ئایا نەوت جارێکی تر بەربەستی ٦٠$ تێدەپەریَِنێت
September 8, 2020
وتار و بیروڕا
لەسەرەتای مانگی حوزیرانەوە لەدوای جێبەجێکردنی رێکەوتنامەی ئۆپێک وئۆپێکبلاسو بەدیکردنی جۆرێک لەجموجۆڵی ئابووری و وەگەڕخستنەوەی زۆرێک لەکارگە پیشەسازییەکان، نرخی نەوت کە پەیوەندی راستەوانەی ھەیە لەگەڵ ئەوانەی کە ئاماژەمان پێیکرد گەیشتە دەوروبەری ٤٠$ بۆ ھەر بەرمیلێک.
ئەو کەمکردنەوەیەش لەبەرھەمھێنان کەوا ئۆپێک و ئۆپێکپلاس پێیھەڵساون بەشێوەیەکی باش بەرێوە دەچێت، بەتایبەت لەگەڵ پابەند بوونی ئەو بەرھەمھێنەرانەی کەوا سەرەتا دوودڵ بوون لەجێبەجێکردنی کەمکردنەوەی ئەو بڕەی بۆیان دیاریکرابوو وەک نێجیریا، کازاخستان، عێراق، ئازربیجان و ئەنگۆلا.
لەراپورتێکدا کە پێگەی (Oil Price) ئەمریکی بڵاویکردەوە شارەزایان وای بۆ دەچن کەوا نەوت نرخێکی سەرسوڕھێنەر تۆمار بکات و ١٠٠$ تێپەڕ بکات ئەمە بەبۆچوونی شارەزایان لەبانکی جیپی مورگان (JP Morgan) ، کەبەدواداچوون بۆ نرخی نەوت دەکات و پێشبینیەکان لەبارەی نرخی نەوت دەخاتەروو.
ھەر لەمبارەویەوە (Christian Malek) سەرۆکی بەشی توێژینەوەی نەوت و گاز لەئەوروپا و رۆژھەڵاتی ناوەراست وئەفریقیا لەبانکی (JP Morgan) باس لەگەشبینی خۆیدەکات بەشێوەیەک ئەو پێیوایە نرخی نەوت دەگاتە نرخێکی پێوانەیی تا ١٩٠$ بەرزدەبێتەوە بەھۆی کەمکردنەوەی زۆری خەرجی سەرمایەداری لەلایەن بەرھەمھینەرانی نەوت، لەکاتێکدا نرخی بەرمیلیک نەوت نەگەشتۆتە ١٠٠$ لەوەتەی ساڵی ٢٠١٤، شایەنی باسە نرخی یەک بەرمیل نەوت ١٤٥$ تێنەپەڕاندوە لەماوەی دوو دەیەی رابردوودا.
بەپێی راگیەندراوێکی وەزارەتی وزەی سعودیە پێشبینی دەکرێت کۆی کەمکردنەوەی ئاستی بەرھەھێنان بگاتە ٢٠ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا ئەگەر بێتو وڵاتانی تری دەرەوەی رێکخراوی ئۆپێکوەک (وویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا & کەنەدا) ھەماھەنگ بن لەکەمکردنەوەی بەرھەمھێنان کە ئەمەشیان ھۆکارێکی زۆر بەھیزە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەئێستادا.
ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین ھەموو ئاماژەکان بەرەو ئەوە دەچن کە نرخی نەوت بە ئاراستەی بەرزبوونەوە دەروات چونکە وڵاتانی (Opec & Opec plus) تارادەیەکی باش پابەندن بەو رێککەوتنەی کەھەیانە وھەماھەنگیەکی تەواو دەکەن لەنێوانیان تابتوانن جارێکی تر نرخی نەوت بگەیننە ئەو ئاستەی کە لەمەترسی مایەپووچ بوون رزگاریان بێت.
