ھەندێک جار بەس سێوە گەییوەکان دەکەونە خوارێ

ھەندێک جار بەس سێوە گەییوەکان دەکەونە خوارێ


بەشی سێیەم⁄ دووەم


نەبوونی ئارەزووی سێکس کردن
Disorders of desire

* نەبوونی ئارەزووی سێکس کردن: لە ژیانی ژن و مێردیدا، حەز و ئارەزوو و مگێز لۆ سێکس کردن لە کاتێکەوە بۆ کاتێکیتر دەگۆڕێت! وە ھەروەھا ئاساییە، کە: ژن یان زەلامەکە؛ واتە یەک لەویتر زیاتر مگێزی لۆ سێکس کردن بچێت، بەو مانایە یەک لە ژن و لە مێردەکە ئارەزووی سێکس کردنیان کەمتر بێت. نەبوونی مگێز لۆ سێکس کردن ھەرچەند بە گرفتێکی ئەوتۆ دانانرێت بەڵام پێویستی بە ھەماھەنگی تەواوی نێوان ژن و مێردەکە ھەیە، وە پێویست دەکات بێ پەردە ھەردووک وێکڕا تاوتووی بابەتەکە بکەن، دەنا وا نەکەن جاری واھەیە گرفت و ئاریشەی کۆمەڵایەتی و خێزانی زۆریان لۆ دروست دەبێت! ئەوجا لە پەلار و قسە و قسەڵۆک گەڕێ جگە لەوەی کیھان ئارەزووی کەمە زۆر جار ھەست کردن بە تاوان و خۆ بەکەم زانینی لا دروست دەبێت، وە دوور نییە نەخۆشی دەروونیشی لێ بفامێتەوە.
ئەو ژنانەی، کە: ئارەزوویان لۆ سێکس کەمە یان ناچێت (Low Libido)؛ ئەوا: بە دەوام حەز بە سەرجێی ناکەن، وە ھەروەھا قۆناغەکانی سێکسیش درەنگ دەکەن! جاری ھەیە درەنگ گەرم دەبی، وە یان چێژ وەرناگرێت و ڕەحەت نابێت. ھەرچەندە ھەندێک لە ژنان دەگەل ئەوەی مگێز و ئارەزووی سێکس کردنیان کەمە بەڵام کە سێکس دەکەن، ئەوا: ئاسایی قۆناغەکانی سێکس کردن دەبڕن و چێژ وەردەگرن و ڕەحەت دەبن. دەبی ئەوەشمان لا ڕوون بێت، کە: نزیکەی نیوەی ئەوانەی شەکوا و ئاریشەیان دەربارەی سێکس کردن ھەیە، ئەوا: ئێکەم قسەیان ئەوەیە کە ئارەزووی سێکس کردنیان کەمە، وە زۆربەش پیاوان تووشی دێن.
تەندروستی جەستە و دەروونی کەسەکە و جوانی و بەرچاوی ھاوژینەکەی و بۆچوون و بیر کردنەوە و ھەست و سۆز ھەموو ڕۆڵیان دەبێت لەوەی کەسەکە مگێزی لۆ سێکس کردن بچێت. ئەوجا لەوانەیە، کە: نەبوونی ئارەزووی سێکس کردن دائیمی و بەردەوام بێت، وە یان کاتی بێت بەتایبەتی بە ھۆی گۆڕانێک لە شێوازی ژیان یان تەندروستی یان پەیوەندی کۆمەڵایەتی. لۆ نموونە: کاتێک ژن منداڵی دەبێت، ئەوا: بە ھۆی گۆڕانکارییەکان و بوون بە دایک لەوانەیە ئارەزووی سێکس کردن لای ئافرەتەکە کەم بکاتەوە، ھەتا دەگەل چوونی منداڵەکەش لۆ داینگە و بەخۆشی دەچێتەوە سەر کاری خۆی پەیوەندی دەگەل مێردەکەی ھەر ڕووە کۆمەڵایەتییەکە و سەر جێی نییە.
کەمی ئارەزووی سێکس کردن لەو ژنانەن ڕوو دەدات، کە: دەبینێت مێردەکەی ھیچ گرنگییەکی پێ نادات یان گوێگری نییە؛ ھەروەھا لەو ژنانەش ڕوو دەدات؛ کە: ھاوژینەکانیان لە ئیشوکاری ناوماڵ یارمەتییان نادەن، وە ھەروەھا لەو ژنانەش کە دەبینن مێردەکان ھیچ گرنگی بە ژنەکانیان و کرداری سێکس کردن لەگەل ژنەکەی نادات و مێردەکە لە قسەی خۆش و دیاری و پیاھەڵدان ڕەزیلی دەکات.
