لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان کورد چۆن خۆی لە ھاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا بگونجێنێ؟

لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکان کورد چۆن خۆی لە ھاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکەدا بگونجێنێ؟
بەداخەوە دوای سەدان ساڵ خەبات و بەرخۆدان و قوربانی، دەبێت لەبری بەئامانجگرتنی خۆبەڕێوەبەری و مودیرییەتێکی سەربەخۆ و ئیدارەیەکی ئازادی بێکێشە، ئێستا (کورد) بیر لە مانەوەی خۆی بکاتەوە. - یەکێک لە سیاسەتەکانی دەوڵەتە زلھێز و گەورەکانی دونیا کە دەشێ ناوی داگیرکاریشیان لێ بنێین، سیاسەتی ملکەچ بوون و رازیبوونە بە لۆژیکی "ناوچەیی" ناکرێ باس لە بابەتێکی گرنگی وەھا بکەین و پارچەکانی دیکەی (کوردستان) لە یاد بکەین، بۆیە دەشێ ئەم باس و خواسە بەسەر دوو بەشدا دابەش بکرێ، یەکەم: مودیرییەتی کورد لە چوارچێوەی عێراقدا، کە ئێستا کورد لەھەمبەر خەبات و قوربانی و راپەڕین و ئیرادەی خەڵکی (باشوور) خاوەن کیان و خاک و ئاڵا و زمانی خۆیەتی، پێشتر ئەوەی "عێراق" لێی دەترسا بەدەوڵەت بوونی کورد بوو، دەسەڵاتدارانی عێراق ھەمیشە ترسیان لەوە ھەبوو کە کورد لە پڕێکدا ھەلێک بقۆزێتەوە و دەوڵەتێک رابگەیەنێت، ئیدی ئەو سەروەری و یەکپارچەییەی باسی دەکات ئاوەژوو بکرێتەوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لە (عێراق) و دەسەڵاتی سیاسی عێراق لێی دەڕوانێ، قۆناغێكی دیکەیە، ئێستا ئەوان لەوە تێگەیشتوون کە دەتوانن سۆزی خەڵک لە باشوور بەدەست بھێنن، پێیان وایە بە دروستکردنی درز لە نێوان لایەن و خەڵکی شارەکان دەتوانن درزێکی گەورە لە بەرژوەندی خۆیاندا بکەنەوە، ئەمە پەل دەھاوێ بۆ جێخۆشکردن و لەباربردنی خەونی سەربەخۆیی و بڕینی شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکان، بە جۆرێک ئەومافەیشی زۆر نایاساییە، لێت دەکا بە یاسایی، ھەنگاو بەرەو نەھێشتنی کیان و خۆبەڕێوەبەری دەنێت، ئەمە کارەساتە ئەدی چارەسەر چیە؟.
پێشتر ھەموومان پێمان وابوو کە یەکگرتوویی خاڵی بەھێزی تەسلیم نەبوونە، چونکە بە یەکڕیزی ئیدی نەیارانیش حسابێکی دیکەت لەسەر دەکەن، چونکە بیرمان نەچێت چەند رۆژێک درز و یەکنەگرتوویی خەباتی سەدان ساڵی لە سفر نزیک کردەوە، بەڵێ دروست وایە، بەڵام ھۆکارێکی دیکەی گۆڕانکاری لە تێڕوانینی دەسەڵاتی "حکومەتی عێراق" رۆڵی دەوڵەتە ناوچەییەکانە، بێدەنگیی ئەمریکا لە زۆرێک لەو ماف و داوا حەقیقیانەی کورد کە ھەمیشە حکومەتەکانی عێراق فەرزیانکردووە بەسەر کورددا، بەوپێیەی ئەمریکا و ھاوپەیمانان کوردیان بە ھاوکاری سەرەکی خۆیان دەزانی لە تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش و ھەموو ئەو گرووپ و رێکخراوانەی دژی ئەوانن، راستی بابەتەکە لێرەدا ئەوەیە کە داھاتووی "کورد" لە عێراق و ناوچەکە پەیوەستە بە یەکگرتوویی و یەک گوتاری لە بەغدا. سیاسەتی تەسلیم نەبوون و کارپێکردنی دەستوور، ھەروەھا نێوەندگیریی ئەمریکا و بەخۆداچوونەوەی سیاسەتەکانی، چونکە بێشک ئەگەر ئەمریکا لێگەڕێ دۆستەکانی تەراتێنیان پێ بکرێ، جێ پێی خۆیشی لەق دەبێت، بۆیە بێ شک مەسەلەی کورد و عێراق مەسەلەیەکی ئێستا و سبەی نییە، بەڵکو ئەمە رێککەوتنێکی وەھای دەوێ کە کورد لە رێککەوتنەکاندا نەبێتە قوربانیی سیاسەتەکانی ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
کورد لەپارچەکانی دیکە: پەرتەوازەیی و یەکدی قبووڵ نەکردنی کورد تەنگی بە پارچەکانی دیکەش ھەڵچنیووە، کوردەکان لە باکوور و رۆژئاوا و رۆژھەڵات، ئەوەی زیاتر خەونی مودیرییەتی لێ زەوت کردوون، بەھێزیی دەوڵەتەکانیانە، بێشک ھەتا ئەو دەوڵەتانە لاواز نەبن، رێگەیەک بۆ گەرانەوە نییە، سووریا و تورکیاش بە ھەمان پاکێج.
