ئاستەنگەکانی پزیشکی دادوەری

ئاستەنگەکانی پزیشکی دادوەری

زۆر جار پرسیارم لێ دەکرێت پزیشکی دادوەری چییە؟ کارتان چییە؟ چی دەکەن؟ بەڵام کەس ناپرسێت ئایا چ قورساییەک لە کارەکانتاندا ھەیە ؟؟؟
پزیشکی دادوەری تاکە زانستە کە کاری پزیشکی دەبەستێت بە دادگا و ئەوەی دەگاتە پزیشکی دادوەری ھەمووی کێشەی گەورەو قورسە، تەنانەت بڕیاردان لەسەر حالەتەکان کێشەکان یەکلایی دەکاتەوە و ھەموو شتێک ئاشکرا دەکات و لەسەر قسەو بڕیاری ئێمە خەڵک سزا وەردەگرێت یان بێتاوان دەکرێت و دادوەر لەسەر قسەی ئێمە بڕیار دەدات، چونکە ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری بەڵگەیەکی ھونەریی و پزیشکی یەکلاکەرەوەیە.
لە ھیچ شوێنێک چەپڵە بە یەک دەست لێنادرێت، لای ئێمەش شان بەشانی پزیشکان کۆمەڵێک توێکاری بەڕێز و بە توانا ھەن کاردەکەن کە بەڕاستی لێھاتوو و زیرەکن.
ئەم شوێنە کە ئەو ھەموو کێشەی تێدا یەکلا دەبێتەوە لە دەست درێژی سێکسی و کوشتن و ناکۆکی و حالاتی خۆکوشتن و خنکان و سووتان تەنھابە( ٩ پزیشکی پسپۆڕ و ٦ توێکار ) بەڕێوە دەچێت.
ڵەگەڵ ئیمەش پزیشک و کارمەندی تاقیگە ھەن.
ھەموو ژیانی ئەو پزیشک و توێکارانە لە مەترسی و ناخۆشی دایە وەک سەربازی ون کاردەکەین، ڕوژانە پێمان دەڵێن ئێوە بەشی جەستە دەدزن ...یان ئێوە ڕاپۆرت دەگۆڕن... یان ھەڕەشەمان لێدەکەن ...یان لەناو پەیمانگە دەبێتە دەمە قاڵێ.....
بۆ ھەریەکێک کە دەڵی کاری ئێوە ئاسانە داوای لێدەکەم با یەک ڕۆژ بێت دەست بداتە جەنازەیەک توێکاری بۆ بکات، یان بچێت گۆڕ ھەڵدانەوەیەک بکات و بڕیار بدات لە ھۆکاری مردن، یان جەستەیەکی سەر بڕاو بەڕێ بکات یان جەنازەیەکی پارچە پارچە بەڕی بکات، یان کاتژمیر ٢ ی شەو بچێت تەشریح بکات، یان جەنازەیەکی تێکچوو کە بۆنی کردبێت بەڕێ بکات کە تەحەمولی بۆنی دەکەین و کرمی ناو جەستەی لادەدەین تاکو کاری لەسەر بکەین، یان جەنازەیەکە سووتاو بەڕی بکات یان مامەڵە بکەین لەگەڵ دایکیک یان باوکێکی جەرگ سوتاو.
وەک ئەوەی پزیشک و توێکارەکان دەیکەن بەڕاستی ئەوە دڵێکی زۆر ئازای دەوێ، بە شانازییەوە پزیشکی دادوەری فێری کردین کە لە ھیچ شتێک نەترسین.
یان بڕیاردان لەسەر چارەنووسی کچێک بۆ پەردەی کچێنی دێتە لامان کە بەڕاستی بڕیاریکی زۆر قوڕسە، ھەندێجار لە دەستمان دا دەمێنی و ناتوانین بڕِیار بدەین بە ٣ پزیشک چونکە دەزانین چی لە دواوە ھەیە ئەم بڕیارە.
تا ئێستا زۆرانێک نازانن ئەو قوڕساییەو ئەو کارانەی ئێمە ئەمە جگە لە خەملاندنی تەمەنی بەندیخانەکان کە دادوەر لەسەر ئەو تەمەنەی ئێمە بڕیار بۆ ئەو کەسە دەردەکات و سزا دیار دەکات زۆر جار شەو خەوم لێنەکەوتووە بەھۆی ھەندێ شت بینیومە.
ئەوەی لەم شوێنە کار دەکات چ پزیشک چ توێکار دەبێ کەسی بوێر بیت.
• پسپۆڕی پزیشکی دادوەری و مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکی
Top