لوبنان؛ وڵاتێکی بێ خاوەن

لوبنان؛ وڵاتێکی بێ خاوەن

لوبنان وڵاتێکە کە سۆزی نیشتیمانی تێدا نەماوە لە لایەن دەستەڵاتدارانی سیاسی وڵاتەکە. ئابووریەکی داڕماو، کۆمەڵگایەکی تایفی و بێ یاسا و ڕێسا، گەندەڵییەکی بێ کۆتا و حکومەتێکی نەزان و بێ کەلک، وای لە خەڵکەکەی کردووە کە ھیچ ئۆمێدیکیان نەبێت بە داھاتووی وڵاتەکەیان.
دەستەڵاتدارانی سیاسی ئەم وڵاتە، سەربەخۆیی وڵاتەکەیان داوەتە دەست بێگانە بۆ دەستتێوەردان لە کاروباری ناوخۆی لوبنان، تا لە ژێر سایەی ئەم دەست تێوەردانەوە بتوانن لە ھەرەمی دەستەڵاتدا بمێنێنەوە. ئەو بابەتەی کە بۆ سیاسی و کاربەدەستانی لوبنان بە ھیچ شێوەیەک گرنگ نیە، یەکڕێزی نەتەوەیی و قازانجی حکومەتە.
بێ کەڵکی دەسەڵاتدارانی سیاسی لوبنان، بووە ھۆکاری چەندین شەڕی ناوخۆ. وڵاتانی تر بە یارمەتی ھاوپەیمانانی ناوخۆی خۆیان، توانوویانە سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتەش تیرۆر بکەن. وڵاتێکی دیکە وەک سعودیا توانوویەتی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە بۆ چەند ڕۆژێک بڕەفێنێت و زیندانی بکات.
حکومەتی ئێستای لوبنان کە بە دەستی ھاوپەیمانی حزبوڵا واتا حسان دیاب بەڕێوە دەچێت، یەکێکە لە بێ کەڵکترین و گەندەڵترین حکومەتەکانی سی ساڵی ڕابردوو لە مێژووی ئەم وڵاتە.
تەقینەوە لە بەیرووتی پایتەختی لوبنان سەلمێنەری ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە تا چ ڕادەیەک نوقمی گەندەڵی بوونە. شەش ساڵ لەمەوبەر، ٢٧٥٠ تەن مادەی نیتراتی ئەمۆنیۆم لە ئەنبارێک ھەڵگیرابوو لە بەندەری شاری بەیرووت کە نزیک بوو لە فەرمانگە حکومییەکانی ئەم شارە. دەگووترێت کە ئەم مادەیە بە کەشتییەکی ڕووسی گەیشتبوو بە کەنارەکانی بەیرووت. پارێزگار و شارەوانی ئەم شارە دەڵێن کە بەردەوام سەبارەت بە مەترسیەکانی ئەم بارە ترسناکە ھۆشداریان داوەتە بە بەرپرسانی بەندەری بەیرووت بەڵام ئەوان وەڵامیان نەبووە.
لێرەدا چەندین پرسیار سەبارەت بەم بابەتە دروست دەبن. یەکەم؛ کەشتی ڕووسی لەلایەن چ وڵاتێکەوە ئەم بارە زۆرەی نیتراتی ھێنایە بۆ لوبنان؟ ئەگەر ئەم نیتراتی ئەمۆنیۆمە بۆ بەکارھێنانی پێشەسازی ھێنرایە ئەم وڵاتە، ج کەسێک یا گروپێک بەرپرسیارە بۆ ئەم کارە و چۆن شەش ساڵ لەوێ ھەڵگیراوە بە بێ بەکارھێنان؟
