پاراستن خاك و ئیرادەی گەلی كورد رێگەی سەربڵندییە ..
August 27, 2020
وتار و بیروڕا
لە گشت قۆناغەكانی خەباتدا ،پارتی بۆتە،قەڵایەتی پۆڵایین بۆ بەرگریكرن لە مێژوو و شوناسی گەل و نیشتیمان و هیچ كاتێ خۆی لە پەرپرسیاریەتی نەشاردۆتەوە و خۆی بە خاوەنی دۆزی كورد و نیشتمانەكەی زانیووە .
مێژوو سەڵمێنەری ئەو راستییە كە ،هیچ ئامراز و پیلان و هەوڵێک نەما لە سێرەگرتن لە پارتی و بارزانی لە دژی کوردستان تاقی نەکرێتەوە، ئاکامەکەی چی بوو؟ پووچەڵ کردن.لە رووی ئابوورییەوە، بە نایاسایی و ناشەرعی میلەتێکیان نانبڕاو کرد..لە رووی ئەمنییەوە، گەورەترین و دڕندەترین گرووپی تیرۆریستی پەلاماری خەڵک و خاکیان دا.لە رووی سەربازییەوە، بە نوێترین چەک و ئامرازی جەنگیی مۆدێرن هەوڵی داگیرکارییان دا.
لە رووی دیبلۆماسییەوە، سنوورمان بەسەردا داخراو هەڕەشەیان لی دەکردین..پارتی و بارزانی، شانیان دایە بەر ئەرکە سەختەکە و، وەک هەمیشە نیشتمانیان لە مەترسییەکان پاراست و نموونەیەکی لێهاتووییانەی حوکمڕانییان پێشکەش کرد، هەم شکۆی کوردستانیان پاراست و، هەم بە ئیرادەیەکی چەقبەستووی نەتەوەیی هەڵێنجراو لە رێبازی بارزانییەوە ریفراندۆمی سەربەخۆییخوازی ئەنجامدا، تیایدا بۆ یەکەمین جار لە تەواوی خاکی باشووری کوردستان بە دەنگی خۆیان ئایندەیان بۆ رۆڵەکانیان نووسییەوە.
وتراوە "ئەو لێدانەی کە نەتکوژێت، بەهێزت دەکات"، هەر وایە، لەئێستادا "پارتی و بارزانی و کوردستان"کە سیانەیەکی لێکدانبڕاون، بەهێزتر لە جاران سەنگ و دەنگیان هەیە، چ لەسەر ئاستی نێوخۆ یان هەرێمی یاخود نێودەوڵەتی. ژمارە بە تەنیا مانا و بەهایەکی نییە، بەڵام کاتێک لە هاوکێشە بەیەخدارەکاندا رۆڵی خۆی بینی، ئەوکات کاریگەری و لێکەوتەی بەهێزیشی دەبێت، دروست بۆ "پارتی"ش هەر وایە، ژمارە سەخت و قورسەکەی هاوکێشەی سیاسی کوردستانە، ئەگەرچی لە رووی ژمارە و ناوو فۆرمەوە، حزبی سیاسی لە کوردستان زۆرن، بەڵام پارتی وەک ناوو ناوەڕۆک، وەک خزمەت و هەڵوێست، وەک کار و کاردانەوە، بە جیاوازی زۆر لەپێشەوەیە، ئەم پیشەوەییەش پێشەواییەتییە، پێشەوایەتییەک کە گەل لە میانەی پرۆسەیەکی دیموکراسی بۆی تەرجەمە کردووە بۆ رێپێدانێکی میللی، بۆ ئەوەی ببێتە قەڵغانی نیشتمان.بەڕێوەبردنی قەیران و مەترسییە جدییەکان لەسەر ئاستی گشتی کارێکی ئاسان نییە، هەم هیممەت و هەم لێهاتوویی دەوێ، پێنج ساڵی رابردوو بۆ هەرێمی کوردستان دووڕیانێکی سەخت و پڕ مەترسی بوو
پارتی دیموكراتی كوردستان ، ئەو رێبازە پر شكۆ و كوردایەتییە كە لەناو جەرگەو ئێش و مەینەتیەكانی ئەم گەلە هەلقوڵاوە هەر ئەم گەلەش بە سەرچاوەی هێزو ئیرادە لەبن نەهاتووەكەی دەزانـێ، پارتی نەك هەر دژی ئەوەیە بۆ ئەو پرسانەی كە ڕەهەندی نیشتمانی و نەتەوەییان هەیە حیزب و لایەنەكان موزایەدەو منەت بەسەر جەماوەرەوە نەكەن،بەڵكو بەدرێژایی مێژوو سەرەڕایی جیاوزییە فكری و ئاییدۆلۆژیەكان ،پارتی هەمیشە ویستویەتی ببێتە بناغەو هەوێنی یەكدەنگی و یەكهەڵوێـستی لایەنەكان بۆ مەسەلە چارەنوسسازەكان بەتایبەت مافی چارەی خۆنوسین،ئەزموونی مێژوی پارتی ئەوەی سەلمانووە كە زۆرجار پارتی ئامادەی قوربانیدانو سازشكردن بووە لەسەر بەرژەوەندیە حزبیەكانی،بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا دەسكەوتی نەتەوەیی زیاتر بەدەستبهێنرێن و ناوماڵی كورد لە پەرتەوازەیی و تێكچون بپارێزرێ.
