یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان ده‌ستكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی.. نیو سه‌ده‌ خزمه‌ت‌ و به‌رده‌وامی..

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان  ده‌ستكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی.. نیو سه‌ده‌ خزمه‌ت‌ و به‌رده‌وامی..

له‌ 21ی9ی1970 له‌ گه‌ڵاڵه‌ی باڵه‌كایه‌تی یه‌كێـتی زانایان وه‌ك دامه‌زراوه‌و رێكخراوه‌ێكی پیشه‌یی‌و سه‌رتاسه‌ری، به‌ پاڵپشتيی راسته‌وخۆی مه‌رحووم مه‌لا مسته‌فا بارزانی‌ و به‌ به‌شداری چه‌ندین زانای كوردستان له‌ پێناو چه‌ند ئامانجێكی روون ‌و خواست ‌و دۆخی ئه‌وسا ‌و ئاڵوگۆڕه‌ ناوچه‌ییه‌كان‌ و كاری رێكخراوه‌یی، به له‌به‌ر چاوگرتنی هه‌ردوو ره‌هه‌ندی ئایینی ‌و نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زرا.
قۆناغ دوای قۆناغ له‌ ئه‌نجامی دڵسۆزی‌ و كاری پێكه‌وه‌یی ‌و هه‌ماهه‌نگی‌ و پاڵپشتیى خودی زانایان، یه‌كێتی زانایان توانی ببێته‌ چه‌ترێكی گرنگ‌ و گه‌وره‌‌ و جێی ئومێدی زانایان‌و ئاسۆیه‌كی روونی له‌به‌رده‌م كاروانه‌كه‌ هه‌ڵكرد، توانرا له‌شێوه‌ی كاری رێكخراوه‌یی وزه‌و توانای زانایان له‌ ته‌واوی كوردستان كۆبكرێته‌وه‌‌و، له‌ خزمه‌تی گشتی‌ و له‌ پێناو بره‌ودان به‌ هه‌ستی ئایينپه‌روه‌ری‌ و نیشتمانپه‌روه‌ری خۆی ببینێته‌وه‌.
ئه‌مساڵ یۆبێلی زێڕینی ته‌مه‌نیه‌تی‌ و نیو سه‌ده‌يه‌ (50 ساڵ) ئه‌م رێكخراوه‌ له‌سه‌ر پێ‌ وه‌ستاوه‌، ئه‌و كات له‌ شاره‌دێی گه‌ڵاڵه‌ له‌دایك بوو، به‌ڵام ئێستا شكۆمه‌ندانه‌ دامه‌زراوه‌یه‌كی دیاری سه‌ر ئاستی كوردستان‌ و جیهانی ئیسلامییه‌، ئه‌و كات ته‌نيا ده‌سته‌یه‌ك بوون، به‌ڵام ئێستا له‌ ته‌واوی كوردستان 17 لقی تایبه‌تی هه‌یه‌، سه‌ره‌ڕای كۆسپ‌ و دۆخه‌ ناهه‌موارو هه‌لومه‌رجه‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و هه‌رێمییه‌كان ‌و ره‌وشی ناوخۆیی‌ و دارایی‌ و گرفته‌كان، توانیویه‌تی سه‌دان ده‌ستكه‌وت ‌و ده‌ره‌نجامی باشی هه‌بێت ‌و زۆرینه‌ی زانایانیش تێیدا ئه‌ندام بن.
له‌ رووی پیشه‌یی ‌و ئایینی ‌و نه‌ته‌وه‌یی یه‌كێتی زانایان پێگه‌یه‌كی دیارو حوزوورێكی كارای له‌ ئاراسته‌ی پرس ‌و پێشهاته‌كان ‌و خزمه‌تی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ‌و پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌ ئایینی ‌و نیشتمانییه‌كان هه‌یه‌، سه‌ربه‌رزیشه‌ كه‌ یه‌كێكه‌ له‌و لایه‌نانه‌ی هه‌میشه‌ رۆڵی كاریگه‌ری له‌ به‌ره‌وپێشبردنی كوردستان‌و ئه‌زموونه‌كه‌ی هه‌بووه‌‌و، هه‌میشه‌ دروشمی ئیسلامپه‌روه‌ری‌و كوردایه‌تی پێكه‌وه‌ گرێ داوه‌، كه‌ هه‌ڵقوڵاوی ئیلهامی په‌یامی پیرۆزی ئیسلام ‌و رێڕه‌وی گه‌وره‌ زانایانی كوردی موسڵمانه‌.
