سیستەمی تەندروستی

سیستەمی تەندروستی

زۆر جار، لە میدیا و لە کۆڕ و کۆبوونەوە و دانیشتنەکان باس لە سیستەمی تەندروستی دەکرێت! ھەیە، دەڵێت کە: سیستەمی تەندروستی لە کوردستان و عێراق بوونی نییە؟! وە ھەشە بێئەوەی مانای سیستەمی تەندروستی بزانێت قسە و باسی لە سەر دەکات. ھەشبووە، کە: تەواو دەریبڕیووە و پرسیوویەتی: ئەرێ، سیستەمی تەندروستی مانای چییە؟
ئەگەر سەیری تەندروستی بکەین، وە پێناسەیەکی تەواوی تەندروستی بکەین، ئەوا: باشترین وەسف و پێناسەی تەندروستی ھەتا ھەنووکە ئەوەی ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی (WHO)یە، کە دەڵێت: تەندروستی بریتییە لە دروست بوون و پێگەیشتنی جەستە و بیر و ئابووری و لایەنی کۆمەڵایەتی مرۆڤ، نەک تەنھا دوور بوون بێت لە نەخۆشی و پەککەوتەیی.
• سیستەمی تەندروستی :(Health Systems) ئەو ئۆرگان و ڕێکخستن و ڕێکخراوەیە، کە پێکدێت لە (خەڵک و دام ودەزگا و داھاتەکان) کە بە ئامانجی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری تەندروستی کار دەکات، ھەتا تەندروستییەکی باش بۆ کۆمەڵە خەڵکێکی دیاری کراو وەدەست بێنێت، وە ئەو کۆمەڵە خەڵکە باشترین جۆری خزمەتگوزای تەندروستییان پێشکەس بکرێت.
لەمەدا، دەردەکەوێت کە: سیستەمی تەندروستی بەتەنیا یەک چین لە کارمەند و فەرمانبەری تەندروستی ناگرێتەوە بەڵکو (خەڵک، پزیشک، کارمەند، فەرمانبەر، دەستی کاری بواری تەندروستی..ھتد)، وە دام و دەزگا و دامەزراوە تەندروستییەکان و پەیدا کردنی داھات و تێچوونی بەردەوام بۆ زامن کردنی بەردەوام بوونی ھەموو خزمەتگوزارییەکان و خزمەتەکانی کە پێشکەش بە ھاووڵاتییان دەکرێت، ھەتا ھەم ژینگەیەکی تەندروست دروست ببێت، وە ھەم خەڵک بکەونە خۆشی و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی تەندروست و ساغیان ھەبێت.
• ئامانجەکانی سیستەمی تەندروستی:
ئامانجی ھەموو سیستەمێکی تەندروستی و ھەر جۆرێک بێت یەکە، وە ھەموویان ھەر ئەو ئامانجەیە کە ڕێکخراوی تەندروستی جیھانیی بۆ سیستەمی تەندروستی دیاری کردووە، بەوە کە سیستەمی تەندروستی مەبەستیەتی کە:
ڕ. دابین کردنی تەندروستییەکی باش بۆ ھاووڵاتییان، وە فەراھەم کردنی ھەموو خزمەتگوزارییەکی تەندروستی و لە ئەوپەڕی باشیدا.
ب. بە پیر ھیوا و خوازی دانیشتووان بچێت، وە ھاووڵاتییانی ووڵات چ لێی داوا دەکەن و چۆن دەوێت ئەو جۆرە خزمەت و کارە و خزمەتگوزراییە پێشکەش بە ھاووڵاتییان بکات.
ت. دۆزینەوەی سەرچاوە و داھاتی ڕاستەقینە و ڕاست بۆ دابین کردنی تێچوونەکان و پێشکەوتنیان.
پ. دڵنیا بوون لە بەردەوام بوونی ھەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی کە پێشکەش کراون بۆ ماوەی دوور و بەردەوام.
