ئومێدی خەڵک بەچاکسازی

ئومێدی خەڵک بەچاکسازی

گەلی کورد زیاتر لەسەدەیەکە لەپێناو دروستبوونی کیان و قەوارەی سەربەخۆیی کوردستاندا دەجەنگێت و قوربانی بۆ دەدات، پاش ھاتنەکایەی ئەو کیان و قەوارەیەش بەدیاریکراویش لەدوای نەمانی ڕژێمی پێشووی بەعس و بەرجەستەبوونی ئازادی سەرتاسەری، گەلی کورد بەئومێدەوە دەیڕوانییە حکومەتێکی بەھێزی کوردی تا لەسایەی بحەسێتەوە و ئاشتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی بێتە ئاراوە و لەو پەنایەشدا، دادگەری و یەکسانی بۆ خەڵک فەراھەم بێت.
پاش یەکگرتنەوەی ھەردوو ئیدارەی ھەولێر و سلێمانی، ھیواکانی خەڵک زیاتر چرۆی کرد و بەو ئومێدەی کورد لەژێر سێبەری حکومەتی خۆیدا بەرھەمی ڕەنجی چەندان ساڵەی بخوات، بەڵام دوای تێپەڕبوونی چەندان کابینەی حکومەت و بەرپابوونی دەیان قەیرانی سیاسیی و ئابووری یەک لەدوای یەک، ھیواکانی خەڵک لە حکومەتێکی دادپەروەر و یەکسانیخواز و خزمەتکاری خەڵک ھێدی ھێدی دەپووکایەوە، ئەمە سەرباری جاڕدانی چەندجارەی چاکسازی گشتگیر لە حکومڕانیدا، ‌ھەڵبەتە ئەو جاڕدانانەش نیەتێکی پاکی لەپشتەوە ھەبوو، بەڵام بەربەستی حزبی و سیاسیی وایدەکرد، کە چاکسازی ڕیشەیی نەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو بەربەستانەش ڕوون و دیاربوون، کە چ لایەنێک و حزبێک بوون.
لەئێستادا، کابینەی نۆیەمی حکومەتی کوردستان دەستبەکارە و لەوتاری ڕاگەیاندنی کابینەی نۆیەمیشدا، سەرۆکی حکوومەت زۆر بەڕژدی بڕیاریدا، کە چاکسازی ڕیشەیی لە کایەکانی حکومەت دەھێنەئاراوە، بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆژە ‌یاسای چاکسازییەکەیان ناردە پەرلەمانی کوردستان و ئەوانیش بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران پەسندیان کرد و بۆ جێبەجێکردنیشی ناردیانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەوەش دیسان ئومێدگەلێک بۆ خەڵک گەڕایەوە، کە ئەمجارە چاکسازی بووەتە یاسا و پشت ئەستوورن لەجێبەجێبوونیدا، ئێستاش پرسی چاکسازی گشتی و ڕیشەیی بووەتە مژارێکی گەرمی ڕۆژانەی خەڵک و ھەرچی زووە چاوەڕێی دەستپێکردنی چاکسازی خێرا لە جومگەکانی حکومەت دەکەن، بۆ ھێنانەدی حکوومڕانییەکی تەندروست.
خەڵک متمانە و ئومێدێکی زۆریان بە حکومەت و خودی سەرۆکی حکوومەت ھەیە و بە پیاوێکی بوێر و خاوەن کردار و ڕژدی دەزانن لەکارەکان، بۆیە لەناو خەڵکیشدا ناوی بە پیاوی ڕۆژە سەختەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکان و ھەڵگری مەشخەڵی ڕیفۆرمی سیاسەت و خەباتی کوردایەتی دەرکردووە.
خەڵک چی دەوێت..؟ پرسیارێکە وەڵامەکەی زۆر ئاسانە، چۆن؟ ئەگەر پڕۆسەی چاکسازی بکەوێتە سەر سکەی جێبەجێکردنی خۆی و دەست لەھیچ کەس و لایەنێکی گەندەڵ نەپارێزرا، ئەوکاتە خەڵک دەیەوێت لە دەستپێکردنی چاکسازیدا، بەر لەبەرپرسان بگرن و بەتوندی لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، بۆ ئەوەی بەچاوی خۆیان ببینن ھەرچی بەرپرسی گەندەڵە و بەناسروشتی سامانی کۆکردووەتەوە بدرێتە دادگە و لێیوەربگیرێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت.
لەلایەکی دیکەیشدا، بێن و چاوێک بەوانەدا بخشێننەوە، کە شایستە نین و مووچەخۆری حکومەتیشن، لەوانە ئەوانەی بەناشایستە خانەنشین کراون بەپلەی باڵا، ھەڵیوەشێننەوە و ئەو مووچانەشی لە ساڵانی ڕابردوو وەریدەگرت، لێیوەربگرنەوە.
ئەوانەی دوو مووچە و زیاتری ھەیە، یەک مووچەی شایستەی بۆ بھێڵنەوە و یەک یان دوو مووچەکەی دیکەیشی لێببڕن و ئەو مووچانەشی لێوەربگرنەوە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا بەناشایستە وەریگرتووە.
ئەوانەی بەنایاسایی دامەزراون، دامەزراندنەکەیان ھەڵوەشێتەوە و وەک ئەوانەی پێشوو، مووچەکانی پێبگێڕنەوە، بەو ھەنگاوە کرداریانە، داھات و ئابووری حکومەت ڕووە و بووژانەوە ھەنگاو دەنێت و دەتوانێت لەڕووی داراییەوە زاڵبێت بەسەر قەیرانە نەخوازراوەکان.
لەجێبەجێکردنی پڕۆسەی چاکسازیدا، مۆڕاڵی خەڵک لەبەرانبەر حکومەتی خۆیدا بەرزدەبێتەوە و گیرفانی مووچەخۆران و کاسبکارانیش دەبووژێتەوە و سەقامگیری کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئابووریش دەگەڕێتەوە.
ئەوکاتەش دادگەری حکوومڕانییەکی یاسایی و سیاسیی و کۆمەڵایەتی دەێتەکایە و خەڵک لە جۆمی ‌بێھیواییدا، ھیوایەکی گەورەی بە حکومڕانی کوردی بۆ دەگەڕێتەوە، ھەرچەندە تائەمڕۆش ئومێدیان بە کابینەکەی کاک مسرور بارزانی زۆرە.

Top