ڕۆشەنبیری تاک و میللەت

ڕۆشەنبیری تاک و میللەت

ڕوژانە لە پزیشکی دادوەری حالاتی کێشەی ھاوسەرگیری وجیابوونەوە تیکچوونی خیزان کیشەی نێوان دوو خێزان و تەنانەت کوشتنی کچ لەسەر پەردەی کچێنی دەبینین.
رۆژانە پیاو دەستی ھاوسەرە نوێیەکە دەگرێت و رایدەکێشتە پزیشکی دادوەری بە ئیھانە کردن لەسەر شتێک کە خۆی پیاوەکە ھیچ نازانی لەسەر پەردەی کچێنی و زانستەکەی ...چونکە جاری وا ھەبووە بڕوانامەی خوێندنی بەرزی ھەبووە ھاوسەرەکەی ھێناوە بۆ پشکنین چونکە لەسەر ئەم زانستە ھیچ زانیاری نییە، وەکو پزیشکێک زۆر دڵم گران دەبێت کە دەبینم ئافرەتێک کوژراوە لەسەر ئەوەی خوێنی نەبینیوە شەوی ھاوسەرگیری کە پشکنین بۆ جەنازەکە دەکەین دەبینین جۆری پەردەکەی لاستیکیە و سروشتی وایە خوین نابینیێ و ھە ر کچە. کەواتە بێ تاوان ئەو کچە کوژرا بە ھۆی نەزانی....یان کچەکە رادەکێشنە پزیشکی دادوەری ئەویش شەرم دایگرتووە تازە بوکە وەک ئەوە وابێت تاوانیکی کردبێت، دایکی کوڕەکە دەڵی من لەگەڵی دێمە ژوورەوە بۆ ئەوەی بزانم چ ھەیە؟!!لەسەر چی ئەم ئیھانە کردنی کچان لەسەر دەستی چەند کەسانیکی نەزان ...ئەمە تا کەی؟!!!
ئینجا کە دێین جۆرەکانی پەردەی کچێنی ڕووندەکەینەوە بۆ خەڵک ھەندێ کەس ئایین دەکەنە ھۆکارێک بۆ کلتورێکی سەقەت کە دەڵێن ئایین ڕیگای نەداوە بە باس کردنی ئەو شتانە .. واتا پەردە پۆش دەکەن بەھۆی ئایین لەبنەڕەتەوە ئەوانە لە ئایین تێنەگەیشتوون ئەوە راست نییە و دوورە لە راستی ئایینی ئیسلام ڕیگا ناگرێت لە بلاوبونەوەی رۆشەنبیری...
بەپیچەوانەوە دەبی ھەموو دایک و باوکیک ئەو زانیارییە بزانن دەبی لە مەنھەجی زانستی قوتابخانەکان دابنرێت بە شیوەیەکی زانستی سنووردار بۆ ئەوەی نەوەیەکی رۆشەنبیر دروست بیت.
ھەندێکی تریش لە خەڵک دەڵێن نابێت باسی پەردەی کچێنی بکرێت شوورەییە، چونکە دەوڵەتان وا پێشکەوتوون گرنگی نادەن بەو شتانە...من وەک پزیشکێک وەڵامتان دەدەمەوە بەڕیزان لە دەوڵەتان ئەوە باس دەکرێت وەک ھەر ئەندامێکی جەستەی مرۆڤ مامەڵەی لەگەل دەکرێت، بەڵام لەکەلتوری ئیمە ئەو شتە زۆر بە گرنگ تەماشا دەکرێت، ھەروەھا مافی کچانی لەسەر دەخورێ و کوشتنی کچی لەسەرە.. دەبی خەڵک تیبگات و زانیاری ھەبێت...نابێت کچ بە پەردەی کچێنی ببەسترێ..من دەزانم بێ ھۆکار کچ ھەبووە بە ھۆی زەبری دەرەکی یان بەربوونەوە یان ھۆکاری تر جگە لە سێکس کردن پەردەی کچێنی لەدەست داوە، بەڵام لەبەر کۆمەڵگاو نەزانین ئەو کچە پەنای بردووە بۆ چاککردنەوەی پەردەی کچێنی تەنیا بۆ ئەوەی خۆی بپارێزیت پێی نەڵین کچێکی خراپە یان بکوژرێت لەسەر ئەو بابەتە یان ئابڕووی ببەن لەسەر ئەم بابەتە، کە وەک پزیشکێکی پسپۆڕ دەڵێم چاککردنەوەی پەردەی کچێنی نییە و زانستی نییە، کەواتە لەبڕی ئەوەی کچان پەنا بۆ ئەوە ببەن با بیرمان بگۆڕین.
ئەوەندەی کارەسات و ڕووداوی دڵتەزین دەبینم ھەمیشە دەڵێم دەبی ھەموو تاکێکی کۆمەڵگە ھەوڵ بدات بە پێی پسپۆڕی خۆی ئەو بیرو بۆچوونە ھەڵانە لەناو کۆمەڵگا بگۆڕێت، ھەر ئەو تاوانانەم دەدیت وای کرد نامیلکەی ماستەرم بە پەردەی کچینی و دەست درێژی سیکسی تایبەت بکەم.

• پسپۆڕی پزیشکی دادوەری و مامۆستا لە کۆلێژی پزیشکیف
Top