کازمی تۆ بۆ ئێمە لازمی

کازمی تۆ بۆ ئێمە لازمی

چەند ڕۆژێک بەری نھا مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە یاوەری شاندێکی باڵای حکوومی گەیشتە ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی دیکە لە بەرپرسانی باڵای هەرێم پێشوازیی لێکرا.

ئەم سەردانەی مستەفا کازمی بە یەکەمین سەردانی بۆ هەرێمی کوردستان دادەنرێت لە دوای دەستبەکاربوون و وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوو. ھاتنی مستەفا کازمی بۆ هەرێمی کوردستان و سەردان و بەسەرکردنەوەی لایەنە سیاسیەکان و دەروازە سنوریەکان شرۆڤە و لێکدانەوەی جۆراجۆری بۆ کرا.
ھەرچەندە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی هەرێم یەکێک بوو لەنێو ئەو لایەنانەی کە پشتیوانی لە مستەفا کازمی کرد بۆ بوون بە سەرۆکوەزیرانی عێراق.

سەردانەکەی کازمی کارێکی باشە بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە بزانین ئایا ھەر بەراستی مستەفا کازمی بۆ کوردستان فریاد رەسە و نیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەیە؟ یاخود ھاتووە نمایشی میدیایی بکات و ھەست و عاتیفەی کورد بۆخۆی ڕابکێشێ. گرنگ ئەوەیە بەڵێنەکانی بکاتە کردار و تەنھا خۆدەرخستنی میدیایی نەبێت .

ھەرچەندە مستەفا کازمی لە نمایشی میدیایی و ھەڵسوکەوتی جۆراجۆر و زمانی جەستەی درێغی نەکرد و توانی ئامانجەکەی بپێکێ، مستەفا کازمی نەپیاوێکی عەقڵێکی گەورە و فراوانی ناسراوە دەزانێ چۆن ئیش بکات و فۆکس بخاتە سەر خۆی. کار لەسەر ئەو شتانە بکات کە دەبێتە جێگەی سەرنج.

کازمی تۆ بۆ ئێمە لازمی، ئەمانە و چەندین ھوتافی دیکە و دەست لەسەر سنگدان و دانان و بڵاوکردنەوەی وێنەکانی کازمی و پێداھەڵگوتنی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان لەپای چی و بۆچی؟ مستەفا کازمی درێژەپێدەری زنجیرەی سەددام و عەبادی و نوری مالیکی و ھاوئاوازەکانی دیکەیە ئەگەر لەدەستیان بێت خراپتر لەجاران بەرانبەر بە کوردستان دەیکەن.

ئەوەتا کوردستان ڕووبارێک خوێنی داوە، چەندین پێشمەرگەی ئازا و چاپووک و چاو نەترس ڕوحیان پێشکەش بەخاک و وڵات کرد. جەنابی سەرۆک بارزانی ھەموو تەمەنی لەشاخ گوزەراند بۆ بەدیھێنانی خەونی لەمێژینەی کورد، ئیتر بۆچی کەسێکی بێگانە بکەینە چاوساغ و شانازی پێوەبکەین کە کەس نەزانێ چ نیەتێک و مەرامێکی لەدڵە بەرانبەر بە کورد و کوردستان.
Top