ستەمکاری ڕژیمی بەعسی دیکتاتۆر لە عێراق دژ بە کورد ھێشتا بەردەوامە.

ستەمکاری ڕژیمی بەعسی دیکتاتۆر لە عێراق دژ بە کورد ھێشتا بەردەوامە.
پابەندنەبوونی حکوومەتەکانی عێراق بە جێبەجێکردنی ماددە دەستورییەکان، ناوچەکانی سنووری ماددەی (١٤٠)ی گەیاندۆتە لێواری تەقینەوەیەکی خەتەرناك.
پرۆسەی تەعریب لە (کەرکووک و دووز و خانەقین و داقوق و مەندەلی و بەدرە و جەسان و سەرگەران و کەندێناوە و مەخمور و حەویجە و شەنگال و سنووری پارێزگاکانی کەرکووک و مووسڵ و دیالا) بە پیلان و بە بەرنامە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی ڕووخاو ـ و بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی بەعسی ھەڵوەشاوە و لێژنەی کاروباری باکور (لجنة شؤون الشمال) لە چوار چێوەی پرۆسەی بە عەرەب کردن تەنھا لە سنووری پارێزگای کەرکووک زیاتر لە (١٢٠٠٠٠٠) یەك ملیۆن و دوو سەد ھەزار دۆنم زەویی کشتوکالی کورد و تورکمان بەر پرۆسەری تەعریب کەوتن، کە تەنھا لە سنووری داقوق (٥٠٠٠٠) پەنجا ھەزار دۆنم بەر ئەو شاڵاوە کەوتبوو، ھەر بە ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس ئەو عارەبە ھاوردانە ناوچەکەیان بەجێ ھێشت و خاوەنە ڕەسەنەکانی ئەو زەوییانەی کە تەعریب کرابوون گەڕانەوە سەر زەوییەکانیان کە لە باو و باپیرانیان بۆیان مابووەوە.
دوای ڕووخانی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعس مادەی (٥٨) لە ( قانون إدارة الدولة للمرحلة الإنتقالية ) سەردەمی ئەنجومەنی حوکمڕانی (مجلس الحکم) دانرا و پاشان بە مادەی (١٤٠) لە دەستوری ھەمیشەیی عێراقدا جێگیر کرا بۆ چارەسەرکردنی پرۆسەی تەعریب کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر پلانی بۆ داڕێژرابوو. لێژنەی باڵای مادەی (١٤٠) بۆ دەستنیشان کرا بۆ لادانی ئاسەواری ئەو پروسەیە کە بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان دانرابوو.
لە لایەن لێژنەکەوە لێژنەی جێبەجێ کردنی ماددەی (١٤٠) چەندین بڕیار بۆ لادانی ستەم و گەڕانەوەی ماف بۆ خاوەن مافەکان دەرچوو، کە تێدا ھەڵوەشاندنەوەی ئەو گریبەستانەی ڕژێمی بەعس بۆ عارەبی تەعریبی ئەنجامدابوو لە بەرژەوەندی ئەو جووتیارە کوردانە بوون کە بە ستەم و بە زۆر بە بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەعسی ھەڵوەشاوە و لێژنەی کاروباری باکور (لجنة شؤون الشمال) خاکەکەیان لە کورد و تورکمان زەوت کردبوو و خۆیانیش دەربەدەر کرابوون و لە شوێنی ئەوان عارەبیان ھێنابووە ناوچەکە و زەوییە زەوتکراوەکانی کورد و تورکمانیان پێ دابوون لەگەڵ ھاوکارییەکی ماددی.
ـ بۆیە ئەو گرێبەستانەی ڕژێمی دیکتاتۆری بەعسی ستەمکار بۆ گۆرانکاریی دیمۆگرافیای ناوچەکە دەرکرابوون سەرجەمیان لەلایەن لێژنەی باڵای جێبەجێ کردنی ماددەی (١٤٠)-ەوە ھەڵوەشێندرانەوە (سەرجەم گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی کە بە زوڵم دەریانکردبوو).
ـ لە بەردەوامیی ھەوڵدانی لێژنەی باڵای ماددەی (١٤٠) ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بڕیاری ژمارە (٢٩)-ی لە ساڵی (٢٠١٢) دەرکرد. بڕیاری ژمارە (٢٩)ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بە هەڵواسراوی مایەوە و جێبەجێ نەکرا، و ئاستەنگ خرایە پێش جێبەجێ کردنی لە لایەن وەزارەتەکانی دادی عێراقەوە کە وەزیرەکانی عارەب بوون ئامادە نەبوون بڕیاری ژمارە (٢٩)ی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق جێبەجێ بکەن.
ـ بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەعسی ھەڵوەشاوە و لێژنەی (شؤون الشمال) کە بۆ ستەم و زوڵم و گۆرانکاری دیمۆگرافیای (دیالا و کەرکووک و نەینەوا) دەرکرابوون، بەرامبەر بەوانەش ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئەرکی خۆیان ھەڵنەستان و ئەو بڕیارانەیان تاوەکو ئێستا ھەڵنەوەشاندووەتەوە.
ـ بۆیە خەتەری سیاسەتی شۆڤینیانە بۆ تەعریب و بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان ھێشتا بەردەوامە.
لە دوای خیانەتی ١٦ی ئوکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧، جارێکی دیکە ئەو تاوانکارانە جورئەتیان وەرگرت و دەستیان کردەوە بە پەیڕەوکردنی بیر و بۆچونە نەخۆشەکەیان بۆ داگیر کردنی زەویی جووتیارەکانی کورد و تورکمان کە لە سەردەمی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆر درابوونە عارەبی تەعریب.
خیانەتی شانزەی ئوکتۆبەر تاوان و پەڵەیەکی نەنگ و شەرمەزارییە بە ناوچەوانی ئەوانەی بەو کارە ھەڵسان و بەشێکی گرینگی خاکی پیرۆزی کوردستانیان خستە ژێر دەستی داگیرکەران.
لێرەوە وەکو ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوك -گەرمیان داوا لەھەردو لایەنی پەیوەندیدار و بەرپرسیار حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین زۆر بەرپرسیارانەو بەجدی و بە بێ دواخستن و بەھماھەنگی کار بکەن بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ناچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان بە پێی دەستوور و بەعەدالەت . ھێشتنەوەی بابەتەکان بەو شێوەیی ئێستا ناوچەکە بەرەو ئاقاری مەترسی دار دەبات و ئەوجار ھەمو لایەك تێدا زەرەر مەند دەبین.



* سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی
کەرکوك-گەرمیان
٥-٨-٢٠٢٠
Top