ژیان و ئێمە

ژیان و ئێمە
بەشی یەكەم
بەپێی بەڵگەنامە زانستییەكان دەستپێكی ژیانی مرۆڤی نوێ لەسەر زەوی لەنێوان حەفتا و پێنج هەتا سەت هەزار ساڵ بەر لە ئێستا بووە. هەر بەپێی زانستەوە مرۆڤ و هەموو ئەو گیاندارانەی ئێستا هەن، لێكەوتەی پڕۆسەیەكی درێژخایەنی پێنجسەد ملیۆن ساڵەن. بەشی هەرە زۆری گیانداران لەم ماوە دوور و درێژەدا لەناوچوون. زانستی جیۆلۆژی و بایۆلۆژی پێمان دەڵێ كە زەوی چوار ملیار و پێنجسەد ملیۆن ساڵیشی پێویست بووە بۆ ئەوەی سارد ببێتەوە و كارلێكە كیمیاوییەكان بگەنە ئەو ئاستە كە ڕەگەزە بونیادییەكانی ژیان پێك بهێنن و گۆی زەوی بتوانێ ببێتە لانكەیەك بۆ ژیانێكی سەرەتایی.
زانستی فەڵەكناسی و فیزیكی فەزایش ڕوون دەكاتەوە كە بۆ ئەوەی هەسارەی زەوی بتوانێ بگاتە پلەی میوانداریكردنی ژیان، دەبێ هەسارەیەك بێت كە لەڕووی قەبارەوە گەورە نەبێ بۆ ئەوەی هێزی ڕاكێشانی هەناسە بە ژیان بدات. هەروەها زۆریش بچووك نەبێ بۆ ئەوەی هێزی ڕاكێشانی ئاو و بەرگەهەوا لە پەرتوبڵاوبوون بەناو فەزا بپارێزێ. نابێ زۆر لە خۆر نزیك بێ بۆ ئەوەی نەسووتێ و نایشبێ دوور بێ بۆ ئەوەی نەبێتە گاشەسەهۆڵ. بۆ ئەوەی ژیان بەردەوامیش بێ و لە گەرمی و ساردیی زۆردا نەفەوتێ، دەبێ هەسارەكە بەدەوری خۆیدا بسووڕێ ئینجا لە خولگەیەكی دیاریكراودا بە دەوری خۆردا بسووڕێ.
ئەوەی لەسەر زەویدا ڕێككەوتووە دەرفەتێكی فرە دەگمەنە لەناو سەدان ملیار كاكێشان و گەلەئەستێرەكان و سەرجەم بووندا. بەم پێیە بێت، ژیان پڕۆسەیەكی زۆر ئاڵۆز و نایابە و زۆر ئەستەمە ئەمە لە شوێنی تر دووپات بووبێتەوە.
ئەم پێشەكییە زانستییە بۆ ئەوە بوو لەوە تێبگەین كە سەرباری پێشكەوتن و ئاڵۆزیی ژیانی ئینسان لەسەر زەوی بەڵام بوونی مرۆڤ بەشێكی هەرە بچووك و تازەی مێژووی زەوییە و لەگەڵ كۆی بوونیش هەر بەراورد ناكرێت. مرۆڤ دەژیێت بەڵام كۆمەڵێك یاسای فیزیایی و كیمیایی و گەردوونی لە ئاستی میكرۆ و ماكرۆدا كاری خۆیان بە بێ دەنگی دەكەن و قابیلی نیقاشیش نین. ئەوەی ئێستا هێزی داوتە ئینسان، زمان و توانای ئاخاوتنیەتی. یووال نووح هراری مێژووناس و فەیلەسووفی ئیسرائیلی پێیوایە ئەگەر مرۆڤ زمانی نەبا كاریگەرییەكەی لەسەر سرووشت بە قەدەر كاریگەریی كانگرۆیەك دەبوو.
بەڵام زمان هێزێكی بێوێنەی داوەتە مرۆڤ. لێكەوتەكانی زمان لە هەژمار نایەن. پەیوەندیكردن، وێناكردن، ئایین، ئایدیۆلۆژییا، سیاسەت، كاری دەستەجەمعی، ژیانی بە كۆمەڵ، خۆشەویستی و هونەر و زانست و كۆی چەمكە ئابستراكتەكان لێكەوتەكانی زمانن.
ماویەتی..
Top