سیاسەتی پارتی بەرامبەر پرسە نەتەوەییەكانو بەرگریكردن لە بەها پیرۆزیەكانی نیشتمان ودژایەتیكردنی ئەو لایەنە عێراقی و ئقلیمیانەی كە كوردیان بە هاووڵاتی ژمارە دوو پێناسە كردوە بە جۆرێك لە بەرامبەریان توندبووە كە زۆرجار پارتیان بە حزبێكی ناسیۆنالیزمی كوردی وەسفكردووە، ئەگەر بە بەووردی سەیری فەلسەفەو سیاسەتی پارتی و سەرۆك بارزانی بدەین دەبینین كە هیچ كاتێك لە ڕابردوو ئێستادا جیاوازی لە نێوان كوردو نەتەوەو ئایینەكانی تردا نەكراوە،هەمیشە پارتی ویستویەتی ئامرازێك بێت بۆ ئەوەی بەوپەڕی ئازادی لە كوردستان بژین و گشت مافە ئاینی و نەتەوەیەكانیان دەستەبەربكرێن.
نابێ نوخبەی سیاسـی تێڕوانینو فكرەی جیاوازبێ لەگـەڵ هاوڵاتیان و میللەت،ئەبێ بزانین كە ئەوە مێژوونیە ڕەحم بەو لایەنە ناكات كە نەیویست لەو بوارەدا بەرپرسانە هەڵسوكەوت بكات،بەڵكو هەر ئەو لایەنە خۆیەتی كە نەیتوانی ببێتە وەسفێكو ئامرازێكی جوان بۆ مێژوو،چونكە ئەركی مێژوو بریتیە لە نیشاندانی ڕویی ڕاستەقینەی كۆیی ڕوداو بەسەرهاتەكان،بۆیە ئەبێ هەموو حزبو لایەنە كوردستانیەكان مێژوویەكی جوانو پڕاو پڕ لەسەروەری بۆ خۆیان تۆماربكەن بەوەی دەست لەناو دەست وەك یەك تیمو هەست كردن به بەرپرسیارەتی نەتەوەیی و سیاسی و ئەخلاقیان بەرامبەر بە گیانفیدایی و ماندوبونی برا پێشمەرگەكان و ڕوحی گەشی شەهیدە نەمرەكان،ببن بە پاڵپشتو هاوكاری هەوڵە بەردەوامی سـەرۆك بـارزانی،ئەو كێشەو گرفتە ناوخۆیانەی كە لەم دوایەدا لە نێوان حزبەكاندا دروست بوون بیخەنە لایەك،چونكە هەموو ئەم كێشانە قابیلی چارەسەرو گفتوگۆ كردنن نەیكەن بە مەرجی پێشوەختە بۆ پشتگیریكردن لە ڕاپرسی، پێویستە بەدەم بانگەوازەكەی جەنابی سەرۆكەوە بچن كە لە بارەی ڕاپرسیەوە ئاراستەی كوێی لایەنەكانی كردوە بۆ ئەوەی تێكڕا بتوانن میللەتی كورد لەو نەهامەتی و مەینەتیەی سەدان ساڵە تێیكەوتووە دەرباز بێ و ئاییندەیەكی ڕۆشن و بۆ جیلی تازەو داهاتومان بنیادبنێین..