يه‌ك ساڵى پڕ به‌رهه‌م و ڕامانى به‌رده‌وام بۆ زاڵبوون به‌ سه‌ر قه‌يرانه‌كاندا

يه‌ك ساڵى پڕ به‌رهه‌م و ڕامانى به‌رده‌وام بۆ زاڵبوون به‌ سه‌ر قه‌يرانه‌كاندا

‎لە ماوەی یەک ساڵى تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتيی ڕێزدار مسرور بارزانی، سەرەڕای بڕینی ئەو بەشە کەمەی شایستەی دارایی ھەرێم لە لایەن حکومەتی مەزھەبيی بەغدا، دابەزینی نرخی نەوت و قەیرانی کۆرۆنا و لە ئەنجامدا دابەزینی داھاتەکان و قەیرانی دارایی و خراپيی بارودۆخی تەندروستی، وەرچەرخانێکی نوێ لە رێکخستنەوەی خەرجی و زیادکردنی داھاتی ناوخۆیی دەستی پێکرد، جگە لەوەی لەو ماوە کورتەدا کاری جددی کراوە لەسەر خاڵە گومركیيەکان و بەرهەمی نەوتی و رێکخستنەوەی پلە وەزیفيیەکان، گرنگیدان بە فرەچەشن کردنی داهاتی ناوخۆیی و بەگەڕخستنەوەی سیستەمی بایۆمەتری، پاککردنەوەی لیستی شەهیدان و کەمئەندامانی سەنگەر، ئەمانە هەموویان و هەنگاوی زیاتر لەو کابینەیەدا ئومێد و متمانەی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان زیاد کردووە، بەوەی ئەم کابینەیە لە بەرەی هاونیشتمانیانەوە و بە هەموو شێوەیەک لە پێناوى پاراستنى بەرژەوەنديی گشتی هەنگاو ده‌نێت.
‎ئەگەر ھەندێ پشوودرێژ بین و مەجال و دەرفەت و سەرنج بدەین بە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم، لە داهاتووى نزيكدا دەبینین کە ڕێژەی بێکاری کەمتر دەبێتەوە و، ھەر بوارێک، یان ھێڵێکی خوار و خێچ کە لە رێڕەوی تەندروستی خۆی دەرچووە، راست دەکرێتەوە لە ھەموو سێكته‌ره‌كاندا، بە تایبەت لە بواری ئابووری و دارایی و رێکخستنەوەی داھات و خەرجيیەکان لە ئەنجامی رێکخستنی باجەکان و فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی داھات، ھەروەھا پاککردنەوەی لیستی مووچەخۆران و نەهێشتنی دوومووچەیی و زیاتر و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ هاووڵاتیان لە رێگەی گرنگیدان بە کەرتی‎ تایبەت لەتەک کەرتی حکوومی، دەرچواندنی یاسای تایبەت بۆ پارێزگاریکردن لە مافەکانی ئەو فەرمانبەرانەی لەو کەرتەدا خزمەت دەکەن.
پێویستە هەموو لایەک پاڵپشتیکاری هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەم بێت، تاوەکو دادپەروەری و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ببێتە بناغەی سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووری و ماف بۆ خاوەن ماف بگەڕێتەوە.
Top