• چۆنیەتی جێبەجێ کردنی کارەکانی سیستەمی تەندروستی:
بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی سیستەمی تەندروستی، ئەوا: زۆر کار و کردەوەکانی سیستەمی تەندروستی بە زۆر ڕێگا و شێواز دەتوانرێت ڕوو بدات، وە کاری لە سەر بکرێت. ئەوانیش:
ڕ. باشتر کردن و بەرەو پێشبردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و ھەموو کات خزمەتی تەندروستی کە پێشکەش دەکرێت لە ئەوپەڕی باشی و ستاندارد بێت.
ب. پەیدا کردنی بوودجەی تەواو و بەردەوام بۆ سیستەمی تەندروستی، وە بە جۆرێک کە: ھەموو تێچوون و بوودجەی تەندروستی ھەبێت، وە دەوام بکات.
ت. پێدانی پارە، وە تەمویل کردنی بەردەوامی سیستەمی تەندروستی (Financy).
پ. چاودێری کردن و بەدوا داچوونی تەواوی ھەموو سیستەمە تەندروستییەکە (Stewardship).
• ئاکارەکانی سیستەمی تەندروستی:
زۆر پێناسە و ئاکاری دیاری سیستەمی تەندروستی ھەیە، وە زۆر شێوازی دیاری کراو ھەیە بۆ تەواو ھەڵسەنگاندن و زانینی سەرکەوتنی سیستەمی تەندروستی لە ووڵاتان پی دەناسرێت. کە زۆر لەو ھەڵسەنگاندنە لە ووڵاتیکەوە بۆ ووڵاتێکیدی دەگۆڕێت، وە جیاوازە لەوانە:
0. ھەیە بە شێوەی کە: جۆریەتی (Quality)، توانا (efficiency)، وە ڕازی بوون و بەقەد ھیواکان (acceptability)، وە یەکسانی (equity).
1. وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا: لە وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە پێنچ (C) پێناسەی سیستەمی تەندروستی دەکەن، ئەوانیش: تێچوون (cost)، گرتنەوە (Coverage)، پێکھاتە (Consistancy)، ئاڵۆزی و گرفتەکان (complexity) وە نەخۆشییە درێژخایەنەکان.(Chronic Illness).
• سیستەمی تەندروستی و بوونی سیستەمی تەندروستی لە کوردستان:
سیستەمی تەندروستی ھەر بەتەنیا چارەسەر کردنی نەخۆش ناگرێتەوە! بەڵکو لەوە زۆر گەورەترە، وە فراوانترە کە تەنیا بەشێکی کەمی سیستەمی تەندروستی چارەسەر کردنی نەخۆشی و نەخۆشەکانە بەڵکو کار و ئەرکی سیستەمی تەندروستی لەو زۆرترە و گەورەترە. سیستەمی تەندروستی لە ھووندڕی ئەو ماڵە دەست پێدەکات، کە: دایکێک ھیچ خویندەوارییەکی نییە بەڵام ئەرکی چاودێری کردنی منداڵەکەی پێ سپێردراوە و چارەسەری پێدەدات، واتە: زیاد کردنی ھۆشیاری دروستی ناو ماڵ و تاک و گەڕەک و شار و کۆمەڵگا.
وە ھەروەھا کەرتی تایبەت و کۆمپانیایەکانی دڵنیایی تەندروستی (Health Insurance Organizations)، تەندروستی شوێنی کار (occupationa health)، وە سەلامەتی شوێنی کاردکردن .(safety legislation) ھەر لەبەر ئەوە، بۆ بوونی سیستەمێکی تەندروستی باش پێویستی بە ھەماھەنگی ھەموو سێکتەر و کەرەتەکان ھەیە بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی و چەسپاندنی سیستەمی تەندروستی لە ووڵاتدا، بۆ نموونە: بوونی پەیوەندی تۆکمە لە نێوان وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی پەروەردە، وە بەجۆرێک کە پڕۆگرامەکانی خوێندن بۆ باشتر کردن و بەرەو پێشبردنی سیستەمی تەندروستی تەرخان بکرێت، وە پەروەردە ھاوبەش ھەبێت، بۆ نموونە: لە پڕۆگرامەکانی خوێندن ئاساییە کە بەرنامە و پڕۆگرام لە سەر تەندروستی ئافرەتان یان تەندروستی منداڵ یان ..ھتد ھەبێت، وە ھەموو کەرت و وەزارەت و بەشەکان ھەماھەنگ بن لە زیاتر بە سیستەم بوون و دیاری کردنی ھەبوونی سیستەمی تەندروستی.
