خوێن وپلازما و دژەتەن
June 27, 2020
وتار و بیروڕا
خوێن شلەیەکی ڕەنگ سوورە لەناو جەستەدا کە لە ٨% ی کێشی لەش پێک دەھێنێت، لە ڕێی خوێنبەر و خوێنھێنەر و موولولەی خوێنەوە ئۆکسجین و خۆراک بە خانەکانی جەستە دەگەیەنێت، بۆ دابین کردنی وزەی پێویست بۆ زیندە چالاکییەکانی خانە و لەشی مرۆڤ و لەھەمان کاتدا گواستنەوەی دوانەئۆکسیدی کاربۆن و و پاشەڕۆی زیندە چالاکیەکان لە خانەکانەوە بۆ پاکژکردنەوە و ڕزگاربوون لێی، کەواتە خوێن ھۆیەکە بۆ کاری گواستنەوە و ڕێکخستن و پاراستنی لەشی مرۆڤ بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤ بەردەوام بێت.
خوێن دەکرێت بە دوو بەشی سەرەکیەوە، یەکەم ٥٥% ی کە ئاوی خوێن (پلازما)یە شلەیەکی لیقی ڕەنگ زەردباوە کە نزیکەی ٩٠%ی ئاوە، ئەوەی تری بریتیبە لە کۆمەڵێک پێکھاتەی تر وەک پڕۆتین و ڤیتامین و ئایۆن و خوێ و کانزا و ئەنزیم و شەکر و دژە تەن و فاکتەری خوێن مەیین و خوێن بەربوون و ھۆرمۆنی تێدایە، دووەم کە ٤٥% ی بەشەکەی تری خوێنە بریتیە لە خانەکانی خوێن پێکھاتووە لە سێ پێکھاتە، پێکھاتەی یەکەم کە خڕۆکە سوورەکانن کە ھەڵگری ھیمۆگڵۆبینە ڕەنگی سوور دەبەخشێت بە خوێن و ئۆکسجین بۆ خانەکانی لەش دەگوازێتەوە، دووەم ئۆکسیدی کاربۆن وەردەگرێتەوە لە خانەکان وە پێکھاتی دووەم خڕۆکە سپیەکانن کە ئەمانەش چەند جۆرێکی خانەن و بەشێک لە سیستەمی بەرگری مرۆڤ دروست دەکەن، لە کاتی تووشبوون بە ھەوکردنی وەکو ڤایرۆس، بەکتریا، کەڕوو و مشەخۆری تریش بەرگری لە جەستەی مرۆڤ دەکەن و دەجەنگن و پەلاماری ڤایرۆس و بەکتریا ئەدەن و لەناوی دەبەن، و پڕۆتینی دژە تەنی چەند جۆرێک دروست دەکەن، کە لە دژی ڤایرۆس و بەکتریاو پێکھاتە کیمیایە زیان بەخشەکان کە پەلاماری لەش دەدەن، ئەوانەش پێنج جۆرن IgG،IgM IgE،IgA،IgD، کە ئەم دژە تەنانە قەبارە و کاری تایبەتمەندیان ھەیە.. بۆ نموونە IgG بەرگری لە لەش دەکات لە دژی بەکتریا و ڤایرۆس، ئەم دژە تەنانە قەبارەیان بچووکە و توانایەکی بەھێزیان ھەیە بۆ بڵاوبونووە بەناو شانەکاندا و دەتوانن ڤایرۆس بناسێتەوە و لەناوی ببات، ئەگەر ڤایرۆسەکە تووشی بازدان نەبوو بێت، IgM ئەم دژە تەنانە قەبارەیان گەورەیە بە ھەمان شێوە پارێزگاری لە لەش دەکەن لە ڤایرۆس و بەکتریا ، IgE ئەم دژە تەنانە کاردانەوەیان ھەیە بەرامبەر ئەو پێکھاتانەی کە ھەستیاری دروست دەکەن، وەک تۆز و خۆڵ و کەڕوو و ئەو خۆراکانەی کە ھەستیاری دروست دەکات، IgA ئەم دژە تەنانە لەسەر ڕووی ناو پۆشی بۆڕی ھەناسەدان و کۆئەندامی ھەرس و لیک و فرمێسک و شیری دایک ھەن، بەرگری دەکەن بۆ ڕێگرتن لە چوونە ژوورەوەی تەنە نامۆ و زەرەرمەندەکان بۆ ناو سووڕی خوێن، IgD ئەم دژە تەنانە پشتیوانی لە چالاکی خانە بەرگریەکان دەکەن، پێکھاتەی سێیەمی خانەکانی خوێن بریتییە لە پەڕەکانی خوێن (خەپلە) کە ناھێڵێت مرۆڤ تووشی خوێن بەربوون ببێت لەکاتی بریندار بوون و کار بۆ مەینی دەکات لە شوێنی برینەکە و دواتر چاک بوونەوە.