کەمکردنەوەی خەرجی سەرمایەداری یورکا بەری بۆ مانەوە لەلایەن کومپانیاکانی بەرھەمھێنانی نەوت ، لەگەڵ دابەزینی بەمدواییانەی نرخی نەوت بۆ کەمترین ئاست لەماوەی چەند ساڵی رابردوو، وەبەرکەوتنی زیانێکی مەزن بەکەرتی نەوتب ەھۆی پەتای کۆڤید ١٩ و بەرھەمھێنەرانی نەوتیب ەردی (Oil Shale) کەوتنە قۆناغی ململانێ لەپێناو مانەوەیان، تێچوی سەرمایەداریەکانیان کەمکردەوەلە ٢٠٢٠ بۆ نزیکەی ٨٥ ملیار دۆلار، ئەمەش وەک ھەوڵدانێک بۆ پاریزگاریکردن لەتەرازووی گشتی (Balance sheet ) ھەروەھاپارێزگاری کردن لەماف وپێدانی خاوەن پشکەکان ونەختینەیی کۆمپانیا.
بەپێی زانیاری کارگێری وزەی ئەمریکی، ھاوکاریکردنی نەوت دادەبەزیت بۆ زیاتر لە ٤٥ ملیۆن بەرمیل رۆژانە ئەگەر بێت وەبەرھێنانی سەرمایەداری نەکەوێتە نێو کێڵگە نەوتییە نوێیەکان لەماوەی نێوان ٢٠٢٠-٢٠٢٥. واتە ئەگەر سەرمایەی زێدەکی خەرج نەکرێت بۆ کێلگە نەوتییە نوێیەکان رۆژانە ٤٥ ملیۆن بەرمیل نەوت کەمدەکات لەبەرھەمھێنانی رۆژانەی کە ئەوەش یارمەتیدەرێکی زۆر بەھیز دەبێت بۆ ھەڵکشانی نرخی نەوتی خاو لەبازارەکانی جیھاندا.
گریمان ئەگەر خواستی جیھان لەسەر نەوت پاشەکشە بکات بە تێکرای ١٠ ملیون بەرمیل رۆژانە لەدوای پەتای کۆرونا، ئەوە بۆشایەکی گەورە دروستدەکات لەسەرخواست و خستەروو بە نزیکەی ١٧ ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە بەرھەمھێنان کاریگەری ماددی دەبێت لەسەر خەرجی سەرمایەداری لەسەر ئەو ئاستەی ئێستا بۆ ماوەی دوو ساڵ یان سێ ساڵی داھاتوو. واتە کەمکردنەوەی خەرجی سەرمایەداری وادەکات بەرھەمھێنانی نەوت بەو شیوەی ئێستا بمێنێتەوە.
زیرەکی کۆمپانیاکانی نەوتی بەردینی:
بەرھەمھێنان دووچاری کورتھێنان دەبێت ئەگەر خەرجی سەرمایەداری زیاد نەکرێت، وە رەنگە پێشبینیەکە وای لێنێت کە نرخی یەک بەرمیل نەوتب کاتە ١٠٠$ ھەروەکو چۆن ھەریەک لە (JPMorgan) و (Christian Malek) پێشبینیان بۆ کردبوو، ھەڵبەزین ودابەزینی ئەمدواییەی نرخی نەوت تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کەوا دڵنیایی نییە لەوەی نرخی نەوت لەئاستێکدا جێگیربێت، بەرھەمھێنەرانی نەوتی جیھانی ھەموویان یەک ئامانجیان نییە، رەنگە ھەریەکێک ئامانجێکی دیاریکراوی ھەبێت، رەنگە یەکێک بیەوێ نرخی نەوت داببەزیت بەو ئامانجای بتوانێت کە زیان بە نەیاری خۆی بگەیەنێت وەک ئەوەی روسیا وسعودیە لەگەڵ یەک کردیان، وڵاتێکی تر کێشەی دارایی ھەبێت بیەوێ کورتھێنانی بودجە