یه‌كێتی زانایان نیو سه‌ده‌یه‌ خزمه‌تێكی زۆری مه‌عنه‌وی به‌ پێگه‌و پیشه‌ی مامۆستایانی ئایینی‌و مزگه‌وت‌و ته‌دریس‌و حوجره‌‌و ته‌نانه‌ت به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی بزاڤی رۆشنبیری له‌و هه‌رێمه‌ كردووه‌، هه‌میشه‌ش وه‌ك داكۆكیكارێكی دڵسۆز بۆ خاك‌ و نه‌ته‌وه‌‌ و ئایین خۆی بینیوه‌ته‌وه‌، به‌ ئه‌ندازه‌یه‌كی باشيش توانیویه‌تی به‌و ئه‌ركه‌‌و ئامانجه‌ هه‌ڵسێ‌ كه‌ بۆی دامه‌زرا، به‌ تایبه‌تی له‌ ڕووی ئایینیه‌وه‌ توانیویه‌تی كار بكات بۆ گه‌یاندن‌ و پاراستنی ئایینی پیرۆزی ئیسلام ‌و ده‌رخستنی ڕوو جوانی ئه‌م دینه‌ بۆ موسڵمانان به‌ ئاراسته‌‌و په‌یامێكی میانڕه‌وی دوور له‌ توندو تیژی، له‌ ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ توانیویه‌تی وه‌ك ڕێكخراوێكی چالاك هه‌وڵ بدات بۆ به‌ره‌و پێش بردنی ئه‌زمونی گه‌له‌كه‌مان‌و رۆڵی به‌رپرسیارانه‌ بگێڕێ‌، له‌سه‌ر ئاستی پیشه‌ییش توانیویه‌تی زۆربه‌ی زانایانی ئایینی له‌ ژێر چه‌تری ئه‌م ڕێكخراوه‌دا كۆ بكاته‌وه‌و به‌ گوێره‌ی توانا داكۆكیكار بێت له‌ مافه‌كانیان‌و پێدانی به‌رچاو ڕوونی‌و هۆشیاری‌و به‌ژداری پێكردن‌و ئاگالێكبوونی سه‌رتاسه‌ری‌و ئاوێته‌كردنی گیانی پیشه‌یی له‌ نێوانیاندا، له‌پاڵ ئه‌مه‌ش ناساندن‌و گه‌یاندنی قه‌زیه‌ی ئه‌م گه‌له‌ وه‌ك گه‌لێكی موسڵمانی ڕاسته‌قینه‌و دڵسۆز به‌ جیهان.
یه‌كێتی زانایان له‌م نیو سه‌ده‌یه‌دا‌‌ توانیویه‌تی رۆڵی خۆی ببینێ‌ و قسه‌ی خۆی هه‌بێ له‌ پرسه‌ چاره‌نووسسازه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و نیشتمانیيه‌كان ‌و به‌رنگاربوونه‌وه‌ی مه‌ترسیيه‌كانی سه‌ر هه‌رێم ‌و كیانی كوردی. هه‌ر له‌كاتی دامه‌زراندنیه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ قۆناغی ئاواره‌یی‌ و خه‌باتی شاخ‌ و هه‌ڵگرتنی چه‌ك ‌و قوربانیدان ‌و شه‌هیدبوونی چه‌ندین زانای ئایینی، له‌ راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی ئاداری 1991‌و هه‌ڵسانه‌وه‌ی به‌ گیانێكی نیشتمانپه‌روه‌رانه ‌‌و خزمه‌تكردنی ئایین ‌و نه‌ته‌وه‌، هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانی بۆ ئاشته‌وایی نیشتمانی ‌و پته‌وكردنی ره‌هه‌ندی ته‌بایی نێوماڵی كورد و موشاره‌كه‌ی مه‌یدانيی چالاكييه‌‌ گرنگه‌كان‌ و خۆپیشاندنی پێویست ‌و پاڵپشتی قه‌زیه‌ی نه‌ته‌وه‌یی ‌و تا پرسی سه‌ربه‌خۆيی ‌و ده‌ربڕینی ده‌نگی به‌ڵێ‌ بۆ ریفراندۆم به‌ ئامانجی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی و...هتد.
له ‌رووی كرانه‌وه‌و په‌یوه‌ندی دروستكردن له‌گه‌ڵ جیهانی ئیسلامی ‌و ناوه‌نده‌ زانستی ‌و ئایینیه‌كانی ده‌ره‌وه‌‌و هه‌ڵكشانی چالاكیيه‌كان بۆ ئاستی به‌رز و هه‌مه‌جۆر، وای كردووه‌ ناوی یه‌كێتی زانایان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی زیندووی كوردستان بێته‌ ناساندن ‌و به‌ چاوی رێزه‌وه‌ لێی بڕوانن.
له‌ داكۆكیكردنی ماف ‌و رێچكه‌ی دروستی ئازادی ‌و دیالۆگ ‌و له‌به‌رچاوگرتنی تایبه‌تمه‌نديی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ‌و راگرتنی هاوسه‌نگی‌و سه‌قامگیری دۆخی كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و ئاشته‌وایی ‌و فه‌رهه‌نگی پێكه‌وه‌ ژیان‌ و رێزگرتنی یه‌كترو زه‌مینه‌ی هه‌ماهه‌نگی رێڕه‌وێكی سه‌ركه‌وتووانه‌ی گرتۆته‌به‌رو كاریگه‌ری خۆی هه‌بووه‌.