کاتێک کەسێک تووشی ڤایرۆسی کۆڕۆنا دەبێت، سیستەمی بەرگری لەش ھەڵدەستن بە بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە، چونکە ڤایرۆسەکە تەنێکی نامۆیە بە لەشی مرۆڤ، ھەموو تەنێکی نامۆ کە دەچێتە لەشی مرۆڤ دژەتەن دروست دەکات بەرامبەری بۆ ئەوەی ئەو تەنە بێگانەیە لەناو ببات .
ڤایرۆسی کۆرۆناش تەنێکی نامۆیە بە جەستەی مرۆڤ، ھەر بۆیە خانە بەرگرییەکان دژی دەوەستنەوە بۆ زاڵ بوون بەسەریدا و دژە تەن دروست ئەبێت بەرامبەر ڤایرۆسەکە و لەناوی دەبەن و ماوەیەک ئەم دژە تەنانە لە پلازماکەدا دەمێنێتەوە..
گرنگی پلازما بۆ تووشبوانی ڤایرۆسی کۆرۆناو و نەخۆشی کۆڤید ١٩ ئەوەیە کە سیستەمی بەرگری کەسێک کە تووش بووبێت بە کۆڤید ١٩ جۆرێک لە پڕۆتینی بەرگری دروست دەکات، کە پێی دەووترێت دژە تەن کە لەگەڵ ڤایرۆسەکە دەجەنگێت و پاشان تووشبووەکە چاک دەبێتەوە، ئەم دژە تەنانە لە پلازماکەدا دەمێنێتەوە و بە پێی ھەندێک لە توێژینەوەکان دژەتەنی کۆڤید١٩ دوو مانگ بۆ سێ مانگ دەمێنێتەوە لە لەشی کەسی چاک بۆوە و پاشان شی دەبێتەوە، بۆیە دەتوانرێت لەو ماوەیەدا ئەم دژەتەنانە وەربگیرێن و بۆ کەسێکی تری تووشبوو بەکاربھێنرێت، بەڵام بەکۆمەڵێک ڕێساو ڕێنمایی تەندروستی وەک ئەوەی تەمەنی بەخشەر لە ١٨ ساڵ کەمتر نەبێت، باری تەندروستی جێگیر بێت، فشاری خوێنی بەرز نەبێت، ئافرەتی دوو گیان نەبێت یان منداڵی لەبارچوو بێت، ھەڵگری نەخۆشی ڤایرۆسی و درم و نەخۆشی درێژخایەنی وەکو نەخۆشی دڵ و گورچیلەی نەبێت، ڕێژەی ھیمۆگڵۆبینی خوێنی گونجاو بێت، کێشی لەشی گونجاو بێت، وا باشترە ١٤ ڕۆژ بەسەر چاک بوونەوەی کەسی بەخشەر تێپەڕ بووبێت و بەخشەر نەخۆشیەکەی بە قوڕسی گرتبێت و چاک بووبێتەوە، ھەروەھا بۆ پێدانی پلازما واباشترە وەرگر و بەخشەر ھەمان گروپی خوێن بن بەڵام لەزۆر کاتی پێویستی زۆرو نەخوازراودا و لەژێر چاودێری پزیشک و تەندروستی بەپێی جۆری گروپ بەخشەر خوێن بە وەرگر دەدات، گەر ھەمان گروپی چوون یەکی خوێنیش نەبن.
کەواتە بۆ پاراستنی تەندروستی لەش پێویستە سیستەمی بەرگری لەش بەھێز بێت ئەویش بە چەند ڕێگایەک دەبێت لەوانە خۆراکی تەندروست و فرێش بەتایبەتی میوە و سەوزەوات و پڕ ڤیتامین سی (C)، خەوی گونجاو بەپێی تەمەن بەتایبەتی خەوی شەو، وەرزش کردن، جگەرەنەکێشان و مەی نەخواردنەوە، دوورکەوتنەوە لەدڵەڕاوکێ و قەلەقی، خواردنەوەی بەردەوامی ئاو.
لە کۆتایدا دەمەوێت بڵێم مرۆڤایەتی بە قەیرانێکی سەرسەختی تەندروستیدا تێپەڕ دەبێت، پێویستە ھەر تاکێک لە جێگای خۆیەوە خۆپارێزی و ھۆشیاری تەندروستی پەیڕەو بکات بۆ تێپەڕ بوون بەسەر ئەم دۆخە نەخوازراوە و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی بۆ کۆمەڵگا، پێکەوە بە ھەمەئاھەنگی دەگەینە ئامانج.
• مامۆستای زانکۆ