هێرشی ناڕەوا بۆ سەر حكومەت ڕاگرن
June 14, 2020
وتار و بیروڕا
وەكو دیارە وەزارەتی دارایی زۆر بە ڕۆنی لە ڕێی ڕۆنكردنەوەیەك وەڵامی ئەو هێڕشبەرانەی دایەوە كە زۆر بە شەفافانە تێدا دیار كرابوو، كە ئەو ٤٠٠ ملیار دینارەی حكومەتی فیدراڵ لەماوەی رابردوودا خستییە سەر ئەژماری بانكیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ چ مەبەستێك و چۆن خەرج كراوە، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە حكومەت حكومەتێكی بنكە فراوانە و یەكێتی و گۆرانیش هەروەكو پارتی بەشدارن لە پێكهێنانی ئەم كابینەی حكومەتە
جێگری سەرۆكی حكومەت یەكێتی یە و وەزیری داراییش سەر بە حزبی گۆڕان بەڵام كاتێك دێتە سەر بابەتی هەستیار و پرسە گرنگەكان خۆیان دەدەنە لایەك و بەرپرسیارەتییەكان دەخەنە ئەستۆی پارتی و حكومەت، لە جیاتی هێوركرنەوەی هاووڵاتییان و لایەنگرانی حزبەكانیان لە رووی دەروونیی و ڕۆنكردنەوەی زیاتر و هەست كردن بە بەرپرسیارەتی بێ دەنگی هەڵدەبژێرن، لە كاتێكا كە هاوبەشی سەرەكی حكومەتن، بەڵام سەركەوتنی بە شكستی خۆیان دەزانن وشكستیشی بە دەستكەوت.
ئەوەی پێویستە ئاماژە پێ بدرێت ئەوەیە كە پێویستە هاوڵاتییان نەكەونە ژێر باری پڕۆپاكەندەی هیچ لایەنێك و بزانن كە ئەو قەیرانە ئابوورییەی تووشی هەرێم بووە، قەیرانێكە كە بەرۆكی هەموو جیهانی گرتووە و تەنانەت حكومەتی عێراقیشی تووشی زەرەر و زیانی گەورە كردووە و توانای دابینكردنی بودجەی عێراق و هەرێمی نەماوە، بۆیەش پێویستە خەلك دڵنیابن كە هیچ كات و ساتێك جەنابی سەرۆكی حكومەت پشتی لە هاوڵاتییان ناكات و هەروەك چۆن هەمیشە خۆی بە خزمەتكاری خەلك زانیوە هەمیشە لە بەرەی خەڵك دەمێنێ و داكۆكی لە مافە ڕەواكانییان دەكات.
پێویستە حزبە بەشدارەكانی حكومەت هەموویان بە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست پشتیوانی كار و بڕیار و هەنگاوەكانی حكومەت بن و هەست بە بەرپرسیارەتی بكەن، چونكە ئەوانیش هاوبەش و بەشداری حكومەتن و هەست كردن بە و بەرپرسییارەتییە ئەركێكی ئەخلاقی و ئایینی و مرۆڤایەتییە.