دادپەروەری وئافرەت

دادپەروەری وئافرەت

چەمکی دادپەروەری جیاوازە لە ھەر کلتوورێک دا. بیردۆزە سەرەتاییەکانی دادپەروەری لەلایەن فەیلەسوفە یۆنانییە کۆنەکانەوە دامەزراوە، وەک پلاتۆ لە بەرھەمەکەی بە ناوی «کۆمار» و بەرھەماکانی ئەرستۆ و ھەروەھا بەدرێژای مێژوو جۆرەھا بیردۆز و گریمانە ھاتونەتە کایەوە. لایەنگرانی بیردۆزی فەرمانی خودایی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە دادپەروەری لەلایەن خوداوە دەردەکرێت و لە ساڵانی ١٦٠٠ کان دا، نووسەرانی وەک جۆن لۆک باوەڕیان بە بیردۆزی یاسای سروشتی ھەبوو لە کاتێک دا بیرەمەندە کۆمەڵایەتییەکان باوەڕیان بەوە بوو کە دادپەروەری سەرچاوە دەگرێت لە ئەنجامی رێکەوتن و تێگەیشتنی ھاوبەشی نێوان ھەموو کەسە بەژداربووەکان، ئەرستۆو سەبارەت بە دادپەروەری سیاسی پێی وابووە کە لەنێوان خەڵکی ئازاد و یەکسان و ھاوبەش لە دەوڵەتێکدا جێبەجێ دەکرێ و خۆی دەبینێتەوە لە یاسایەکی دادپەروەر کە یاسادانەر دایدەنێت ئەویش دوو جۆرە:

دادپەروەری سروشتی: کە لە بیروبۆچونی خەڵکەوە سەرچاوەی نەگرتووە.

دادپەروەری دەستکرد(وەزعی): کە بەپێی شوێن، گۆڕانی بەسەردا دێت و لە عورفەوە سەرچاوە دەگرێت.
چەمکی دادپەروەری لە زمانی کوردی بە واتای ویژدان و دوورکەوتنەوە لە بێدادی و ئەنجام نەدانی جیاکاریەوە دێت . لە زمانی ئینگلیزی بە مانای یەکسانی و ھاوشێوەو ھاوچەشنەوە دێت.
لە رووی مەفھوم و ماناوە چەمکی دادپەروەری واتا بەخشینی ماف بە خاوەن ماف، یا دانانی ھەموو شت لە شوێنی راستەقینە و پێگەی سرووشتی و حەقیقی خۆیەوە، بەدەر لە ھەر جۆرە حیساباتێکی لابەلاوە.
ئێمە ناتوانین لە ھیچ کۆمەڵگایەک باس لە دادپەروەری بکەین، تادەرفەتی یەکسان و بەرابەر، لە ھەموو بوارەکاندا بۆ ئافرەتان نەڕەخسێ. بۆ ئەوەی تواناو بەھرەو تایبەتمەندییەکانی خۆیان تاقی بکەنەوەو بیناسن. کۆمەڵگایەک ناتوانێ بە دادپەروەری بگا، تا پرسی ئافرەت وەک پرسی ئینسان چاو لێنەکاو کۆتایی بە چەوساندنەوەی ڕەگەزی نەھێنێ،سیستەمێکی دادپەروەر دەبێتە میکانیزمی ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دەرخستنی تواناکان و بەھرەکانی ئافرەتان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی سیاسەت و ئابووری و بازرگانی و ...
ڕێکخراوەکانی سەبارەت بەئافرەتان چەندین سەدەیە، لە پێناو دەستەبەرکردنی یاسای یەکسانی و سیستەمێکی دادپەروەرانە تێدەکۆشێت، لەو پێناوەش قوربانی گەورەی داوە. لە قۆناغەکانی مێژووتاکوئەمڕۆیەکێک لە فاکتەرە ھەرە سەرەکییەکانی چەوساندنەوەی ژن لە زۆربەی کۆمەڵگەکان ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی یاساکان ھەمیشە لە بەرژەوەندی پیاواندا نووسراوەنەتەوە، چونکە پیاوان خاوەن بیرۆکە و داڕشتنی یاساو دەستوورن لێرەدا ئەرکی ژنانی ھۆشیار ئەوەیە کە شۆڕشی یاساو دەستوور گۆڕین بەرپا بکرێت ھەر لەو رێگەیەوە دەتوانرێت گۆڕانکاری ریشەیی بھێندرێتە بەرھەم، بە جۆرێک مافەکان بەدەستووری بکرێن .
بەگشتی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ڕێگە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە ‌و، دابینکردنی یەکسانی خۆش دەکات. دادپەروەری، دەبێتە ھۆی گەشەسەندنی کۆمەڵگە و پێشکەوتنی لە سەرجەم بوارەکاندا.
لەپێناو پێشخستنی کۆمەڵگاکانمان پێویستە لەسەرمان کە ڕاستی ودادپەروەریمان ھەبێت، بەڵام ئێمە ھەڵنەستاوین بە بونیاتنانی، بۆیە بەدەست شکستەوە دەناڵێنین .
بێ گومان ئامانج لە دادپەروەریی ، ڕەخساندن و دابینکردنی ژیانێکی پڕ لە شانازی و شەرافەتمەندییە بۆ تەواوی ھاووڵاتیانی وڵات، لەژێر سایە و سێبەری دەستوور و یاسادا. ئێمەی کوردیش، کە بە درێژاییی مێژوو ستەممان لێ کراوە، پتر لە ھەموو نەتەوەیەکی تر قوربانیی نەبوونی دادپەروەرین لە ژینگەی ناخۆیی ‌و ژینگەی دەرەکی. بۆیە دابینکردنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی ئەرکێکی نیشتمانی و ئەخلاقی ‌و نەتەوایەتییە کە گەلی کورد بە درێژاییی مێژووی خۆی خەباتی بۆ کردووە و قوربانیی بۆ داوە.
Top