كوردستانی بەهێزتر كلیلی سەركەوتنی هەموو كێشەكانە ..

كوردستانی بەهێزتر كلیلی سەركەوتنی هەموو كێشەكانە ..

مێژوو دوێنی و ئەمرۆ گەواهیدەری ئەو راستییە كە ،نەیارانی گەلەكەمان بەردەوام چاویان لە سەر حكومرانی و هێزولایەنە سیاسی كوردستان و هەر دەم لە چاوەروانی درز وناكۆكیی لە نێو خۆی كوردستان تا بە هەموو تواناوە هەوڵی لاوازكردن و زۆرجاریش لە ناوبردنی و سرٍینەوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان بدەن ..
بەتایبەت كە رەوشی ناوچەكە ، عێراق و كوردستان لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو و بەتایبەت لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو ، تووشی چەندین قەیران و كێشەی گەورە بۆتەوە هەر لە جەنگی جیهانی تیرۆر بگرە تا ناكۆكییەكانی ئەمەریكاو ئێران و وڵاتانی عەرەبی و ئینجا هاتنی لێشاویی ئاوارەكان بۆ كوردستان ، دابەزینی نرخی نەوت و گەمارۆدانی كوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی بەغدا و برینی بەشە مووچە و بودجەی كوردستان و لە ئێستاشدا بڵابوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەر ئاستی هەموو جیهان و ناوچەكە و عێراق و كاریگەرییەكانی لە سەر كوردستان ..
بارودۆخی سیاسی ،ئابووری هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوو ،تووشی كێشە و ئاڵۆز ی و قەیران بۆتەوە بەتایبەت لە پێش پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی كوردستان و دوای كۆنگرەی نوێی یەكێتی و هاتنە سەر كاری ستافی ئێستا و هاوسەرۆكی و زۆربوونی داخوازییەكانی یەكێتی زیاتر لە رێژەی كورسییەكانیان رەوشێكی پر ئاڵۆزیی زۆری لە سەر ئاستی كوردستان و گرژییەكان دروستكرد هەر ئەوەش بوو وایكرد دەسەڵاتدارانی بەغدا زیاتر گوشارەكانیان كە بریتیی بوو لە نەناردنی مووچە و بودجەی كوردستان و پاساویی جۆراوجۆر زیاتر بوو و لەلایەكی تریشەوە زۆربوونی لەشكركێشی سوپای توركیا و بەبەهانەی بوونی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكان .
هەروەها هێرش و چەواشەكاری هەندێك هێزولایەن بە ناوی ئۆپۆزسیۆن و سوود وەرگرتن لە ناكۆكیی و گرژییەكانی پارتی و یەكێتی و پشتكردن لە حكومەتی كوردستان و هێرشی میدیایی چەواشەكاری ئاماژەیەكی روون و ئاشكران ئاڵۆزیی رەوشی كوردستان .
ئەوەی جێگەی هەڵوستەكردنە ئەوەیە، ئەمرۆ لە جیاتی ئەوەی هەموو هێزولایەنەكان لە جیاتی پشتیوانی كردن لە هەنگاوەكانی حكومەتی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و جێبەجێكردنی بەرنامە كان پشتیوانی بكەن یانیش دروشمی گەرٍانەوەی حكومەتی ناوەند وبروخێت بڵێنەوە و خەڵكی كوردستان شایانی ئەوەیە خزمەتیان بكرێن یانیش جەنگی دەروونیان لێبكرێت .
بۆیە، ئێستا كاتی ئەوەیە ، هەمووان لە پایتەختی كوردستان كە هەمیشە هیوا و ئومێدە ، گشت هێزەكان بگەرێنەوە بۆ هەولێر و بەتایبەت كە پارتی و بارزانی كە پێكهێنەری سەرٍەكی حكومەتی كوردستانە و هەردەم ئامادە بووە لە پێناو بەرژوەندییە باڵاكانی كوردستان باج وقوربانی گەورە بدات ، هەموو كێشەكان چارە سەر بكات .
