پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک – گەرمیان لە (٥٩)مین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن

پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکوک – گەرمیان لە (٥٩)مین ساڵیادی هەڵگیرساندنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن

له ڕۆژگارێکی زۆر ھەستیاردا، لەپڕ لە ناوجەرگەی کوردستانەوە ھەڵۆیەکی زۆر تایبەت و باوەڕبەخۆ و بە گەڵ و خاکی پیرۆزی کوردستان، ھەڵۆیەکی سەربەرز و دووربین و تیژبین سەیری ھەر چوار دەوری خۆی دەکرد و بیری لە خاك و ئاسمان و دەریا دەکردەوە. دەیگوت دەبێت کار بکەین بۆ ئەوەی ڕێنیشاندەری ئەم گەلە پاك و دڵسۆز و خاوەن ئەم خاکە جوان و پیرۆزەی خۆمان بین. تاکو پێکەوە و بە باوەڕ بەخۆ و بە پرسی کوردستان بتوانین خۆمان و گەل و خاکەکەمان ڕزگار بکەین.
ئەو ھەڵۆ سەربەرزە بیری پاکی دەکردەوە و بەرز و زۆر باوەڕ بەخۆ بەسەر باشوور، ڕۆژھەڵات، باکوور و ڕۆژئاوادا دەفڕی و دەگەڕا. سەربەرز و زۆر خاکی و بێباك لە دوژمن و داگیرکاران دەیگوت باوەڕت بە خودا و خۆت و ڕەوایی پرسەکەت دەریایەکی لەبننەھاتووی ھێزە و، بەو ڕێبازە پیرۆزە سەردەکەوین. ستەم لە کەس ناکەین و ناھێلین ھیچ کەس و لایەنیش ستەممان لێ بکەن. ھەڵۆی مەرد و سەربەرز ئەو سنوورە دەستکردانەی نەدەناسی کە بۆ کوردستان دانراون و چ شوێنێک بۆ کوردستان گرینگ بووایە لەوێ لە مەیدان و لە پێشەوەی ھێڵی فیداکاری دەوەستا و کاری دەکرد.
ئەم ھەڵۆ سەربەرز و مەرد و مێشك پاك و دڵ پڕ لەخۆشەویستی بۆ کورد و کوردستان بارزانیی باوکی ڕۆحیی نەتەوەی کوردستان بوو، باوەڕی بە خۆی و گەل و ڕەوایەتیی پرسی کوردستان و سەرکەوتن ھەبوو. لە دوای پیلانگێڕیی نەیاران دژ بە کۆماری کوردستان لە مەهاباد ھەڵۆ سەربەرزەکەی کوردستان چووە یەکێتیی سۆڤیەتی ئەو سەردەمە و زۆر شوێنی دیکەی جیھانی ئۆروپی و عەرەبی و ئیسلامی لە هەر شوێنێك بووایە پرسی کوردستانی تاوتوێ دەکرد و دەیویست ماف بگەڕێتەوە بۆ خاوەنە ڕاستەقینەکەی.
لە ساڵی (١٩٥٨) پاش شوڕشی چواردەی تەمووز بە سەرۆکایەتیی عبدالکریم قاسم، بارزانیی نەمر لە ھەندەرانەوە بەرەو کوردستان کەوتە ڕێ و گەیشتە بەسڕە و لەوێیشەوە بۆ بەغدا و دواتر بۆ کوردستان. لە بەسڕە و لە بەغدا و لە کوردستان پێشوازیی زۆر گرینگ و پاکی لەلایەن گشت خەڵکی کوردستان و عێراقەوە لێ کرا، کە تا ئێستا لە مێژووی عێراق بەرز باس دەکرێت.
لە بەغدا لە ھەوڵی تەواو بوو بۆ بەدەستهێنانی مافی ئۆتونۆمی لە ناو عێراقێکی دیموکراتی لەو سەردەمە بۆ گەلی کوردستان.
سەرۆک لە سەردانێکیدا بوو بۆ ناوچەی بارزانی سەربڵند، لەو کاتانەدا ژمارەیەك لە ڕاوێژکارانی ھەڵگری بیری شۆڤینی کە لە دەوری عبدالکریم قاسم بوون، قاسمیان لەسەر بیر و ڕێی دروست لا دا و وایان لێ کرد فەرمانی ھێرشکردن و بۆردومانکردنی بارزان بدات.
ئەو ھێرشە نالەبارانەی بەغدا، وایان کرد بارزانی بەردەوامی بە بزاڤی ھەوڵدانی بدات پشت بەگەل و دروستی پرسی کوردستان و باوەڕی تەواوی بەخۆی، بەردەوام بۆ ماف و خاکی گەلی کوردستان لە ھەوڵدان بێت.
شۆڕشی ئەیلوولی مەزنی دەست پێ کرد.
