رێككەوتنی هەولێر و بەغدا واتا ئاشتی و سەقامگیری عێراق و ناوچەكەی لێدەكەوێتەوە ..
September 10, 2020
وتار و بیروڕا
ئەگەر هەڵوەستەیەك لە سەر مێژوویی گفتگۆكانی گەلی كورد لە سەردەم شۆرشی مەزنی ئەیللول لەگەڵ رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق بكەین ئەوا راستییەكەمان بۆ دەردەكەوێت كە هیچ كام لە دەسەڵاتدارانی بەغدا پابەندنی رێكەوتن و بەڵێنەكانیان نەبوونە ، دوای ماوەیەكی كورت پاشگەز بوونەتەوە و دواتر بە ئاگر و ئاسن وەڵامی مافەرەواكانی بزافی رزگاریخوازی كوردستانیان داوەتەوە .
بۆیە، ئەو جۆرە بیركردنەوەیە ، هەتا دوای راپەرٍینە شكۆدارەكەی بەهاری 1991 و ئینجا رووخانی رژێمی بەعس بەرانبەر بە مافەرەواكانی گەلی كورد گۆرانكاریان بە سەر نەهاتووە سەرٍەرایی ئەوەی لە عێراقدا دەستوورێك هەیە كە زیاتر لە %85 لەسەدای گەلانی عێراق كە تێیدا گەلی كورد بە دووەم گەورە نەتەوە لە عێراق هەژمار دەكرێت دەنگیان لە سەر داوە ،بەڵام دوای 15 ساڵ هەوڵەكانی سەركردایەتیی سیاسی كوردستان مافە دەستوورییەكان بەتایبەت 140ی تایبەت بە ئاساییكردنەوەی رەوشی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم .
ئاشكرایە ، ساڵانێكە كە گفتوگۆكانی نێوان هەولێر و بەغدا چەند ساڵیكە بە بیً چارەسەر بەردەوامە، لە ئەنجامدا دوای چەند سەردان و كۆبوونەوە گەیشتنە رێككەوتن لە سەر بوودجە و مووچە . هۆكاری هەموو ئەو هەوراز و نێشێوانەش دەگەرێتەوە بۆ بارودۆخی ناڵەباری سیاسی عێراق، كە بۆتە هۆی دەسەبەرداربوونی چەندین سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ماوەی یاسایی خۆیان و دەستبەكاربوونی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ ، سەرٍەرایی ئەوە حكوومەتی كوردستان لەگەڵ هەموو حكوومەتە یەك لەدوای یەكانی عێراق بەردەوام بووە لە گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەسەر مافەرەواكانی بەتایبەت ماددەی 140ی دەستوورو پرسی بوودجە و مووچە .
روون و ئاشكرایە، كە بابەتی رێكخراویی تیرۆریستی داعش هێشتا مەترسییەكی گەورەیە لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە ناوچە جێناكۆكەكان، نەهێشتنی مەترسیی داعش لە رووی سەربازی و فیكری، پێویستی بە هەماهەنگیی نێوان هەردوو لا هەیە، چونكە تا ئێستاش دەبینین داعش سوود لەو بۆشاییە ئەمنی و سەربازییە وەردەگرێت و كار و چالاكییەكانی خۆیان بەردەوامی پێ دەدەن. بە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ناوەند، دەتوانرێت ئەو بۆشاییە نەهێڵدرێت. بابەتێكی تر، كە پێویستی بە هاوكاریی نێوان هەردوو لا دەكات، پەتای كۆرۆنایە، بەتایبەتی كە ژێرخانی تەندروستیی عێراق بە گشتی پتەو نییە، بۆ ئەوەی بەرامبەر ئەو پەتایە خۆی رابگرێت، كە لێرەدا هەماهەنگیی نێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ناوەند كاریگەریی گەورەی دەبێت لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەتایە. بارودۆخی ئابووریی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی ناوەند لەدوای پەتای كۆرۆنا و هاتنە خوارەوەی نرخی نەوت، تووشی زیانێكی گەورە بووە، بە جۆرێك، كە بوژاندنەوەی ئابووریی بۆ عێراق كارێكی سەخت دەبێت. ناچار دەبێت، كە داوای قەرزی نێودەوڵەتی بكات، كە ئەمەش ئاستەنگی گەورەی بۆ دێتە پێش. بەدڵنیاییەوە باندۆری پەتای كۆرۆنا وەك شارەزایان باسی لێوە دەكەن، بۆ چەندین ساڵ بەسەر ئابووری و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا دەبێت.
هەروەها بابەتی ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان و بوونی پەكەكە و هێرشەكان سووپای توركیایە ، كە بووە هۆی شەهیدبوونی بەرپرسی سەربازیی كورد لە سوپای عێراق، پێویست دەكات، كە حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵی گفتوگۆی لەسەر بكەن و بڕیاری پێوست دەربكەن، بۆ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی سنوورەكان و هۆكار و ئەنجامدەرانی ئەو كارەساتانە بناسرێن.
بۆیە، دەتوانین بڵێین كە رێككەوتنی ئێستای هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی دەرخەری ئەو راستییە، كە لە نێوان هەولێرو بەغدا تفاهمێكی باش هەیە بۆ چارەسەری پرسەكان بە تایبەت بودجەو مووچە ، كە ئەمەش ئاسانكاری دەكات بۆ گفتوگۆكردنی زیاتر لە لەسەر تەوەرەكانی تر.چارەسەری هەموو كێشەكان و بەربەسەتەكانیش بریتییە لە لێكتێگەیشتن، كە هەیە كە هەموو ئەو هەلە لەنێوان هەردوو حكوموتی هەرێم و حكوومەتی فیدراڵ فەراهەم بووە، كە ئەمەش رێگەخۆشكەرە بۆ بەرەوپێشچوون و لێكتێگەیشتنی زیاتر.