تیری ھەموو دنیا ڕووی لەتۆبێت، باسنگت قەڵغانی بەرگری و ڕۆحت مەیدانی متمانەو ئەژنۆکانت سەنگەری نەکەوتن بن
September 13, 2020
وتار و بیروڕا
ئەتەکیەت......
ئەتەکیەت .....
بریتییە لە ھونەری مامەڵەکردن لە گەڵ خودی خۆت یان دەوروبەرت بەجێبەجێ کردنی کاری گونجاو لەناوکۆمەڵگادا، (بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ خەڵکیدا بکە کە پێت خۆشە مامەڵەت لەگەڵدا بکرێت)
ئەتەکێت ھەموو جوڵە وھەڵسوکەوتە کۆمەڵایەتی و نێو دەوڵەتییەکان دەگرێتەوە.
(دیل کارینگ)ی ئاماژە بەوە دەکات وشەی ئەتەکێت، سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ وشەی یۆنانی "کۆنستیکوس”، کە بە مانای سیستەمی چینەکان، یان توێژە کۆمەڵایەتییەکان دێت. بەڵام ھەندێ لە توێژەران سەرچاوەی وشەکە دەگەڕێننەوە بۆ Stephen، کە گوزارەیەکی ئەڵمانییە و بە مانای خەسڵەتی دیار دێت، لە کاتێکدا ڕای توێژەرانی فەڕەنسی وایە سەرچاوەی وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ چەمکی فەڕەنسیی Ticket، کە بە مانای تیکێتی چوونە ژوورەوە بۆ نێو کۆمەڵێکی ئاستبەرز دێت.
ھونەری ئەتەکێت بریتییە لە ڕەفتارنواندنی چاک و ڕێز لەخۆ گرتن و ڕێز لەخەڵک گرتن و مامەڵەکردنی جوان لەگەڵیاندا و، ھونەری خەسڵەتە باڵاکان و ھەڵسوکەوتی مەزنانە و پەسەندە لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە.
جا ئەگەر دەتانەوێت نەوەیەکی ھۆشیار بخولقێنن، بۆ ئەوەی ھێندە نەریت و خووڕەوشتی باشی ھەبێت توانای ئەوەی بداتێ کە لە کۆمەڵگادا گەشە بە پەیوەندییەکان بدات، ھەروەھا بۆ ئەوەی دەربڕینەکانتان دروست و زیرەکانە بن و لە ئەزموونەکانتانەوە فێربن، ئەوا پێویستتان بەوەیە کە بە بنەماکانی ھونەری ئەتەکێت .
ئەتەکێت لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا و لە ناویشیاندا مێدیا، ھونەری ڕەفتاری جوان و ھەڵسووکەوتی شارستانیانەیە، لە ھەر سەردەم و قۆناغێکدا، ھونەرەکە بە جۆرێکە کە پێویستە لە ناوەند و دەزگاکاندا و لەکاتی دانوستان و گفتگۆکردن و خوان و سەردانییەکاندا بە پێی بنەماکانی ئەتەکێت و دیبلۆماسییەت ھەڵسوکەوت بکرێت.
گرنکی زمانی جەستە لەوەدا بەدەر دەکەوێت کە بەپێی بنەماکانی سایکۆلۆژیا، زۆر جار مرۆڤ بە ھۆی یاساو رێساکانی موجامەلەکردن ناتوانێت لەرێگەی دەنگ و ھۆیەکانی گەیاندن بەراشکاوی ھەموو ھەست و نەستەکانی بۆ بەرامبەر باس بکات، بۆیە بۆ خوێندنەوەی دنیا شاراوەکان ھەمیشە پەنا دەبرێت بە یاساو بنەماکانی خوێندنەوەی جەستە، بە تایبەت لە دنیای سیاسەت گرنگی و بایەخی زیاترە.
ئەتەکێتی رێزگرتن
بە داخەوە ھەندێکجار گوێمان لەم وتەیە دەبێت کە دەڵێت: "ئەگەر رێز لە خەڵکی بگری، وادەزانن لێیان دەترسی". بەڵام ڕێزگرتن یەکێکە لە بنەما سەرەکییەکانی ئەتەکێت. ئەتەکێت واتە ڕیزگرتن. بەرامبەرت لە ھەر پلە و پایەیەک، ئایین و نەتەوەیەک، رەنگ و وڵاتێک بێت، دەبێت رێزی بگری. بەرامبەرت ئەو مافەی ھەیە کە رێزی بگریت و ئەگەر رێزی نەگریت، تۆ ئەو مافەت لێ پێشێل کردووە.