ووڵاتی عێراقی فیدڕاڵ، وە کوردستان وەکو بەشێک لەم ووڵاتە ھەر لە ساڵانی حەفتایەکانی سەدەی ڕابردوو سیستەمێکی ناوەندی تەندروستی ھەبوو، بەوەی کە ھەموو نەخۆش ڕەوانە (ئیحالە)ی ناوەندی تەندروستی دەکرا، وە لەوێ چارەسەریان بۆ دەکرا و نەخۆشی بنبڕ دەکرا. ھەتا ڕادەک ئەو سیستەمە لە سەرەتای دامەزاراندی و ھەتا ساڵانی پێش شەڕی (ئازاد کردنی عێراق) سەرکەوتوو بوو، وە تەنانەت لە سەرەتای حەفتایەکان سیستەمی ووڵاتی عێراقی فیدڕاڵ یەکێک بوو لە سیستەمە سەرکەوتووەکانی تەندروستی بە بەراورد بە سیستەمی ووڵاتانی درواسێی عێراق و ناوچەکە، وە لە ھەموویان پێشکەوتووتر بوو. ھەرچەند ھەنووکە و دوای ساڵی (٢٠٠٣ز) گۆڕانکاری زۆر بە سەر ووڵات و کەسەکان داھاتووە، وە زۆر پێشکەوتن و گۆڕانکاری بە سەر شێوازی ژیان و فەرھەنگی ووڵات و کوردستان داھاتووە بەڵام لەگەل ئەوە سیستەمە کۆنەکە ھەر بە نیوە چڵی یان بە تەواوی جێبەجێ ناکرێت، وە زۆر جار کەموکورتی تێدا دەبینرێت. ئەگەر سەیری دوا ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بکەین، کە: لە ساڵی (٢٠٠٥ز) دەرچووە، دەردەکەوێت کە: نەخۆشییەکانی گرانەتا، وە کۆلێرا، مەلاریا، وە نەخۆشی سیل لە عێراقدا بەشێوەی بەرچاوتر و زۆرتر ھەبوو بە بەراورد بەووڵاتێکی ھاوشێوە و ئاستی خۆی! واتە: ڕێژەکەیان زیاتر و زۆرتر بووە. ھەر لە ساڵی (٢٠٠٥ز) ئەگەر سەیری ئاماری وەزارەتی تەندروستی عێراقی فیدڕاڵ بکەین، دەبینین: بۆ ھەر (١٠٠٠٠) کەس لە دانیشتووان تەنیا (١٥) قەرەوێڵە و جێگا ھەبووە، وە تەنیا (٦.٣) پزیشک بۆ ئەو ژمارە زۆرە لە نەخۆش ھەبووە، وە تەنیا (١١) کارمەندی تەندروستی بۆ ھەمان ژمارەی دانیشتووان ھەبووە.
• چاودێریکردنی سیستەمی تەندروستی: بە دانانی ڕێسا و یاسای تایبەت بە سیستەمی تەندروستی و بوونی پلان بۆ بەڕێوە بردن و پێشکەوتنی سیستەمی تەندروستی، کە: ھەموو لایەنەکانی سیستەمی تەندروستی بگرێتەوە، وەک:
0. کەرتی تایبەت :(Private Sector)
1. تەندروستی و دروستی تاک و دابین کردنی بوودجە و داھات بۆی.
2. دەرمان و پێداویستییەکانی دەرمان.
3. دابین کردنی دەستی کار و داھاتە مرۆییەکان بۆ کەرتی تەندروستی.
4. تەندروستی گشتی (Public Health): تەندروستی گشتی و تەندروستی کۆمەڵ، زۆر لایەنی تەندروستی دەگرێتەوە، لەوانە: ڕوودانی نەخۆشییەکان (epidemiology)، وە ئامارەکان (Biostatics) و خزمەتگوزاری تەندروستی، وە ژینگە و کۆمەڵ، خوو ڕەوشت و ڕەفتارەکان، وە تەندروستی شوێنی کارکردن .(Behavioral & Occupational Health).
Top