ھۆکاری سەرەکیی بێئەنجام بوونی قەزیەی کورد لەو پارچانە دوو گرفتە، یەکەم: پەرتەوازەیی و لێک دابڕان و نەبوونی پڕۆژەیەکی ھاوبەش بۆ گفتوگۆ ھەریەک لەو حیزبانەی کە خۆیان بە خەباتگێڕ دەزانن، جۆرە تێڕوانێکیان بۆ گفتوگۆ ھەیە، ھەندێکیان باوەڕیان بە گفتوگۆ نییە و پێیان وایە شەڕی یەکلاکەرەوە چارەسەرە پێچەوانەکەشی ھەر ھەیە.دووەم: خۆ لادانی دەوڵەتە بەکارھێنەرەکان نموونەیەکی سادە (ئەمریکا) کە ھەموو جۆرە جووڵە و پەیوەندییەکی لەگەڵ پارتەکانی رۆژئاوا بۆ تێکشکاندنی داعش ھەبوو، سەرکەوتووش بوو لەوەدا، بەڵام ھۆکار چییە کە ئەمریکا دوای ئەوەی کە خۆبەڕێوەبەری بە کورد رەوا نابینێ؟ دەشێ حەرەکەی ھەندێک گرووپی کوردی لە چیاکان ھۆکار بووبێتن بۆ لەباربردنی گفتوگۆ، بەڵام ئەمە ھەر نابێتە ھۆکاری خۆدزینەوەی ئەمریکا و رووسیا و تورکیا و ئێران لەو واقعەی کە کورد لە پارچەکان ھەیەتی.
راستییەکەی ھەر وەک ئەوەی باسکرا سادەیە،ئەمریکا گەر بیەوێ خۆی بەھێز بکاتەوە لە عێراق و ناوچەکە بە گشتی، رێگە چارە کوردەکانە، چونکە دوور نییە ھەر وەک چۆن ئێرانی لێ راست بۆتەوە، دوور نییە سبەی عێراق و تورکیاشی لێ راست ببێتەوە و ھیچ حیسابیک بۆ سیاسەت و جووڵەکانی لە ناوچەکەدا نەکرێ. لێرەدا دەکرێ بگەینە ئەو ئەنجامەی لەو قۆناغەدا کاتێک بارودۆخی (سیاسی و ئابووری و تەندروستی) لە لێژیدایە، ئەوەی کورد ھەوڵی بۆ بدات خۆگونجادنە لەگەڵ واقع و تەسلیم نەبوونە بە ھیچ داوایەک، کە ببێتە ھۆی زیانگەیاندن لە داھاتووی سیاسی خۆی، بۆیە باشترین رێگە چارە یەکگرتوویی و ھەبوونی پڕۆژەیەکی ھاوبەشی نەتەوەییە لەپێناو بەھێزبوون و مانەوە و ھەنگاونانی دروست، بە ئاراستەی خۆ بەڕێوەبەری ھەمیشەیی
Top