کوردستان لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەت

کوردستان لەنێوان کەرتی گشتی و تایبەت

ماوەیەکە ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە کە بەرەو کەرتی تایبەت بروات و ھێدی ھێدی بە نیازە کە زۆربەی کەرتەکانی حکومەت بداتە دەست کەرتی تایبەت. بەلام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە کە تاچەند کوردستان ئامادەیە بۆ ئەو پرۆسە ئالۆزە کە بتوانێت بە جدی چاودێری پرۆسەکە بکات. ئەگەر بێت و سەیری ئەزمونی ولاتانی پێشکەوتوو و سەرکەوتووی جیھان لەو بوارەدا بکەین بۆمان روون دەبێتەوە کە ھێشتا زۆر زووە لە کوردستان باس لە کەرتی تایبەت بکرێت. بۆ نمونە چین ئابوری کەپیتالیستی و سیستەمی داخراوی (کۆمۆنیستی) ئاراستەی دەکات، سیستەمی کەپیتالیستی چین سیستەمێکە کە لە لایەن حکومەت ئاراستە دەکرێت ھەروەک چۆن لە ولاتانی تری ئەوروپی و پێشکەوتووی تری جیھان بەو شێوەیە دەستی پێکرد و تەنانەت کۆمپانیاکانیش زۆربەیان سەر بە حکومەت بوو و حکومەت خاوەندارێتی دەکردن، دواتر کە توانیان ئەو ژێرخانەی کە پێویستە دروستی بکەن ھێواش ھێواش کەرتی تایبەت گەشەی کرد و لە ئێستادا دەبینین کە بەشێکی زۆری کەرتەکانی ئەو ولاتە و تەنانەت کۆمپانیا گەورەکانیش کەرتی تایبەتن. بەلام ئەوەی جێ ی بایەخە ئەوەیە کە لە ئەوروپا و ئەمریکا ھەر حزبێک کە دەسەلاتی گرتۆتە دەست گرنگی بە سەرمایەدار و کەرتی تایبەت دراوە بە بێ گوێدانە بەر ئینتیمای حزبی کەس و کۆمپانیاکان و سیاسەتێکی ئابوری یەکگرتوو و تەواوکەریان پەیرەو کردووە.
خالێکی تری گرنگ ئەوەیە کە سەرمایە لە ھەر ولاتێک و شوێنێک بێت بە دوای شوێنێک دەگەرێت کە زەمینە لە بار بێت بۆ وەگەرخستنی سەرمایە بۆ نمونە کرێ ی کرێکار ھەرزان بێت، یاساکانی کارکردن ئاسان بێت و رێژەی باج کەم بێت و کەرەستەی خاو بە ھەرزان دەست بکەوێت وەک ئەوەی لە چین دەبینین کە زۆربەی ئەو گەشە ئابوریەی ئەو ولاتە لە سەرمایەی دەرەکییەوە دێت و لە بەر ھەرزانی فاکتەرەکانی بەرھەم ھێنان بە تایبەتی کرێکار. سالانە زیاتر لە ١٥٠ ملیار دۆلار وەبەرھێنانی بیانی نوێ دەچێتە ولاتی چین کە لە سەرجەم ولاتانی دونیاوە بۆی دەچێت بە تایبەت ولاتانی ئەوروپی و ئەمریکا و ئەو ولاتانەی کە کۆمپانیاکان تێیدا ئاسودە و رازی نین لە نرخی فاکتەرەکانی بەرھەمھێنان.
چین یەکێکە لە گەورەترین کریارەکانی قەوالەی (سەنەدات) ئەمریکا و نزیکەی یەک تریلیۆن دۆلار قەوالەی ئەمریکی کریوە و یەکێک لە ئامانجەکانی چین لە کرینی ئەو برە زۆرەی قەوالەی ئەمریکی بریتیە لە بەرز راگرتنی نرخی دۆلاری ئەمریکی. ھۆکارەکەش بریتیە لە دورخستنی وەبەرھێنانی بیانی لە ئەمریکا لە بەر گرانی نرخی دۆلار و لە ئەنجامدا گرانی نرخی فاکتەرەکانی بەرھەمھێنان لە ئەمریکا و ئاراستەکردنی رێرەوی وەبەرھێنان بۆ چین.
زۆرجار بەرپرسانی کوردستان باس لە پەرەپێدانی وەبەرھێنانی بیانی دەکەن لە کوردستان، بەلام دەبینین کە ئەم کەرتە لە نزمترین ئاستدایە. ھۆکارەکەش وەک باسکرا بریتیە لە گرانی نرخی فاکتەرەکانی بەرھەمھێنان. بۆیە لەو قۆناغەدا زۆر مەترسیدارە کە باس لە کەرتی تایبەت و سیستەمی سەرمایەداری بکرێت بە بێ ئاراستە کردنی لە لایەن حکومەت و چاودێری توندی حکومەت و مەبەستیش لە حکومەت بریتیە لە حکومەتێکی دەسەلاتدار و خاوەن بریارە. حکومەت دەبێ نرخی فاکتەرەکانی بەرھەمھێنان و کونترۆلی بازار بە شێوەیەک دیاری بکات کە ببێتە ھۆی راکێشانی سەرنجی سەرمایەدارە بیانیەکان. بەلام بە ھۆی گوێ نەدان و سیاسەتی ناتەندروست دەبینین کە تەنانەت نرخی بەرھەمی ناوخۆیی زۆر گرانترە لە بەرھەمی دەرەکی و دەبێتە ھۆی ئەوەی کە بەرھەمی ناوخۆیی خۆشمان لە بازارەکانی ناوخۆیی ساغ نەبێتەوە. بۆ نمونە کرێ ی ژوورێک لە ھۆتێلێکی ٢ ئەستێرە لە ھەولێر بەرامبەرە بە کرێ ی ھۆتێلێکی ٥ ئەستێرە لە تورکیا و نرخی خواردن لە رێستورانتەکانی کوردستان زۆر بەرزترە بە بەراورد لە گەل ولاتی تورکیا یان ولاتانی تری دەوروپشتی خۆمان، سەرەرای ھەبونی شوێنی سەرنجراکێش تر وخزمەتگوزاری زیادتر. بۆیە ناکرێت چاوەرێ ی بوژانەوەی سەرجەم کەرتەکان و بە تایبەت کەرتی گەشت و گوزار بکەین تاکو چاکسازی و رێکخستنی کەرتەکان لە لایەن حکومەت نەکرێت و رێ لەو قۆرغکاری و خۆسەپاندنی کۆمەلە کەسێک بە ناوی کەرتی تایبەت و بەرژەوەندی شەخسی بگیرێت.


• دکتۆرا لە ژمێریاری و کارگێری داھێنان
Top