بۆیە، هەردەم گفتگۆو دانووستان لە پێناو و بەدیهێنانی ئامانجەكانی خەڵكی كوردستان خەمی سەرٍەكی بێت ، دەبێت تەنها بەرژوەندییە باڵاكانی كوردستان كۆمان بكاتەوە و نەك هیچ بەرژوەندییەكی تری شەخسی و حزبی و دڵخۆشككردنی نەیارانی گەلەكەمان .چونكە ئەوەی بینراوە و هەستی پێدەكرێت دوژمنان و ناحەزانی كوردستان هەردەم دەست لەناو دەست دەبن و چاوپۆشی لەهیچ خاڵێك ناكەن بۆ زیاتر پێشێلكردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان.
مێژوو سەڵمێنەری ئەو راستییە كە ، كاتێك هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و پێكەوە ژیان جێگر بێت ئەوا بە دڵنییایەوە كوردستان لە رووی ئابووری و ژیانەوە و ئاوەدانی سەركەوتن و گەشەسەندنی گەورە دەبینێت .
بۆیە، سەقامگیری و ئاشتی كوردستان زۆر گرنگە، بۆیە، یەكبوونی پارتی ویەكێتی ئاراستەی ئایندەی هەرێمی كوردستان دەكەن لە عیراق و ناوچەكەدا بەرەو بەهێزی بەدەسهێنانی دەستكەوتەكان برۆن ، ، بەڵام ناكۆكی و بەریەككەوتنەكان لە ماوەی رابردوو وایانكرد كە عێراق سوود لە لاوازی هەرێمی كوردستان وەربگرێت لە پێدانی مافەدەستووریەیكان بە تایبەت بودجە و بۆیە، پێوستە گشت هەنگاوەكان لە پێناو پشتیوانیكردن و بەهێزكردنی پێگەی كوردستان و بەتایبەت حكومەتی كوردستان بێت . بەتایبەت كە لەرابردوودا رێككەوتنی ستراتیژی كۆتایی بە زۆر كێشەی قووڵ هێناو دنیابینینی پێكەوبوونی كردە واقیع، ئەو رێكەوتنە بۆ سەردەمێك سەقامگیریی سیاسیی دروستكرد، دوو ئیدارەیی تێپەڕاند و شوێنێك بووە سەنتەری بڕیارە سیاسییەكان بە هاوسەنگی حكومڕانی دەكرا.
بەدڵنییاییەوە ،بارودۆخی ناوچەكە و عێراق دەخوازێت كە بەرژوەندییە باڵاكانی كوردستان پێش هەموو بەرژوەندییەكی تر بێت ،، كێشەی گەلی كورد پۆست و بەرێوەبەرایەتییەك نییە بەڵكو دۆزومافێكی رەوا وپاراستنی دەسكەوتەكانە كە دەكرێت لەرێگەی گفتگۆ و بونتاتنەر و تێگەیشتنەوە چارە سەر بكرێن .بۆیە ، دەكرێت بەڵێن و هەمووان لە سەری كۆك بین كە بەرژەوەندیی گشتی لەوەدایە كە سووڕی ناكۆكییەكان ئیتر سڕبكرێت و پەڕەیەكی نوێ هەڵبدرێتەوە، باشترە دیالۆگ شوێنی بگرە و بەردەی سیاسی بگرێتەوە.سەقامگیریی گشتی دەخوازێت ناكۆكییەكان لانیكەم لەم قۆناغەدا تێپەڕێنرێت. پێكەوەییی گشت گرفتەكان چارەسەربكەن، ئەمرۆ كوردستانیان دیالۆگی بنیاتنەرانەی دەوێت، نەك خوولانەوە لەناو بازنەی كێشە دووبارەبووەكان.بەدڵنییاییەوە ،هەنگاوەكانی ئاشتەوایی وگفتگۆ نیوان پارتی و یەكێـتی و گشت لایەنەكان سەركەوتنی گەورەی بەدواوە دێت و بەتایبەت كە هەولێر زامنی پێكەوەیی سیاسییە و چەقی نوێی ململانێی سیاسیە و ناوەندێكی گرنگە لە ناوچەكەو عێراقدا..
Top