کورد و دەوڵەتداری

کورد و دەوڵەتداری

زۆرترین مقۆمقۆ و قسەو باس ئەوەیەکە کورد دەبێتە دەوڵەت یان نا" لەبەرچی؟
راستە کورد لەئێستادا دەوڵەت نییە، بەڵام بەدرێژایی چارەگە سەدەیەک زیاترە، ھێزێکی کاریگەریشە لەناوچەکە، ئەم ھێزە کاریگەرە بەردەوامە وتواناکانیشی بەھێزترو زۆرتر دەبن. راستە گرفتی ناوخۆییمان ھەیە، کێشە لەدوای کێشە دروستدەبن، تەنانەت خەڵکانێک بەدەر لەیاساکانیش رەفتار دەکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کورد وەک ھێزێکی سیاسی و سەربازی بوونی خۆی جێگیر کردووە، ئەمە جگە لەوەی کورد وەک نەتەوە، لەسەر خاکی خۆی رەوایەتی خۆی ھەیە وگوتاری سیاسی خۆی و قسەی خۆی ھەیە، کە ئەمانە لەچوارچێوەی حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتی ھەرێمدا بەرجەستە کراون.
پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرین، چەندین وڵاتی زلھێز، کە بەرژەوەندییەکانیان پێک ناکۆکیشن، کە چی لەم ناوچەیە یاری دەکەن، کوردیش توانیویەتی ھاوسەنگییەکی جوان لەنێوان ئەم ھەموو ھێزە قەبەیە رابگرێ.
ئەوە ئەمریکایە کەشوھەوای ناو ئەنجوومەنی ئاسایش و پەیمانی ناتۆسازدەکات، ئەویش سەرکردایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی ئەوروپا دەکات، تابگەنە کەنداوی فارسی و ئاسیای ناوەڕاست، ھەر ئەویشە ھەوڵدەدات زۆربەی کێشمەکێەکانی جیھان چارەسەر بکات، گەورەترین ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەدژی رژێمی بەغدای سەردەمی سەدام دروست کرد تا رووخاندی.
لەولایشەوە، چین قەت لەگەڵ ئەمریکا دۆست نەبووە، لەسەرەتای ساڵانی حەفتاکانیشەوە بەربەرە کانی زیاتری ئەمریکا دەکات، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە سنوور بۆ ئەمریکا دابنێ، چونکە سیاسەتێکی داخراوی ھەبووە، تەنیا لەرووی ئابوورییەوە ھەنگاوی گەورەی ناوە، چونکە ئابوورییەکی کراوەی ھەیە، ئێستا لەھەموو کاتێکی رابردوو زیاتر، نێوانی ئەمریکا وچین تێکچووە، بەڵام ھەردووکیان سنووری یەکتربڕ بۆ یەکتری دەزانن تا چەندە، بۆیە بەریەککەوتن و پێکدادان ئەستەمە، چونکە کارەسات دەقەومێ. مەبەستی من ئەوەیە پێشتر چین ئاوا بەزەقی خۆی دەرنەدەخست، بەڵکو زیاتر خەریکی بازرگانییەکیب ێشوومار بوو، ئێستا ھاتۆتە مەیدانەکە، ئامادەی شەڕە قۆچانێیە، بەڵام ئەمریکا نایەوێ بکەوێتە ناو ئەو داوەوە، چونکە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆی ئامادە نییە، بەتایبەت رووسیا کە ھێشتا لەگەڵ ئەمریکا لەناکۆکی قووڵدایەو خاوەنی چەکی گەورەی وێرانکەریشە. ئەم ڤایرۆسی کۆڕۆنایەش گورزێکی کەمەر شکێنی لەئەمریکادا، ئەم گورزە کاریگەرییەکانی بۆ سەر داھاتوو زامدارترو پڕ ئازارتر دەبێت.
ئێستا جیھان ٣ جەمسەری زۆرگەورەی بەخۆوە گرتووە، چین و ئەمریکاو رووسیا، جگە لەچەندین ھێزی دیکە کە ئەوانیش دوا بەدوای ئەم ٣ ھێزە دێن، لەسەرووی ھەموویانەوە یەکێتی ئەوروپا، ھیندستان و ئەمریکای لاتینییە، یەکێتی ئەوروپا بەھۆی کۆڕۆناوە تەواو لەبار یەکچووە، بەڵام بەروخسار ھێشتا ماوە، جگە لەوڵاتانی ھەرێمی ئێران و تورکیا کە نەک ھەر بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵکو بۆ ھەموو جیھان بوونەتە کێشە. ئەوەی مەبەستی منە کورد لەناو ئەو ژینگەیەدایە، کە تا بڵێی ژینگەیەکی خراپە، بەڵام ھاوسەنگیشی راگرتووە، لەگەڵ ھەموو ئەو وڵاتانە ھیچ گرفتکی نییەو بەردەوامیشەو کاری بازرگانیشی لەگەڵ ھەموویان ھەیە، تادێت پەرەی زیاتریش بەو بازرگانیانەی دەدات. ئەمجۆرە ھاوسەنگییە ئاسان نییە، کەواتە کورد دەتوانێ قۆناخی زۆر سەخت ببڕێت، وەک لەرابردوودا بڕیویەتی، بەملۆژیکە، کورد دەتوانێ بەسەر تەواوی گرفتە ناوخۆییەکانیش زاڵببێ" دەتوانێ ناوماڵی خۆی بەجوانتر لەھەموو جارانی پێشوو رێک بخاتەوەو، بیکەین بەنموونەیەکی جوان بۆ ھەموو ئەو وڵاتە زلھێزانەی کە چاویان لەسەر ھەرێمەکەمانە، من دڵنیام ئەو رۆژەش ھەردێت، کورد بەھێزێکی کاریگەرتر لەرابردووی، خۆی رێکدەخاتەوەو دەوڵەتی خۆی رادەگەیەنێت، چونکە بەغداش ئەو بەغدایەی جاران نەماوەو، کێشەی ناوخۆی زۆرە، بەرگەی کێشەی کوردیش ناگرێت" بەڵام سیاسەت پشووفراوانی و پشوو درێژی دەوێت، بەرنامەو پلانەکان، مەرج نییە لەساڵێک و دووساڵدا بەتەواوی جێبەجێ بکرێن" بەڵام دەبینین، ھەموو سیاسەتی کورد، لەبەرانبەر رەتکردنەوەی قەوارەکەمان، زۆر پۆڵایینە.
Top