یەكێتی لە نێوان حەقیقەتێكی تاڵ و داهاتووێكی نادیار
May 21, 2020
وتار و بیروڕا
قوڵبوونەوەی ململانێ ی سەركردەكانی یەكێتی خەریكە مێژووێكی خۆی دەبێت، نزیكیان دەكاتەوە لە هەرەس هێنان بە یەكێتی . جیابوونەوە و ڕاگەیاندنی حزبی نوێ بەڵگەی نكۆلی لێنەكراون لەسەر ئەمە.
دابەشبوونی یەكێتی بەسەر چەند باڵ، كە هەریەكەیان ئەجێندایی تایبەت و هێزی خۆی هەیە، هاوسەنگی هێزی نێو ماڵی یەكێتی لەق كردووە.
لەم مەسەلەیەدا، چەندین جار لەلایەن یەكێتی دەستپێشخەری كراوە بۆ كۆكردنەوەی ئاراستەكان و ئاشتكردنەوەی باڵەكان، بەڵام ئەمە چارەسەر نەبووە و نەیتوانیووە دنیابینیێكی سیاسی تازە بونیاد بنێ لەنێوان لایەنەكان. دوای ساڵانێك لە ململانێی توندی نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی، دوای ئەوەی گۆران وەك هێزێكی ئۆپزسیۆنی مەدەنی كاریگەریێكی گەورەی لەسەر پێگەی جەماوەری یەكێتی دروست كرد، گۆران وەك هێزێكی سیاسی سەربەخۆ توانی خۆی بخزێنێتە نێو حكومەت و عەرشی یەكێتی لە ناو حكومەت بهەژێنێ. ئەمەش وایكرد كە یەكێتی هەست بە هەقیقەتی مەترسی ئەم هەڕەشەیە بكات . لە دەرەنجامی كۆبوونەوەی دەباشان ( لە سەردەمی مام جلال و نەوشێروان مستەفا) ڕێكەوتنی ستراتیژی لەنێوان هەردوو هێز ئیمزا كرا، ڕێککەوتن و گفتوگۆکان لەوکات بۆ دەستاو دەستكردنی پۆستەكان بوون و زیاتر لە پڕۆژەیەكی حكومڕانی هاوبەشی هەردوولایەن دەچوون، مەبەست لێ ی بونیاتنانەوەی يەكێتیێكی بەهێز بوو لەبەردەم پارتی دا لەپێناو دژایەتی كردنی پارتی وەك حزبێكی بەهێزی خاوەن پێگە و بڕیار لە هەرێم و عێراق دا ، بەڵام ململانێ و ناكۆكییەكانی نێوان باڵەكانی یەکێتی نەیھێشت ئەم ھەنگاوە وەک خۆی جێ بەجێ بكرێت، ڕێكەوتنەكە وەك حوبرێكی سەر كاغەز مایەوە. ھەردوو لایەن لە جیاتی لە یەک نزیکبوونەوە ھەنگاوێکی دیكە لە یەکتر دوورکەوتنەوە. جارێكی تر یەكێتی بۆ گۆڕانی سەلماند كە هێزێكە ئومێدی لەسەر هەڵناچنرێت و بڕواكردن پێ ی هەڵەیەكی سیاسیە.
ھەڕەشەی چڕبوونەوەی ناكۆكی باڵەکان مەترسیدارترین و زەقترین ھەڕەشەیە کە وایكردووە هەڵهاتنی خۆری دواڕۆژی یەكێتی لە هەژان دا بێت.
بۆیە لەم ساتەوەختەدا دەستپێشخەری یەکێتی بۆ سازان و خۆ نزیک کردنەوە لە گۆڕان تەنھا بۆ شاردنەوەی لاوازی کاریگەری یەکێتی وەک حزبێکی دەسەڵاتدار لە سلێمانی و تەواوی هەرێم بۆ ڕێگەگرتنیشە لە زیاتر لێكترازانی حزبی . یەکێتی ئێستا ئەوەی دوێنێ نەیتوانی بیکا، ئەمڕۆ لە ھەگبەیەتی، بە ئامانجی جارێکی دیكە فراوانکردنی ھەژموونی سیاسی بەسەر سلێمانی و فەرزكردنی نفوز و نیشان دانی هێزێكی بەرجەستە و کاریگەرەکەی جاران لەڕووی سیاسیەوە لەبەردەم هێزە سیاسیەكانی تر لە كوردستان بەتایبەت پارتی، دیسان دەیەوێ لەژێر چەتری یەک حزب دا دوو ڕەوتی جیاواز کۆبکاتەوە، ئەمە لە ترازانەوە بکاتە ئاسۆی ھەڵسانەوە. بەڵام ئەمە هەنگاوێكی تەجروبەكراوە و شكستی هێناوە، پێشتر و ئێستاش یەکێتی گۆڕانخوازەکانی بە پاشکۆ و مەئمور دەزانی، گۆڕانخوازەکانیش كە بە باڵی ڕیفۆرم و دامەزرێنەرانی بیرۆكەی نوێبوونەوە لەم حزبە دەناسرێن لەمە زیاتر بە حەقی خۆیان دەزانن، ئاماژەكان ئەوە دەردەخەن كە ئیتر ئەم دوو هێزە توانای لەگەڵ یەك كۆبوونەوەیان نیە، چونكە سیاسەتی باڵێکی دەست رۆشتووی یەکێتی سیاسەتی خۆسپاندنی بنەماڵەیی و پەروێزخستنی دەنگە جیاوازەکانی دیكەیە. گۆڕانخوازەکانیش رەتکەرەوەی ئەم سیاسەتەن بە تایبەت زەوتکردنی دەسەڵاتەکان و حوکمی تاکڕەویی بنەماڵەیی. فیكرەی بونیاتنانی ستراتیژیەتی ھەردوو لایەن بۆ جارێکی تر دابەشکردنەوەی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان ناتوانێ ببێتە نەخشەڕێگا بۆچارەسەری كۆی كێشە و ململانێ ناوخۆییەكانی خۆیان و كوردستان. ئەم ناكۆكیە بەردەوامە و بەردەوام دەبێت.. چونکە نەک تەنھا ئەم دوو ڕەوتە، بەڵکو یەکێتی بە سەوز و شین و بە ھەموو ڕەنگەکانی تریەوە لە پشت مێزەکانیان ھەمیشە سەنگەریان لە یەک گرتووە و تەكەتولاتی حزبی تا دێ دەنگی بەرزتر دەبێتەوە، ئیتر ناتوانن بونیاد و پێکهاتەیەکی نوێی حزبی دروست بكەنەوە كە ڕوخساری هێزێكی یەكگرتوو نیشان بدات، دەمێكە ئەم حزبە بە پێكهاتە كۆن و نوێیەكانی كۆتایی هاتووە.