چی دەگوزەرێت و لە پێناو چی؟

چی دەگوزەرێت و لە پێناو چی؟
ئەو هاشوهوش و فرمیسکە تیمساحيیانەی بەشێک لە نابەرپرس و پەڕلەمانتارانی چەند لایەنێک لەو ڕۆژانەدا، لە پێناو بڕینی رێژەیەک لە قوتی خەڵکی نیيە، بەڵکو لە پێناو ئەو (٥٠٪)ـه‌ یە کە لە مووچەکانیان کەم کراوتەوە.

رێزدار جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، ڕۆژى 22/5/2020 لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە دا:
"نابێت هیچ کەس و لایەنێک لەپێناو پاراستنی بەرژەوەنديی تەسکی حزبی و شەخسی رێگری لە پرۆسەی چاکسازی بکات".
ئەم ڕستەیە ڕێک بۆ ئێستا گونجاوە، کە دەبینین چەند پەرلەمانتارێک لە زۆنی باڵباڵێن و لە بەرەی دژبەیەکی نێو باڵی هاوسەرۆکەکانیان، گوشاریان خراوتە سەر، تاوەکو خۆیان بخەنە بەرەی خەڵک، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ڕێگری لە دەستبردن بۆ مووچەکانیان بکەن. هەرچەند دەتوانن خەڵکی لە دژی حکومەت هان بدەن و ئاراستەی جیاواز بگرن و واى پیشان بدەن کە حکومەت لە خەمی خەڵکی نیيە و شکستی خواردوه‌ ! بەداخەوە بۆ ئەوانەی لەم هەنگاوە حەکیمانەیەی حکومەتی هەرێم بو بنیاتنانی بناغەی دادپەروەريی گشتی لە بەخشینی پلەو پایە و ئیمتیازات تۆقیون، دڵنیام ترسی زۆریان لە دووبارە هەڵوەرینی هەوادارە بندیوارەکانیانە کە چەندین ساڵە لە سەر داهاتی ئەم میللەتە خێر لەخۆ نەدیوە دەژین...
ئەمەی لەم چەند دێرەی نووسینەکەمدا ئاماژەی پێ درا، قسەی پەرلەمانتارێکی (ینک)ـە لە سەر پرسی چاکسازی کە بۆچی نایانەوێت بچێتە واری کرداری!؟ بە قسەی ئەو پەرلەمانتارەی (ینک) یەکەی حەفتا خاوەنی (٣٣٠٠٠) کەسە بە پلە و پۆستی جیا کە هەر یەکەیان دوو مووچە وەردەگرن، مووچەیەک لە هەرێم و مووچەیەک لە بەغدا. واته‌ هەر کاتێک یاسای چاکسازی جێبەجێ بکرێت، بەشێک لەوانەی خاوەن پێگەن لە ینک جیا دەبنەوە، بەم شێوەیەش چەند بارە یەکێتی لە نێوان هاوسەرۆکەکانی و هاوسەرۆکێکی نوێ لەت و پەت دەبێت .
سەیرتر ئەوەیە خۆیان بە خاوەنی یاسای چاکسازی دەزانن لە پەرلەمان! بەڵام لە خولەکانی ڕابردوو تۆزی لەسەر نیشت و دەربازیان نەکرد!! لەم خولەشا بە ناچاری دەنگیان بۆ دا و لە ژێرەوەش دژی دەوەستنەوە!!! لە حکومەتیش لە پێناو پۆستەکانیان شەریکن و دەنگ بە هەموو بڕیارەکان دەدەن، بەڵام ناچنە ژێر باری بەرپرسیاریەتی!!!!
پێویستە ینک خۆی یەکلا بکاتەوە، کە ئایا ئۆپۆزسیۆنە لە پەرلەمان و حکومەت، یان هاوبەش؟ ناکرێت کورد گۆتەنی "هەم خورمای بوێت و هەم دار خورما"
وەک ئەوەی جەنابی سەرۆکی حکومەت لە بەشێکی ديكةى وتارەکەیدا ئاماژەی پێ دا
"دڵنیام سەردەکەوین بە سەر قەیرانەکان، بەڵام ئەو کاتە شەریکی سەرکەوتنەکان زۆر دەبن"
بەڵێ، بە ڕوونی دیارە تا ئێستا چەند لایەنێک هێزی دەربڕینی ڕاستيیەکانیان نیيە بەرامبەر بە جەماوەری دڵسۆزی کوردستان، چونکه‌ بنه‌چەیان لەسەر فڕتوفێل و دژایەتیکردنی دەستکەوتەکانی کوردستان بنیات نراوە، بۆیە ئێستا خۆیان حەشار دەدەن و کەڕو ڵال دەبن، لەکاتی کۆتاییهاتنی ئاستەنگەکان و سەرکەوتن بەسەر قەیرانەکانيشدا پەڕو باڵیان فش دەکەن و خۆیان دەکەن بە پاڵەوان، گوایە هەوڵە حەکیمانە و بەرنامە تۆکمەکانی ئه‌وان، بەستەڵەکی قەیرانەکانی تێکشکاندووە !!!
هەموو لایەک بە خۆشیانەوە دەزانن، حکومەت بە چ بارگرانیيەکی دارایی و ئابووریدا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویستە ئاوێکی ساردیان پێدا بکرێت، بۆ ئه‌وه‌ى بە هۆش خۆ بێنەوە.



ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
Top