ھەندەک جار کەم بوون و نەبوونی ئارەزووی سێکس کردن بەھۆی نەخۆشییەوە تووشی کەسەکە دێت، لۆ نموونە: ئەوانەی نەخۆشی خەمۆکیان ھەیە؛ ئەوا: یەک لە نیشانەکانیان نەمان و کەمبوونی مگێزی سێکس کردنە؛ ھەتا ئەو دەرمانانەش کە لۆ چارەسەری خەمۆکیش بەکار دێت، ئەوانیش ئارەزووی سێکس کردن کەم دەکەنەوە. وە نەبێت بەس خەمۆکی وا بکات!؟ ھەتا ئەو ژنانەی لە کاتی سێکس کردن ئازارییان ھەیە، ئەوا: ئەوانیش ئارەزووی سێکس کردنیان کەم دەبێت. لە ھەندەک لەو ژنانەی، کە: کەوتوونەتە تەمەنەوە، ئەوا: ئازار لە کاتی سێکس کردن بە ھۆی نەخۆشییەوە نابێت بەڵکو بەھۆی ووشکبوونەوەی زێ دەبێت بەھۆی نزیکبوونەوەیان لە تەمەنی بێئومێدی، وە ئەمەش ئارەزووی سێکس کردن کەم دەکاتەوە.
* چارەسەر: لەبەر ئەوەی نەبوون و کەمبوونی ئارەزووی سێکس ھۆکارێکی دیاری کراوی نییە! لۆیە؛ چارەسەریشی لە حالەتێکەوە لۆ یەکێکیدی دەگۆڕێت. ئەوجا ئەگەر ژن و پیاوەکە ڕۆشنبیری گشتی و ھۆشیاری دروستی و ڕۆشنبیری سێکسییان باش بێت، ئەوا: چارەسەر ئاسان دەبێت.
ئەگەر بینرا، کە: کەمی مگێز بە ھۆی دەرمانێکی دیاری کراوەوەیە، ئەوا: بە گۆڕینی ئەو دەرمانە لەوانەیە حالەتەکە چارەسەر بێت؛ لۆیە: پزیشکەکە دەرمانەکەی لۆ دەگۆڕێت. ھەرچی ئەو ژنانەن، کە: سووڕی مانگانەیان ناڕێکە یان تەواو نییە یان نەخۆشییەکیدیان ھەیە، ئەوا: پزیشک پشکنینیان لۆ دەکات ھەتا ئەگەر ھەرچی ناڕێکی لە ھۆڕمۆنەکان و کاری ھۆڕمۆنەکان ھەبوو بیدۆزێتەوە و چارەسەری بکات.
ئەدی ئەگەر وەدیار کەوت، کە: ژنەکە ھیچ حالەتێکی فەسلەجی و ھیچ نەخۆشییەکی نییە!؟ ئەو کات پزیشک ئامۆژگاری دەکات، وە ڕێنمایی دەدات بە ژنەکە، کە: کوو ئارەزوو و مگێزی زیاد بکات. ھەتا زۆر لە زانایانی ئەو بوارە وای بە باش دەزانن، کە: ژن و مێردەکە ھەردووک فانتازییایەک دروست بکەن، وە سێکس لای یەکدی خۆشەویست بکەن.
* دڕدۆنگی لە سێکس کردن (sexual aversion disorder): حالەتێکە، کە لە بیری کەسەکە ڕوو دەدات، کە: کەسەکە قەت حەز بە سێکس کردن ناکات، وە یان ھەر حەز ناکات ئەندامی زاوزێی بەر ئەندامی زاوزێی ھاوژینی بکەوێت. ھەموو کات ئەو کەسانە ترس (فۆبیا)یان دەربارەی سێکس و سەرجێی کردن ھەیە. ئەوجا لە ساڵی ئێک جار یان دوو جار سێکس دەکەن، کە: کەمێک قەلەقی و ترسەکەیان ئەھوەن دەبێت یەک جار یان دوو جار سێکس دەکات و ئەو جارانەش سێکسێکی نۆڕماڵ و ئاسایی دەکات. ئەوجا ئەم حالەتە لە پیاوان لە سەرەتای تەمەن زۆر ڕوو دەدات، ھەرچی لە ژنانە؛ ئەوا: درەنگتر ڕوو دەدات و چەند ساڵەک ژنەکە لە سێکس کردن عەلەمی نەبووە بەڵام دواتر تووشی ئەم حالەتە دێت.
- چارەسەر: نزیکەی چارەگێک لەو حالەتانەی لە سێکس کردن دڕدۆنگن، ئەوا: لە ھەمان کاتدا تووشی زرۆق ڕژان (panic) بوون، ئەوجا لێرە کە حالەتی زرۆق ڕژانەکە چارەکرا؛ ئەوا: حالەتی دڕدۆنگیەکەش لەخۆیەوە نامێنێت. وە ئەگەر دڕدۆنگی بە تەنیا لە کەسێک ھەبوو، ئەوا: چارەسەری ھەروەک چارەسەری ھەروەک نەمان و کەمبوونی ئارەزوو کردنی سێکس کردنە.

..... درێژەی ھەیە، چاوەڕێی بەشی سێیەم⁄ سێیەم بن.
Top