ھەڵەکانیش تاکتیکە.. حیکمەتی تێدایە!!

ھەڵەکانیش تاکتیکە.. حیکمەتی تێدایە!!

لەڕوانگەی زمانەوە ھیچ ھەڵەیەک ناچێتە چوارچێوەی ھەڵە، بەڵکو ھەموو ھەڵەیەکیش واتا و مەبەست و ئەرکی تایبەتی لەچوارچێوەی کاتێکی دیاریکراودا ھەیە. بۆیە مەرج نییە ئەوانەی ھەڵە دەکەن، تاوانبار بن، بەڵام ئەوانەی پاساو بۆ ڕاستاندنی ھەڵەکان دەھێننەوە، بەشداری لە خراپکردنی دۆخی ھەڵەکە و ھەڵەکردنی ھەڵەیەکی دیکە دەکەن.
ئێمە لەھەڵە و کەموکورتییەکان فێردەبین و درک بەپێویستی شتەکان دەکەین، مەرج نییە ھەموو کاتێک ھەڵە کوشندەبێت و ڕێگامان لێ تێک بدات و نەتوانین ئامانجە گشتییەکان لەمەبەستە فریودەرەکانمان جیا بکەینەوە، یان نەتوانرێت بەخۆدا بچینەوە و زیوان پاکی بکەین.
کەسانێک بۆ ئەوەی ھەڵەی خەڵکی بڕاستێنن، دەڵێن ھەڵەکانیان تاکتیکە و بەحیکمەتی پێشوەختە و پێداگریی و زانیاریی و وریاییەکی زۆرەوە ئەم ھەڵانە دەکەن، واتە ئەو کەسانە لەئەنجامی خۆکوێرکردن و گرتنەبەری کوێرەڕێگای داخراو، دەیانەوێت بە ھەموو ھێزیانەوە، ھێز بەھەڵەی ئەوانی دیکە بدەن.
لەھەموو شتێکدا دەکرێت پاساو بۆ کەسانی دیکە بھێنرێتەوە، بەڵام پاساو ھێنانە بۆ خۆ دەربازکردن لەھەڵەکردن، یان پاڵپشتی ھەڵەی کەس و لایەنی دیکە کێشەیەکە، مرۆڤ دووچاری قەیران و دابڕان و شەرمەزاری دەکات. بۆ دەبێت ئێمە لەھەڵەکردن بترسین، تاکو بگەیەنە ئەوەی بڵێین ھەڵەکانمان حیکمەتی تێدایە، ئەمە وەکو ئەوە وایە، ژەھر بەتامی ھەنگوین بدەیتە دەوروبەری خۆمان.
ڕەنگە پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان کەلتوری (داوای لێبوردن و ھەڵەکردن) ھەبێت، ئەوانەی ئامادەن داوای بەخشین لەئەنجامی ھەڵەکانیان لەخەڵک بکەن و لەتەنگانەدا بەھۆی فەشەل و تەنگەنەفەسی لەبیرکردنەوە و کورتبینی لەکاردا، ئامادەن دەست لەکارەکانیان بکێشنەوە، ڕاستی کار و ھەڵەی کردەوەکانیان ئاشکرا دەکەن، ئەوانە بەھیچ شێوەیەک پاساو بۆ ھەڵەکانیان ناھێننەوە و ھەڵەکانیان بەحیکمەتی پاساوھێنانەوەی پێشوەختە نابەستنەوە، بەڵکو دان بەوەدا دەنێن، ھەڵەکانیان ئەنجامی بێ حیکمەتی و کورتبینییە.
گرنگ ھەڵە، ئەگەر نەبێتە ھۆکار بۆ گۆڕینی خراپی چوارچێوەی کار و شێوازی بیرکردنەوە و جۆری ئاخاوتن و حوکم، ئاساییە بەشێوەیەکی ئاسایی وەربگیرێت، بەڵام ئەگەر کاریگەرییەکانی پێچەوانە بوو، ئەوە دەبێتە کارەسات و نابێت لەڕێگەی خۆدزینەوە و ترس لەبەرپرسیاریەتی ھەڵەکانمان بشارینەوە.
داوای لێبوردن ھەڵە نییە، بەڵام ھەڵەی ھەر ھەڵەیەک ئەوەیە بەدوای پاساودا بگەڕێت، بۆ ئەوەی ھەڵەکان بشاریتەوە. گەلێک جار ئامانجی ئەو پاساوانەی بۆ شاردنەوەی ھەڵەکان بەکاردێت، بەدیھێنانی تاکڕەویی و خۆسەپێنی و مەرایی و ماستاوچیەتییە.
ڕاستە تا ھەڵە نەکەین، فێر نابین، بەڵام ھەرگیز سەرکەوتوو نابین، ئەگەر بمانەوێت ھەڵەکان ببەستینەوە بەلۆجیکی (پێچاندنەوە و تەکتیک و پێناسەی گەمژەیی کەسانێکی بەناو زیرەک، بەلێھاتوو و وریا). نابێت لەھەڵەکانمان بترسین، بەڵکو پاساو ھێنانەوە بۆ ھەڵەکانمان ترسناکە و دەمانترسێنێت.
Top