له‌ گه‌یاندنی په‌یامی ره‌سه‌ن‌ و دروستی ئیسلامپه‌روه‌ری ‌و په‌روه‌رده‌ی رۆڵه‌كان‌ و پاراستنی كه‌رامه‌تی مرۆڤ ‌و به‌ده‌مه‌وه‌چوونی خواستی هاووڵاتیان ‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ی تاكه‌كان له‌ مه‌ترسيی هزری توندڕه‌وی ‌و ته‌كفیری ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ستی میانڕه‌وی ‌و جیهانبینی ‌و داناییه‌وه،‌ هه‌نگاوی ئه‌رێنی هه‌ڵێناوه‌ و ئاسه‌واریشی دیاره‌.. نموونه‌ی ئه‌و راستیيه‌ له‌ قۆناغی به‌ره‌نگاريی شه‌ڕی داعش له‌ واقيعی كوردستان به‌رچاوه‌، كه‌ چۆن زانایان توانیيان له‌ رێی پاڵپشتيی پێشمه‌رگه ‌‌و هۆشیاركردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌‌ و جووڵاندنی شه‌قام به‌ ئاراسته‌ی پاڵپشتی ‌و وره‌به‌رزی سه‌باره‌ت به‌ دیفاع له‌ خاك‌ و نیشتمان‌ و پاراستنی شه‌ره‌ف ‌و كه‌ڕامه‌تی ئینسانی ‌و كۆمه‌كی ئاواره‌ و لێقه‌وماوان‌ و ئیدانه‌ی كرده‌ دڕندانه‌كان رۆڵێكی هه‌ستیار و گرنگ‌ و گه‌وره‌ بگێڕن!
یه‌كێ‌ له‌ ئامانجه‌كانی به‌رنامه‌ی كاری یه‌كێـتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، كاركردن بووه‌ بۆ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتیيانه‌ له ‌رووی ئایینی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌ و مه‌زهه‌ب ‌و فكريیه‌وه‌، بۆ راگرتنی هاوسه‌نگيی دۆخی ئه‌منی ‌و كۆمه‌ڵایه‌تی ‌و دینداری له‌ هه‌رێمی كوردستان.
به‌و پێیه‌ له‌ هه‌رێمدا موسڵمان ‌و مه‌سیحی‌ و ئێزیدی ‌و كاكه‌یی ‌و... هتد، له‌ هه‌مان كات كورد ‌و عه‌ره‌ب‌ و توركمان‌ و ئاشوری‌ و كلد‌و سریان‌و... هتد، بوونیان هه‌یه‌، یه‌كێتی زانایان به‌ په‌یڕه‌وكردنی پێوه‌ره‌ شه‌رعیيه‌كان‌ و له‌ چوارچێوه‌ی بازنه‌ی برایه‌تی مرۆڤایه‌تی ‌و نیشتمانی، به‌رده‌وام هه‌وڵی داوه،‌ پێگه‌ی ئه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ بپارێزێت‌ و فاكته‌رێكی گرنگیش بێت بۆ به‌ره‌وپێشبردنی رایه‌ڵه‌ی ئه‌و هه‌نگاوه‌‌و به‌رجه‌سته‌كردنی له‌سه‌ر ئه‌رزی واقيعدا.
ئێستا كه‌ یادی په‌نجا ساڵه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كێتی زانایان ده‌كه‌ینه‌وه‌، ده‌بێ‌ ده‌ركی ئه‌و راستیيه‌ بكه‌ین، كه‌ رابردووی ئه‌م رێكخراوه‌و دڵسۆزی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی زانایانی ئایینی‌ و خواست ‌و قۆناغی هه‌نووكه‌ وا ده‌خوازێ‌ مكورتر بین له‌ هێنانه‌دی ئامانجه‌كان‌ و هاوكاريی كیانی كوردی‌ و ئاراسته‌ی دروستی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان، ئه‌وه‌ش به‌ هاوكاری ‌و پشتیوانيی سه‌رجه‌م زانایانی ئایینی دێته‌دی ‌و ده‌توانن ئاینده‌ی زانایان به‌ره‌و شه‌ره‌فمه‌ندی زیاتر ببه‌ن، چونكه‌ ئه‌زموونی هه‌رێمی كوردستان‌ و كاری رێكخراوه‌یی ‌و دروستكردنی په‌یوه‌ندی ‌و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان ‌و به‌رقه‌راركردنی ئاشتی بۆ كوردستان ‌و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی ‌و تیرۆر مه‌سئولیه‌تێكی هه‌ستیارو پێویست ‌و به‌رده‌وامه‌.
٭ به‌رپرسی راگه‌یاندنی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان.


تایبەت بۆ گوڵان نووسیويه‌تی
Top