پڕ بکاتەوە، وڵاتێکی تر پلانی ستراتیژی دابنێ بە پشت بەستن بە ھەناردەی نەوت وبازرگانی پێکردنی، ھەریەکە وبە جۆرێک رەنگە کاری لەسەر بکات. ئەمە وادەکات گۆرانکاری لەسەر نرخی نەوت دروست بێت وکاریگەری راستەوخۆی ھەبێت لەسەری وەپێشبینیکردنەکان زۆر دروست دەرنەچێت، وەگۆرانکاری بەردەوام لەسەر قەبارەی نەوتی خاوی بەردینی بەردەست، بەداینەمۆی سەرەکی گۆرانکارییەکان دادەنرێت لەسەر نرخی نەوتی جیھانی، ئەمە لەگەڵ ئەوەی کاریگەری درێژخایەنی ھەیە لەسەر بەھێزی وباشی وجۆری سووتەمەنی بەشیوەیەکی گشتی، گوڕانی ئاراستەی جیھانی بەشێوەیەک کەرێک نەخراوە لەسووتەمی چاڵی (Fossil fuels) کە بەعەربیەکەی پێیدەگوترێت (الوقودالحفری)، ئەوانەی باسمان کرد ھەمووی بەھەواڵی دڵخوشکەر دادەنرێت بۆ ئەوانەی کە کڕین وفرۆشتن بەو جۆرە سووتەمەنییە دەکەن، بەڵام پلانی یاریزانان لەو جۆرە پیشەسازییە قورستر دەکات بەشێوەک پێویستە زۆر بە وردی مامەڵە گەڵ بارودۆخەکاندا بکەن.
لێرەداپرسیاریکی گرنگ دەمێنێتەوە دەربارەی ئەوەی ئایا تاچەند دەتوانی بەرەنگاری ئەو قەیرانە بەردەوامە ببیتەوە بەو گونجاندنەی کە لەپێشووتردا ھەیبووە لەگەڵ قەیرانەکان؟
لەراستیدا، دوای قەیرانی نەوت لەساڵانی (٢٠١٥ – ٢٠١٦) بەرھەمھێنەرانی نەوتی بەردی توانیان بەربەستی جەنگی نرخ بشکێنن لەگەڵ سعودیە ئەویش لەرێگای کەمکردنەوەی تێچوو بەرێژەی ٥٠% وەھەروەھا راکێشانی وەبەرھێنەران بۆلای خۆیان، ئەم ھەنگاوە بوو بە قۆناغێکی باشی گەشەکردن، و لەگەڵ دەستپێکردنی کەمکردنەوی ئاستی بەرھەمھێنان جارێکیتر لەلایەن ئۆپێک، نەوتی بەردی ئەمریکی بەرھەمھێنانی خۆی زیادکرد بە قەبارەی ٤ ملیۆن بەرمیل لەرۆژێکدا لەماوەی نێوان ٣ - ٤ ساڵ.
بەڵام ئەمجارە جیاوازتر لەجارانی تر بەخت یاوەری کۆمپانیا نەوتیەکانی بەردی ئەمریکا نەبوو، چونکە ئەمجارە ئەو کۆمپانیایانە تەنھا ھەوڵی مانەوەیان دەدەن کار بۆ ئەوە دەکەن کەوا مایە پووچ نەبن بەتایبەت کە خەرجی سەرمایەداری خۆیان کەمکردەوە بەرێژەی ٣٠% لەمساڵدا.
ئەمجارە کارەکە زۆرتر لەجاران ئاڵۆزتر بووە چونکە تێچوی سەرمایەداریەکی نەگەیشتۆتە ئاستەکانی پێشووتر کەوا تۆمارکرا بوون پێش دواین قەیرانی نەوت، ئەمە بەواتای ئەوەی کاتی پێویست لەبەردەست نییە بۆ کەمکردنەوەی تێچوی تر بەبێ ئەوەی زیان بەو کەرتە بگەیەنێت، چونکە ئەم کەرتە قەرزێکی زۆری لەسەر کەڵەکە بووە و چیتر ناتوانێ قورسایی ئەو ھەموو قەرزە ھەڵگرێت بەو بارودۆخەی ئێستای.
