئارامی لە کۆمەڵگادا بڵاوەی لێدەکات.
د. بەراوردکاری: لۆ ئەوەی بیرۆکەی خۆپارێزی و سەلامەت ڕاگرتنی دڵ پیادە بکرێت؛ دەبێت ھەموو ڕۆڵ ببینین کە: ئەوە ڕوون بکەینەوە کە ئەگەر نەخۆشی دڵت ھەبێت؛ ئەوا: لە ئەمڕۆدا ئەگەر تووشی کۆرۆنا بوویت ئەگەری مەترسیت زۆرتر دەبێت. وە ھەروەھا ئەوەش لۆ ئەوانەی تووشی (نەخۆشی دڵ) بوون ڕوون بکرێتەوە؛ کە: ئەگەر ھاتوو پیادەی ڕێکار و ڕەفتار و خووە خۆپارێزییەکانت کرد؛ ئەوا: لەو کەسە سەلامەتتر دەبیت کە ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی دڵ ھەیە بەڵام نایزانێت و ئەگەر تووشی کۆرۆناش بوویت؛ ئەوا: مادام ھەنگاوەکانی خۆپارێزی پیادە دەکەیت بە سەلامەتتر بەبەراورد بە خەڵکی دی لێی دەردەچیت.
Top