یاساناسەکەی پەرلەمان خۆی پەیڕەوی یاسا ناکات!!

یاساناسەکەی پەرلەمان خۆی پەیڕەوی یاسا ناکات!!

بوەستە سەرۆکی پەرلەمان، بەم شێوەیە شکۆ بۆ پەرلەمان ناگەڕێتەوە. ئەگەر یاساتان پەیڕەو بکردایە، بەر لەوەی پارێزبەندی لە (سۆران) وەربگیرێتەوە، دەبووا، لێپرسینەوەی لەگەڵ بکرێت، لە ڕووی پابەندنەبوونی بە ئەرکی ئەندامێتی و ئامادەنەبوونی لە (١٢) دانیشتنی پەرلەمان و لێژنە ھەمیشەییەکان، ئەو کات پێویست بوو بزانین چ ھۆکارێک وای کرد، ئەم ڕێژەیە بە بێ لێپرسینەوە بکرێت بە (٦) ئامادەنەبوون !!؟؟
زۆر لەمێژ نییە، ئەو رستەیەت لە میدیاکان چڕاند، گوایە دەتانەوێت شکۆی دامەزراوە نیشتمانییەکە بگەڕێتەوە و ھەیبەتی کاری بپارێزن!!! روونتر بڵێین: مەبەستتان لێی، پاراستنی پێگە و شکۆی خۆتان بووە لە ئەنجامی ئەو فشارەی لەلایەن ھاوسەرۆکێکی حزبە نیشتمانییەکەتان لە سەرتان بووە!؟
بەداخەوە بەو شێوەی خۆت گۆتەنی بە ڕووی سوور دەربازت نابێت. جێگەی نیگەرانییە دکتۆرات لە یاسا ھەبێت و پێشێڵی یاسا بکەیت. با بە بیرت بێنمەوە، ئەوەی ئەنجام دراوە بۆ لێسەندنەوەی پارێزبەندی، مەبەست لێی بەجێگەیاندنی سەروەریی یاسا بوو، لە پێناو مافی کەسی و دامەزراوەیەکی گشتی، نەک وەک جەنابت مافی کەسیت بەدەستەوە بگریت. بەم ھەنگاوەی ئەنجام درا، شکۆ بۆ پەرلەمان و سەروەریی یاسا بەرجەستە کرا.
بەگشتی نابێت و ناکرێت پارێزبەندیی پەرلەمانتار لە پێناو ئەوە بێت، ببن بە ئەھریمەن و بکوژ و فەزیحە بکەن، بێ لێپرسینەوە و خۆیان لە یاسا بەرزتر ببینن و، بۆ سەلماندنی راست و نادروستیی بابەتەکان لە یاسا ڕابکەن.

بەم ھەنگاوە ھەڵەیەکتان جارێکی دی دووپات کردەوە، کە دەوری کادرێکی ینک لە پەرلەمانی کوردستان دەگێڕیت، نەوەک سەرۆکی پەرلەمانێکی کوردستانی!

ھەر بەپێی ماددەی (١٨)بڕگەی (پێنجەم )لە ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی پەرلەمان (گرتنەبەری رێکاری پێویست، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناو پەرلەمان) کە دەبووایە کاری بۆ بکەن، بەڵام دیسان لە پێناو بەرژەوەندییە حزبیەکانتان چەند مانگە ئارامیی ناو ھۆلی پەرلەمان و ماف و داواکارییەکانی خەڵکیتان پشتگوێ خستووە!!
ھەمدیسان بەپێی ماددەی (٢٢)لە ئەرکەکانی ئەندام لە بڕگەی (یەکەم) ئەندام بە ئامادەبوون لە دانیشتنەکانی پەرلەمان پابەند دەبێت، ئەگەر بەبێ ھۆیەکی ڕەوا ئامادەی دانیشتنەکان نەبوو، بە نووسین سەرنجی ڕادەکێشێت، ئەگەر دووبارە ئامادە نەبوو لە سەدا پێنجی (٥٪‏) مووچەکەی دەبڕێت، لە ھەر دانیشتنێک، کە ئامادە نەبێت. ئەگەر لە (٣)دانیشتنی یەک لە دوای یەکدا، یان (٥) دانیشتنی پچڕ پچڕ ئامادە نەبوو، لە ماوەی یەک وەرزی یاساداناندا، ئەوا ئامادەنەبوونەکەی لە ماڵپەڕی تایبەتیی پەرلەمان بڵاو دەکرێتەوە، وێرای بڕینی مووچەکەی لە ئەنجامی ئامادەنەبوونیدا.
ئەگەر ئامادەنەبوونی دوای ئەمە دووبارە بووەوە، ئەوا سەرۆک دەتوانێت بابەتەکە بخاتە بەردەمی پەرلەمان و پەرلەمانیش دەتوانێت بە زۆرینەی دەنگی ڕەھای ئەندامەکانی بە لەدەستدانی ئەندامێتی لە قەڵەم بدات.

بەڵێ، سەرۆکی پەرلەمان، ئەگەر رێزتان بۆ یاسا ھەبووایە، دەبوو بەر لە ھەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر (سۆران) مافی ئەندامێتی لێوەربگیرایە، چونکە ناوبراو ئەوەندەی خەریکی خورافات بووە لە دەرەوەی کاری پەرلەمانتاری، ئەوەندە ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمان نەبووە، چ داوای مۆڵەتی کردبێت، یان بۆی بە مۆڵەت ھەژمار کرابێت، ئەم ڕاستییەش ڕای گشتی لێی بە خەبەرە، پاش خوێندنەوەی ناوی ئەندامان لە ماوەی یەک ساڵی ئەرک و کاری پەرلەمانتاران لە لیژنە ھەمیشەییەکان و دانیشتنەکانی پەرلەمانیدا، کە (سۆران) زۆرترین ئامادەنەبوونی ھەبووە، کە (١٢)دانیشتن بووە، کەچی بۆی کەم کراوە بۆ (٦) دانیشتن، جێگەی سەرسوڕمانە ھەریەکەتان لە خولی (چوارەم و پێنجەم)ی پەرلەمانی کوردستان ئەندامی ھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوەخۆ بوون و زەقترین ھەڵەی یاساییش ئەنجام دەدەن!! ئایا لای ئێوە بەم شێوەیە یاسا سەروەر دەبێت؟؟!!
ئەندامی پەرلەمانی کوردستان
Top