بوژانەوە ونرخێکی گونجاو:
واپێدەچێت وڵستریت (Wall Street) کە گۆڤارێکی رۆژانەیە بەزمانی ئینگلیزی لەلایەن بۆرسەیداون جونزی جیھانی (Dow Jones) دەردەچێت لەولایەتی نیۆیورکی ئەمریکی، وەکۆنترین وگرنگترین بۆرسەیە لەو ویلایەتەدا، ھیچ گۆرانکاریەک بەسەر بۆچوونەکانی نەیەت تائەوکاتەی کێبرکێی نرخ دەگاتە ئاستێکی بەرز، وەھەریەک لەوڵاتانی سعودیەو روسیا چاودێری ملاملانێنە و تیبەردینی دەکەن بەو ھیوای پشکێکی گەورەتریان بەرکەوێت لەبازاردا، واتە بتوانن رێژەیەکی زیاتر لەنەوتی خاو بەرھەم بێنن وبیخەنە بازار، بەڵام ئەو جۆرە ستراتیژیە بەدەر نییە لەمەترسی بۆ ھەرلایەک لەم لایەنانە، بەتایبەت وڵاتی سعودیە کە نەوت بربرەی پشتی ئابووری ئەو وڵاتەیە.
لەمبارەیەوە سیاسەتمەدارانی ئەمریکی سەرزەنشتی سعودیە دەکەن لەسەر داڕمانی نرخی نەوت بەمدواییانە کە دووچاری بووە سعودیە بە ھۆکاری ئەم داڕمانەی نرخدەزانن، وە لەمدواییانە ئەندامانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکی ئەوانەی کە سەر بەوویلایەتانەن کەوا نەوتی لێ بەرھەم دێت وەکو ولایەیەتی تکساس بەکێشانەوەی یارمەتییە سەربازیەکانی ئەمریکا بۆ سعودیە، وەلەمەودوا مامەلەی توندتر دەکەن لەگەڵی ئەگەر نرخی نەوت بەو نزمیە بمێنێتەوە.
وەھەروەھا لەوە ناچێت کەوا (Wall Street) گرنگی بەو کێبرکێیە نوێیە بدات لەسەر نرخی نەوت، بەڵام رەنگە ھەماھەنگی بکات بۆ ئەوەی نرخەکە نزیک ببێتەوە لە ٨٠$ بۆ ھەر بەرمیلێک، ئەمەش ئەم نرخەیە کەوا وڵاتی سعودیە پێویستی پێیەتی بۆ ھاوسەنگ کردنی بودجەی خۆی.
لەکۆتایید اوەک نووسەری بابەتەکە بەپشت بەستن بەو داتاو زانیاریانەی کە بەردەستن، ئەگەر جیھان بەو ئاراستەی ئێستا بروات وکرانەوەیەک دروست ببێت لەنێوان وڵاتانی جیھان بەتایبەت وڵاتە پیشەسازییەکان وگەشتیارییەکان، وەپابەند بوونی رێکخراوی ئۆبیکوئۆپێکبلاس (Opec & Opec plus) بە کەمکردنەوەی بەرھەمھینانی نەوتی خاو، وەدروست نەبوونی ململانێیەکی سیاسی لەنێوان وڵاتانی بەرھەمھێنی نەوت وپابەند بوونی کۆمپانیا بەرھەمھێنەکانی نەوتی بەردینی ئەمریکا، نرخی نەوت تاکۆتایی ئەمساڵ ٦٠$ تێدەپەڕێنێت.
• مامۆستای زانکۆ / دکتورا لەژمێریاری وکارگێری دارایی