زمانی کوردی و ونبوونی

زمانی کوردی و ونبوونی

یورگن ھابرماسیش دەڵێت: "ھەرکەسێک خاوەن زمانێک بێت، ئەوا خاوەنی دنیایە"

زمان دەسەڵاتە" (ھابێرماس)
گوتەی بەناوبانگی ھابێرماس"زمان دەسەڵاتە" بە مانای ئەوەیە کە "زانین دەسەڵاتە" و بەرھەمھێنانەوەی زانین دەبێتە مایەی بەرھەمھێنانی "ھەقیقەت

زمانی نەتەوەیەک کلیلێکە بەھۆیەوە دەتوانرێت کەلتوری ئەو نەتەوەیە بناسرێت، زمان وەک ھۆیەک بۆ لەیەکگەیشتنی مرۆڤ لەیەکتری، گرنگترین دیاردەیە لەژیانی مرۆڤدا، ھەربۆیەش بەباڵاترین کەرەسەی شارستانێتی دادەنێت،زمان یەکێکە لەو بەھایانەی نەتەوە کەوا بەردەوام لەگۆراندایە، ئەمەش زمانی کوردی وەک ھەر زمانێکیتر دەگرێتەوە. ئەم پڕۆسیسی گۆرانکاریە پەیوەستدارە بەگۆڕانە کۆمەڵایەتی، ئابووری، رامیاری و ئایینییەکان. بەھۆی ئەم گۆرانکاریانە، کە بەتایبەتی لەبوارەکانی تەکنەلۆژیاو میدیادا زیاتر بەرچاودەکەون مانگانەو ساڵانە بەدەیان و سەدان وشەی نوێ دەھێننە ئاراوە. ھاتنی ئەو وشەو چەمکە نوێیانە ئەوە دەخوازن کەوا ھەر نەتەوەیەک لەفەرھەنگی ساڵانەی خۆیدا تۆماریان بکا، جا بەو شێوەیەی کە لەلایەن زمانزانانی ئەو شوێنە پەسند دەکرێن. پاشان ئەو فەرھەنگە نوێییە بکەوێتە بەردەستی خوێندەوارانی ئەو وڵاتە، تاکو خوێندەواران بتوانن سوود لەووشە نوێکان بەشێوەیەکی راست و دروست وەربگرن، ببێتە زمانی ستاندار.
ئەگەرچی بە شێوەیەکی ئاکادێمی و رێکوپێک لەسەر زمانی کوردی و مێژووی زمانەکەمان کاری پپویست نەکراوە، بەڵام توێژینەوە و شیکردنەوەی زمانی زگماکی یا خود ریشە و ھۆوییەتی زمانی نەتەوەییمان، لەگەڵ ئەوەش زانیاری و ناسینی زمانەکەمان، ئەرکی پپویستی سەرشانی ھەموو لایەکە، کە پێویستە لەسەریان بدوێن، ھەرچەند بڕینی ئەو رێگەیە گەلێک دژوارە و سنووری زمانی کوردی وا بە ئاسانی دەسنیشان و دیار ناکرێت.
زمان وەزانستی زمانەوانی پەیوەندی ڕاستەوخۆی ھەیە بە پەروەردەکردن شکۆی روح, فەرھەنگ, ھونەر و گەشەی ھەستی جوانی ھەرتاک و نەتەوەیەک, ھەتا گەورەیی و وێژەوانی / ئەدیبانی ھەر نەتەوەیەک پەیوەندی بەدەوڵەمەندی زمانەوە ھەیە لە وشەدا لەگەڵ تەکنیکی بەکارھێنانی زمان. لەسەر ئاستی مامڵەی کۆمەڵایەتی, سیاسی, دیبلۆماسی وەھەروھا ھەموو بەشە زانستییەکان وبازرگانیش زمان بە ھەموو رەھەندەکانیەوە /بەشەکانیەوە ڕۆڵی بناغەیی ئەبینێ، واتە زمان سەرچاوەی بوون و ژیانی ماددی و معنەویە ھەم لەسەر ئاستی تاک ھەم لەسەر ئاستی نەتەوە.
""یەکێک لەو بابەتانەی کە زمانەوانی کۆمەڵایەتی گرنگی پێدەدات، زمانی دایکە:
چەمک ‌و پێناسەی زمانی دایک:
مرۆڤ کە لەدایک دەبێت ھەوڵدەدات پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵا دەوروبەردا رێکبخات، ئەم پەیوەندییەش سەرەتا بەھۆی گریانەوەیە، بەرەبەرە بەپێی قۆناغەکان زمانی دەپژێت بە زمانی دایک، کە ئەو زمانەیە منداڵا یەکەمجار لە خێزاندا وەریدەگرێت، زمانی (یەکەم، زگماک، لەدایکبوون، خۆماڵی، شیری)یشی پێ دەوترێت، ئەم زاراوانە سینۆنیمن، لە زانستی زمانی دەروونیدا بەکاردەھێنرێن بۆ فێربوونی ئەوزمانەی منداڵ سەرەتا وەریدەگرێت، ئەویش دەبێت بە یەکێک لە قسەپێکەرانی زمانەکە، زمانی دایک لە زاراوەکانیتر گونجاوترە، چونکە دایک نزیکترین کەسە لە ساواوە"
مەھاباد کامل وەک مامۆستایەکی زانکۆ بەمجۆرە پێناسەی زمان دەکات و دەڵێت:" دیارە لەبەر نەبوونی دەزگایەکی یا ناوەندێکی سەرەکی کەوا بۆ رێزمانی کوردی تەرخان کرابێ، بەشێوەیێ کەئەرکی پاککردنەوەو پاکڕاگرتن، گەشەپێکردن و مۆدێرنکردن ھەروەھا شێوازی نووسینی زمانی کوردی بگرێتە ئەستۆ، زمانی کوردی تووشی ئەو کێشانەو کێشەیتر بووە".
لێرەدا دەبێ ئاماژە بە ڕۆڵی ھێزەزمانەوانەکان وپسپۆڕانی بواری کاربۆ پەرەپێدانی بەکارھێنانی زمانی کوردی لە گۆڤار و ڕۆژنامە و تەنانەت دانانی لەناوسیستەمی پەروەردەیی … کاریان کردوە و خزمەتی زمانی کوردییان کردوە؛
کاتێک باس لە زمانی کوردی دەکەین نابێ لە دەوری کەسانی خەمخۆر و دڵسۆزی ئەم زمانە غافڵ بین.
لە کۆتاییدا لەبەرخاتری مانەوەی زمانی کوردی، لەبەرخاتری نەوەکانی داھاتوومان تابتوانن زمانی دایکیان زمانی نوسین و خوێندنەوەیان بێت تا چێژ لە ئەدەب و ھوونەری کوردی ببینن ڕوو ئەکەمە پسپۆڕانی بواری زمانی کوردی وبواری پەروەردە و فێرکردن تکا لە چالاکوانی ئەو بوارە و خەمخۆرانی زمانی کوردی ئەکەم بە پەرۆشەوە بڕواننە ئەم پرسە گرنگە و ھەوڵەکانی خۆیان بخەنە گەر بۆ بە کوردی کردنەوەی زمانی خوێندن .
Top