گرنگی ئەتەکێت :
ئەتەکێت نیشانەیەکی جیاکەرەوەیە وەک ھەرکام لە ھۆکارەکانی ڕێکخستن و بەڕێوەبردن بەشێوەیەک پەیوەندییە دەرەکییەکانی تاکەکان لەگەل گروپەکاندا ڕێک دەخات بەمەش ئازادیە دەرەکیە کۆمەڵایەتییەکەی ڕێک دەخات، ئەم چەمکەش پەیوەندیەکی پتەوی بەو کۆمەڵگەیەوە ھەیە کە ڕێکخستنی زنجیرەیی تێدا بڵاودەبێتەوە، لای ھەمووان ئاشکرایە بۆ مەراسیمی ھەڵبژاردنی شاجوانی کاتێک بەشدار بووەکان بە چەندین قۆناغی سەختی ڕکابەریدا تێدەپەڕن بۆ پەیڕەو کردن و نمایشکردنی گشت خەسڵەتەکانی ئەتەکێت و ھەموو ھەڵسوکەوت و بنەما سەرەکیەکانی بۆیە پێویستە لەسەر کەسی براوە جیاوازتر لە ماوەی پێش ھەڵبژاردنی وەک شاجوانی مامەڵە و ھەڵسوکەوت بکات چونکە ئەو کەسە شاجوانی وڵاتێکە ھەموو جۆری جولانەوەو نەریتێکی بە ڕەنگدانەوەی بە ئاکار و ئەتەکێتی وڵاتەکەی دادەندرێت.
ھونەری وتاردان گرنگە:
١. ئاگاداری ئیشارەتەکانی دەم و چاوت بە: ھەرگیز بێزار و بێتاقەت و تووڕە دیارمەکەوە. چونکە ئیشارەت و جولاندنی دەم و چاو و برۆ و دەست و ....ھتد پەیامی خێرا و مانادری زۆری تێدایە بۆیە ئاگادار بە لە بەکارھێنانیان. بەڵکو پێویستە ئەمانە لەبەرژەوەندی خۆت بەکار بێنی.
٢. بزانە گوێگرەکانت چاوەڕێی چی دەکەن و دەیانەوەێ گوێیان لە چی بێت؟ بۆیە بە گوێرەی چاوەڕوانی و پێشبینیەکانی ئەوان قسە بکە و لەناوەرۆکی وتارەکەتدا وەڵامی پرسیارەکانیان بدەوە.
٣. لەکاتی وتاردان ئاسوودە و دڵخۆش بە: چونکە ئەگەر دڵخۆش و ئاسوودە نەبی، ئەی گوێگرەکانت چۆن دەتوانن وابن؟ ھەست و سۆزی گوێگرەکان بجوولێنە و گەرم و گوڕی و حەماسەتیان پێ ببەخشە تاکو باشتر گوێت لێبگرن.
٤ئیلھامبەخش بە: ئەگەر دەتەوێ دڵ و ھۆشی خەڵک بۆخۆت ڕابکێشی، بۆیان بسەلمێنە کە ئەوەی تۆ باسی دەکەی ڕاست و دروست و بەڵگەنەویستە. ئەمە بەھای قسەکانت زیاد دەکات.
٥. دڵسۆز و ڕاستگۆ بە: سەرنجڕاکێشانی خەڵک ئاسان نیە، بەڵام ئەمە بە سادەیی دەکرێ، ئەویش بە ڕاستگۆیی و دڵسۆزی لە ئامانج و مەبەستەکانت دەردەکەوێ. ڕەنگە لەگەڵ ھەموو بۆچوونەکانت نەبن. یان بڕوا بە ھەموو ئەو شتانە نەکەن کە دەیڵێی، بەڵام دڵنیا بە لەھەموو پەیامەکانت تێدەگەن و رێز لە بیروبۆچون و قسەکانت دەگرن. خەڵک قسەکەری ڕاستگۆ و سادەیان خۆش دەوێ کە بتوانێ بە سادە و ساکاری و دڵسۆزی و حەماسەتەوە پەیامەکی بگەیەنێ، نەک کەسایەتیەکی لەخۆ بایی و قسە زل و درۆزن و بێکەڵک.
٦. لەکۆتاییدا، کاریگەری شێوازی قسەکردن واتە چۆن قسە دەکەی ٣٨%، کاریگەری جولاندنی چاو و برۆ و ئیشارەتەکانی دەم و چاو ٥٥%، مانای خودی وشە و قسەکان کاریگەریان تەنھا ٧%.
ئەتەکیەت وپەروەردەیی زمانی جەستە وانەیەکی گرنگی ڕۆژانەی ھەرتاکێکە گرنگی دان وبەدواداچوون ئەرکی سەرشانی شارەزایانی ئەو بوارەیە.