كاروانی خەباتی پر شانازی و سەربڵندی و خۆنەچەماندن .
September 26, 2020
وتار و بیروڕا
پارتی دیموكراتی كوردستان كە ئەزمونی حەفتا و چوار ساڵ تێكۆشان و كاری سیاسی هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی و نیشتمانی، كارنامەیەكی جیاواز لە حزب و لایەنەكانی دیكەی لە هەگبەدایە. ئەو كارنامەیەش تەواوكاری بەرنامەو پلانەكانی پێشووی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان لە قۆناغی راپەڕین تا رووخانی رژێمی بەعس لە 2003ساڵی و دواتر نووسینەوەی دەستور و تا گەیشتۆتە قۆناغی ئەمڕۆ. ئەزمونی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئەوەی سەلماندووە كە دروشمێك بەرز ناكاتەوە ئەگەر بە كردەوە جێبەجێی نەكات. یەكێك لەو دروشم و بەڵێنانەش پراكتیزەكردنی مافی چارەی خۆنووسین بوو كە پێچەوانەی زۆر لایەنی دیكە، بە بوێری و بێ سڵەمینەوە و پێچ و پەنا كاری بۆ كرد و بووە ئاڵا هەڵگری ئەو دروشمەو لە كاتێكدا زۆرترین دژایەتی نێوخۆیی و دەرەكی دەكرا بەڵام پرۆسەكەی بە سەركەوتوویی بە ئەنجام گەیاند و ئەمەش بوو بە وەرچەرخانێكی گەورەو گرنگ لە مێژووی كوردستان. دوای ئەو پرۆسەیەش كۆی قەوارەی هەرێم وبە تایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان كەوتە بەر هەڕەشە و هێرشی بەرفراوان و پاڵپشتیكراوی ئیقلیمی. بەڵام دیسان ئەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بوو وەك تاكە هێزێك لە پردێ و سحێلا پیلانی لەباربردنی ئەزمونی هەرێمی كوردستانی تێكشكاند.دوای كوردستان پیلانگێری 16ی ئۆكتۆبەر و هەوڵدان بۆ سرٍینەوەی قەوارەی سیاسی هەرێمی ئەوە هەوڵە دیپلۆماسیەكانی سەركردایەتیی سیاسی كوردستان بە سەرپەرشتی راستەوخۆیی سەرۆك مەسعود بارزانی و حكومەتی كوردستان و بە تایبەت رێزدار نێچیرڤان بارزانی بوو كە زمان و ئاراستە هەڕەشەئامێزەكانی بەغداو هاوئاوازەكانی لە كوردستان گۆڕی بۆ زمانی گفتوگۆ و دیالۆگ و زۆربەی ئەو گەمارۆ دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوورییانەی كە بەسەر هەرێمی كوردستان سەپێنرابوون لابران وەك كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم و ناردنی بەشێك پارەی موچەی فەرمانبەران و كەمكردنەوەی پاشەكەوت. ئەوەی جێی سەرنجە لەكاتێكدا ئەم هەڵبژاردنە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەو خیتابی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی بەغداو ناچاركردنیان بۆ دەستەبەركردنی مافە زەوتكراوەكانی خەڵكی كوردستانە. بەڵام هەندێ لایەنی نێوخۆیی هەرێم بۆ بەدەست هێنانی چەند دەنگ و كورسیەك لە بەغدا، زۆربەی ئاراستەو دروشمەكانیان رووەو هەرێمی كوردستان و بە تایبەت پارتی دیموكراتی كوردستانە. ئەمەش بەڵگەیەكی دیكەی سەلمێنەری ئەو راستیەیە كە ئەو لایەنانە تا چەند جێبەجێكاری ئەجیندای دژبەرو نەیارانی هەرێمی كوردستان و لەدژی بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستانن. ئەوەی جێی سەرنجە لەكاتێكدا كەركوكیان بە پیلان رادەستی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی كرد ئەو لایەنانە كەمترین هەڵوێستیان نەبوو، بەڵام لە بەرنامەكانیان باسی گەڕاندنەوەی كەركوك و ناوچەكانی دیكە بۆ سەر كوردستان دەكەن. داواكاری پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ بایكۆتی گشتی هەڵبژاردن لە كەركوك یاخود بەشداری كردن بە یەك لیست هەڵوێستێكی دیكەی نەتەوەییانەی پارتی بوو بۆ چارەنووسی كەركوك و رزگاركردنی لە داگیركاریی، بەڵام دیسان ئەوە لایەنەكانی دیكە بوون بەپیر ئەو داواكارییەی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە نەهاتن، لە كاتێكدا بارودۆخی كەركوك لە خراپترین دۆخدایه. ئێستاش و لە خولێكی دیكەی هەڵبژاردنەكانی عێراق رەنگە پرسیار بكرێت كە پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەڵگری مەشخەڵی سەربەخۆیی بوو ئێستا بۆچی دەیەوێت بەشداری لە هەڵبژاردن بكات و بگەڕێتەوە بەغدا؟ پارتی دیموكراتی كوردستان بەر لە قۆناغی پرۆسەی ریفراندۆم و دوای پرۆسەكەش بەردەوام ئەوەی راگەیاندووە كە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا رەت ناكاتەوەو ئەگەر ئەو گفتوگۆیانە چەندین ساڵیش بخایەنن، پارتی ئامادەیە گفتوگۆ بكات. بۆیە پارتیی دیموكراتی كوردستان هەمیشە بەكردەوە سەڵماندوێتی دڵسۆزو فریادرەسی گەلی كوردستانە .