پرسیاری دووەم ئەوەیە کە چ کەسانێک یا گروپێک ئەم دەسەڵاتەیان ھەبووە کە بۆ شەش ساڵ ئەم بارە لە بەندەر ڕابگرن بێ ئەوەی پارێزگار دەسەڵاتی ئەوەی ھەبێت قسەی لەسەر بکات یان بارەکەی بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو و پارێزراو. ئایا ئەوان فکری ئەوەیان لە سەر دا بووە کە ئەم مادەیە بۆ مەبەستی تر یان بۆ مەبەستی سەربازی بەکار بھێنن؟ ئەگەر وابووە، بۆ چ مەبەست و بەرامبەر بە چ وڵاتێک؟
لە کاتی خۆیدا، پیاوی سیاسی و دڵسۆزی لوبنان، موسا سەدر، بە بەکارھێنانی چەندین پلانی جۆراوجۆر ھەوڵی گەشەپێدانی حکۆمەتی لوبنانی داوە لە پێناو یەکڕێزی کۆمەڵگا و تەبایی سیاسی وڵاتەکەی. بەڵام دوای ڕفاندنەکەی، وڵاتانی بێگانە و دەسەڵاتدارانی سیاسی ئەم وڵاتە بە ئارەزوی خۆیان سەرمایەی ئەم وڵاتەیان بە فیڕۆ دا و ئەم وڵاتەیان تووشی چەندین کێشە و قەیرانی گەورە کرد.
دوو کێشەی گەورە کە ئێستا لە بەردەم لوبناندایە، یەکەم؛ بێ باوەڕی خەڵکە بە حکومەتەکەیان، و دووەم کۆکردنەوەی یارمەتیی نێودەوڵەتییە بۆ چاککردنەوەی شاری بەیرووت. چونکە خەڵکی لوبنان و وڵاتانی تر بڕوایان بە حکومەتێکی گەندەڵ نەماوە بو ئەوەی سەرپەرشتیاری پرۆژەی چاککردنەوەی بەیرووت بگرنە دەست. حکومەتێک کە تا ئێستا خاوەنی بریاری خۆی نەبووە و ھەمووکاتێک بریارەکانی وڵاتان و کەسانی بیانی پەیڕەو دەکات چۆن دەتوانێت لە پرۆژەی چاککردنەوەی بەیرووت سەرکەوتن بە دەست بھێنێت؟
نموونەیەکی روون و ئاشکرا لە بێ کەڵک بوونی حکومەتی لوبنان بریتیە لە سەردانیکردنی ئیمانۆیێڵ ماکرۆن سەروک کوماری فەڕەنسا بۆ شوێنی ڕوداوەکە پێش سەرۆک کۆماری لوبنان میشێل عەون. ھەروەھا، ڕاپۆرتێکی یۆرۆ نیوز ئاماژە بەوە کردووە کە وەک کاردانەوەیەک دژی ئەم حکومەتە گەندەڵە و قەیرانە ئابووریە بەردەوامەکان، لە ھەڵمەتێکدا نزیکەی پەنجا ھەزار واژوو لە لوبنان کۆ کراوەتەوە بۆ ئەوەەی کە داوا لە فەڕەنسا بکەن کە جارێکی تر کۆنتڕۆلی لوبنان بگرێتە دەست خۆی.
ھەموو ئەو حکومەتانەی کە مافی خەڵکی خۆیان پێشێڵ دەکەن، لە کاتە سەختەکان تووشی کێشەیەکی گەورە دەبن. ئەم کێشەیەش بریتەیە لە بێ باوەڕی خەڵک و نەبوونی پشتیوانی بۆ حکومەت. لوبنان نموونەیەکی باشی ئەم بابەتەیە. وڵاتان و حکومەتەکانی تری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە خەریکی گەندەڵین، دەبێت سوود لە ئەزموونی لوبنان وەربگرن بۆ ئەوەی تووشی کێشەی بێ باوەڕی خەڵک نەبن. گەندەڵی دەبێتە ھۆی ئەوەی کە پەیوەندی نێوان خەڵک و حکومەت کەمڕەنگ ببێتەوە و خەڵک بڕیارەکانی حکومەت جێبەجێ نەکات، کە ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆی وڵات.


Top