کە ئەمڕۆ پەنجاونۆیەمین ساڵیادی شۆڕشی ئەیلوولی مەزنە، ھەر بەو یادە گرینگەی مێژووی کوردو کوردستان سەری ڕێز و نوازش بۆ ھەڵۆ سەربەرزەکەی کوردستان باوکی نەتەوەیی و ڕۆحی بارزانیی نەمر دادەنەوێنین. جوانترین پیرۆزبایی لە خەڵکی سەربەرزی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و ڕیزدار سەرۆك کاك مەسعود بارزانی دەکەین. شۆڕشی ئەیلوولی مەزن کە بە ڕابەرایەتیی باوکی رۆحیی نەتەوەی کورد و سەرکردەی مێژوویی مەلا مستەفای بارزانیی نەمر ڕابەری دەکرا، دۆزی ڕەوای گەلەکەمانی لە قۆناغێکی سیاسی بۆ قۆناخی دامەزراوەیی و میدیایی گواستەوە، بۆ قۆناغێکی (چەکداری) بەبێ خواستی سەرکردایەتیی کورد و بارزانیی نەمر. چونکە ڕژێمەکانی عێراق هیچ کات ئامادە نەبوون دان بە مافە ڕەواکانی گەلەکەماندا بنێن و، سیاسەتی داگیرکاری و چەوساندنەوە و ستەمیان دژی دێرینترین نەتەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیرەو دەکرد. بۆیە ئەو شۆڕشە بوو پێش پەنجاو نۆ ساڵ لە ڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆ بۆ بەرنگاربوونەوەی ستەمکاران و ڕەگەزپەرستان لە (١١)ی ئەیلوولی ساڵی (١٩٦١)وە هەڵگیرسا. شۆڕشەکە بووە جێگای ئومێد و هیوای نەتەوەیەك کە بە ناحەق و بەبێ ئیرادەی خۆی بەسەر چوار وڵاتدا دابەش کرابوو. شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە بڕیار و ڕێنماییەکانی بارزانیی سەرۆکی ڕۆحی توانیی بیر و خۆشەویستیی دڵ و ئامادەیی فیداکاریی زۆربەی کورد و کوردستانییان لە ھەموو شوێنێك بۆ پاڵپشتی و بەشداری و فیداکاریی شۆڕشی ئەیلوول یەك بخات کە هەموو چین و توێژ و پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستانی تێدا بەشدار و پاڵپشت بوون و توانیی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بەدامەزراوە بکات و پابەندی یاسا و بنەماکانی ماف مرۆڤ بن. لە کاتێکدا کە دوژمنان لە کوردستان بە دڕندەترین شێواز خەڵکی سڤیلی کوردستانیان دەکوشت و دەسووتاند و خاکی خەڵکی کوردستانیان داگیر دەکرد و دەیانچەوساندنەوە. سەرەڕای ئەوە سەرکردایەتیی شۆڕش بە ڕێگای ئاشتیخوازانە ھەوڵی دەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و مافەکانی لەگەڵ ڕژێمە یەك لە دوای یەکەکانی عێراق و، ئەوان بە پێچەوانەوە خاکی عێراقیان دەدایە دەوڵەتانی ناوچەکە تەنها و تەنها بۆ ئەوەی نەھێڵن کورد کەمترین مافی ڕەوای خۆی بەدەست بێنێت. بۆیە بارزانیی نەمر کە ڕابەرایەتیی شۆڕشی دەکرد ھیچ کات ئامادە نەبوو بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر مافی گەلی کوردستان و ناسنامەی کەرکوکی دڵی کوردستان و یەک بست لە خاکە پیرۆز و داگیرکراوەکەی کوردستان بکات. ھەر لەم یادە گرینگ و پیرۆزەی پەنجا و نۆ ساڵەی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوولدا، جەماوەری خۆڕاگری کوردستان دڵنییادەکەینەوە کە سەرەڕای هەموو گوشار و پیلان و پلانی دوژمنان و ناحەزان و داگیرکەران بەهەمان روحیەتی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن لە خەبات بەردەوام دەبین تا وەدیهێنانی تەواوی ئامانجە نیشتیمانی و نەتەوایەتییەکانمان و، سازش لەسەر کوردستانی بوونی کەرکوكی دڵی کوردستان ناکەین و لەگەل زامنکردنی مافی تەواوی نەتەوە و پێکهاتە و ئاینەکانی شاری کەرکووك لەبەر ڕوناکی دەستوور و یاسا و بەردەوام لەپێناو ئایندەیەکی گەش و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵکی کوردستان بە گشت پێکھاتەکان و فەراهەمکردنی مافە ڕەواکانیان لە سایەی دەزگا شەرعییەکان لە حکومەت و پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان کار دەکەین.
هەر لەم یادە پڕ شکۆیەدا سڵاو و دروود دەنێرین بۆ شەهیدە سەربەرزەکانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن
سەری ڕێز و نوازش بۆ باوکی ڕۆحی و نەتەوەییمان مستەفا بارزانیی نەمر و گشت شەهیدانی کورد و کوردستان دادەنوێنین
سڵاو لە هەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بەتایبەتی پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن
سڵاو بۆ پێشمەرگە و ڕابەری گەلەکەمان ڕێزدار سەرۆک مەسعود بارزانی
دکتۆر کەمال کەرکوکی
سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی
کەرکوک - گەرمیان
١١ی ئەیلوولی ٢٠٢٠
Top