سەرۆك بارزانی خەونی لەمێژینەی بارزانیی باوك و شێخ عەبدولسەلامی باپیری هەیە، دەیەوێ دەوڵەتی كوردستان دروست بكات و چیتر كورد ژێر دەست و هاووڵاتی پلە دوو نەبێت و چیتر و ماف و خواستەرەواكانی كورد پێشێڵ نەكریتَ، بە درێژایی ئەم چەند ساڵە، هەموومان ئەم قسەیەمان لە دۆست و دوژمنانی بارزانی بیستووە، بارزانی خۆیشی ئەمە ناشارێتەوە و لە چەندین دیمانەی رۆژنامەوانیدا، لە هەموو بۆنە و رەوشە جیاوازەكاندا، راشكاوانە باس لەو خەونەی دەكات، كە خەونی هەموو كوردستانیانیشە. بەهێزی پێگەی سەرۆك بارزانی، سیاسی و دیپلۆماسی لە سەربەخۆیی نزیكمان دەكاتەوە تادێت پێگەی سیاسیی و دیپلۆماسی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەبێت، ئێستە هەرێم ژمارەیەكی بەهێزە دەبێت ئەو هەڵە مێژوویی و زێرێنە بقۆزێتەوە، بەتایبەت كاتێك دەبینین زۆرێك لە وڵاتان پشتگیری سیاسەتی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان دەكەن و مافە رەواكانی خەڵكەكەی دەكەن.واقیعی سیاسیی ئێستای عێراق و هەڵسوكەوتەكانی لەگەڵ هەرێم، ئەوەندەی تر پێگەی ی ئێمەی بەهێز كردووە و بە پێچەوانەی سیاسەت و ویستی عێراقەوە پشتگیری و دۆستی زیاتری بۆ كورد دروست كردووە، ئاخر تەماشای ئەو واقیعە بكەن كە لە عێراق دروست بووە، لە هیچ وڵاتێكی دنیا نابینین وەختێك سەرۆكی وڵاتێك یا سەرۆك وەزیرانێك دێتە عێراق، لە دوو فڕۆكخانەی جیا (هەولێر-بەغدا) دادەبەزێت بۆ دیتنی دوو سەرۆكی جیا و لە دوو نەتەوەی جیا و لە دوو كەشوهەوای جیا لە دوو جیۆگرافیای جیا.ئەوە ئەو پێگە سیاسییە بەهێزەی هەرێمە وای كردووە وڵاتان بە حیساباتی خۆیاندا بچنەوە و وەك دەبینین واقیعەكە پێمان دەڵێ كە مامەڵەیەكی دەوڵەتییانە لەگەڵ هەرێم دەكرێت و ئەو واقیعەی بۆ هەندێك بووەتە دەردەسەری و هەندێكی تریشیان پێشوازی لێ دەكەن، بۆیە گرنگە ئیستسماری ئەو واقیعە بكرێت، بە جۆرێك زۆربەی وڵاتانی جیهان بە قورسییەوە سەیرمان دەكەن و مامەڵەمان لەگەڵ دەكەن، با ئێمەیش لەو ئاستەدا بین و چیتر لایەنە سیاسییەكان یەكتر نەكەنە ئامانج بە تایبەت ئەگەر لایەنێك دەیەوێ پێگەی هەرێم پێش بخات، بەڵكو پێویستە هاوكار بین بۆ ئەوەی مێژوو بە جوانی وێنامان بكات.. ئێستا ئیتر ناحەزان پێیان خۆش بێ یان ، كوردستان خاوەن رابەر و مەرجەعی خۆیەتی و هەولێر و بەغداش دوو پایتەختی جیاوازن و گشت سەردانی شاندی وڵاتانی جیهان بۆ عێراق بەبێ گەرٍانەوە بۆ هەولێر ناتەواو دەمێێتەوە ..