ھەرێمی کوردستان لەقۆناغی ئەمڕۆدا

ھەرێمی کوردستان لەقۆناغی ئەمڕۆدا

ھەرێمی کوردستان لەم قۆناغە ھەستیارەی ئێستادا ڕووبەڕووی دوخێکی ئاڵۆزو قەیراناوی بۆتەوە، چ لە ڕووی ئابووری و دارایی بێت، چ لە ڕووی تەندروستی و ...ھتد بێت.

بۆیە ئەرکی سەرشانی ھەموو لایەکە ھەست بە بەرپرسیاریەتی بکەن و بەیەکەوە ھەوڵ بدەن بۆ تێپەڕاندنی ئەم ڕەوشەی کە ڕووبەڕووی ھەرێمەکەمان بووەتەوە.

شایانی باسە وڵاتێکی بەھێز بریتییە لەو وڵاتەی کە جەماوەرو حکومەت لە بارودۆخە سەخت و دژوارەکاندا لە سەنگەری ڕووبەڕووبونەوەی قەیرانەکاندا بن لە ھەموو ڕوویێکەوە، و ببن بە تەواوکەری یەکتر، چونکە ئەگەر بمانەوێت گەل و وڵاتمان پارێزراو بێت لە و مەترسی و ھەڕەشانەی دێنە سەری دەبێ بە ھێزەوە مامەڵە لەگەڵ پێشھاتەکاندا بکەین، ھێزی گەلێکیش لەوەدایە یەکگرتوو و یەک ھەڵوێست بێت، تاکو بە ئاسانی بەسەر ناھەمواری و مەینەتباری دا سەربکەوێت.

لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە
چۆن دەتوانین گەلێک و ڵاتێکی بەھێز بونیات بنێین؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە: دەبێ بگەڕێینەوە سەر مەسەلەیەک کە پێی دەگوترێت "چارەنووس"!
ھەرێمی کوردستان شوێنێکی فرە ڕەنگی نەتەوەیی، ئایینی، سیاسی و... ھتد یە، بۆ کۆکردنەوەی ڕەنگە جیاوازەکانیش پێویستە ھەوڵ بدرێت ھەمووان لە ژێر چەتری نیشتیمانی کۆ بکەینەوە ئەمەش کارێکی وا ئاسان نییە، بەڵکو پلان و بەرنامەو پڕوگرامێکی توکمەی دەوێت تاوەکو ئینتیمای نیشتیمانی بەھێز بکەین.

بە بۆچوونی خۆم پرۆسەی چاکسازی ھەرێم ھۆکارێکی زور باش دەبێت لەم پێناوە دا، گەر بێتو بە شێوەیەکی ڕیشەیی قۆناغ بۆ قۆناغ بەڕێوە بچێت و تاکو ئێستاش ھەوڵی باش دراوە لە لایەن بەڕێز "مەسروور بارزانی" ەوە سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەزموونی ھەرێمی کوردستان، ئەزموونی ھەر کورد و کوردستانیەکە. بۆیە ھەموومان وەک ھاونیشتیمانی ئەم وڵاتە بە گشت ڕەنگە جیاوازەکانمانەوە دەبێ خۆمان بە بەرپرسیار بزانین، چونکە خاوەنی یەک چارەنووسی ھاوبەشین و نیشتیمانێک کۆمان دەکاتەوە کە ئەویش کوردستانە.
دەرئەنجام، ئەوەمان دێتە دەست کە دەبێ خۆمان بە بەپرسیار بزانین لە پێناو بە دیھێنانی داھاتوویەکی گەش و پڕشنگدار دا بۆ گەلەکەمان.
Top