هه‌ولێر، سه‌وڵی پۆڵایه و كه‌ناریشی نزیك
May 20, 2020
وتار و بیروڕا
ئه‌وه جاری یه‌كه‌م نییه، هه‌ولێر وه‌ك پایته‌ختی باشوور و ناوه‌ندی بڕیاری سیاسيی كوردستان ده‌كه‌وێته ژێر فشار و قه‌یرانی ئاماده‌كراو و گه‌له‌كۆمه‌كی وهێرشی سه‌ربازی و پیاده‌یی وهێرشی میدیایی وسۆشیالمیدیایی پلان بۆداڕێژراوێك كه ئازاری ده‌روونی له هێرشی سه‌رزه‌مینیى سه‌ربازی كه‌متر نییه، گه‌ر زۆرترنه‌بێ.
ئه‌م قه‌یران و رووداوانه‌ی نێو رۆژه‌ڤی ئه‌م دوو مانگه‌ی نێو سه‌رده‌می ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆڤید 19 كوشنده‌یه‌كه ، گه‌ر هه‌ندێكیان تازه هه‌ڵتۆقیو بووبن، شاراوه نییه هه‌ندێكی تریان درێژكراوه‌ی رووداوه‌كانی سه‌ره‌تای ئه‌م ساڵه . له رۆژی كوشتنی قاسم سوله‌یمانی-یه‌وه له 1-3-2020 وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه ودرێژكرایه‌وه بۆ رۆژی ده‌نگ نه‌دان و ئاماده‌نه‌بوونی په‌رله‌مانتارانی كورد بۆ ده‌ركردنی سوپای هاوپه‌یمانان كه مه‌به‌ست لێی سوپای ئه‌مریكا بوو.
هه‌موومان له بیرمانه، له نێو گه‌رمه‌گه‌رمه‌ی ئه‌م رووداوانه‌دا بوو، له رۆژهه‌ڵاته‌وه له‌و دیوی سنووره‌وه له رێگای هه‌ندێ له میدیاكانیه‌وه، ویسترا شانی حكومه‌تی هه‌رێم ئارداوی بكرێ، به‌ڵام نه بۆیان سه‌لمێندرا، نه بۆشیان چووه سه‌ر.
هاوكات له رۆژئاواوه‌ش حه‌سه‌ن نه‌سروڵا ئه‌و پیاوه‌ی به (سكت ده‌راو نتقی كفرا) بێ هیچ هۆكارێ ویستی مێرووله ئاسا به رووی كێوی به‌رزی سه‌رۆك بارزانی هه‌ڵزنێ!!
هه‌موو ئه‌و كارتانه‌ی دوای ئه‌م دوو رووداوه‌ی نێو رۆژه‌ڤی سیاسیی عێراق دژی هه‌ولێر یارییان پێكرا، كارتی ده‌ره‌كی بوون، هه‌ر له هاتنی كۆرۆنا كۆڤید 19كه‌وه ، له قومه‌وه بۆ نه‌جه‌ف و سلێمانی، له‌ولاوه‌ش بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، وه‌ك ئه‌مریكییه‌كان ده‌ڵێن كۆمپانیای ماهان - ئێری ئێرانی بووه هۆی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه بۆعێراق و لوبنان و ئه‌ورووپا .
له كارتی ناوخۆیش تا پرس و كه‌یسی مسته‌فا سه‌لیمی په‌ناهه‌نده‌ی رۆژهه‌ڵات و له‌سێداره‌دانی .. رۆژڤی زینی وه‌رتێ و گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌غدای (خانم حه‌لیمه، بۆ سه‌رعاده‌تی قه‌دیمه)ی ، ئه‌و‌جاره‌یان نه‌ك هه‌ر به هاتنه‌وه بۆسه‌ربه‌ندو بالۆره‌ی سواوی (نه‌وت به‌رامبه‌ربه بوودجه ) ، به‌ڵكو( نه‌وت وداهاته‌كان به‌رامبه‌ربه بڕێ بوودجه) تا پرسی لێسه‌ندنه‌وه‌ی پارێزبه‌ندی په‌رله‌مانی له په‌رله‌مانتار سۆران عومه‌ر و بێ به‌ها و به‌كه‌م سه‌یركردنی پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئايینییه‌كانی كوردستان، له‌ولاوه‌ش تا ده‌گاته ( نمایشی سه‌رشه‌قامی، نه‌ك خۆپێشاندانی دهۆك بۆ مووچه ورۆژانه سووتاندنی هه‌زاران دۆنم له ده‌غڵ ودانی جووتیارانی كورد ) و ئیتر...
هه‌موو ئه‌و كارتانه ، ئێستا له‌به‌رده‌ستی هه‌ولێرن ، له‌به‌رده‌ستی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدان. ئه‌و كابینه و حكومه‌ته‌ی هێز و توانای بێشوماری پشتیوانيی جه‌ماوه‌رو خه‌ڵكه خۆڕاگره‌كه‌یه‌تی، بۆته شاده‌ماری ژیان وپه‌یكه‌ربه‌ندی به‌رده‌وامبوونی. بۆیه دروشم و كرداری، به‌رنامه و ئامانجی، پیاده‌كردنی چاكسازیى هه‌میشه‌یی و بووژانه‌وه‌ی ژێرخانی ئابوورییه بۆ هێنانه‌دی كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆی خاوه‌ن سه‌روه‌ری له بڕیار‌و ئابووريی نێوخۆ.
هه‌موو كارته‌كان له‌به‌رامبه‌رهه‌ولێری پایته‌ختی كوردستاندا، وا خۆیان نمایش ده‌كه‌ن:
سلێمانی ئۆپۆزیسیۆن به ره‌نگ و بۆی هاوپه‌یمانی شه‌ریكه به‌شی حوكمداری هه‌ولێر. به‌غدا نه‌یار، به ره‌نگ و بۆی دوژمن گه‌ر بۆی بلوێ 16ی ئۆكۆبه‌رێكی تروئیتریش به ره‌نگ و بۆ و هه‌نجه‌تی تر دووباره ده‌كاته‌وه .
پایته‌ختانی دراوسێی هه‌ولێریش، رۆژانه به به‌رنامه له ئاین وئۆینی هه‌ژموون و فشاری ژووره تاریكه‌كانی خۆیان نه‌كه‌و‌توون و هه‌میشه به جۆرێ له جۆره‌كان هه‌وڵی ڕه‌وانه و هه‌نارده‌كردنیان ده‌ده‌ن بۆ نێوسنووری كوردستان.
ئاخر.. تا چاوساع وشوونهه‌ڵگرانی كورد هه‌بن و چالاك بن، هێمنی شاعیر گوته‌نی نه‌ك هه‌رئه‌و (بستۆكه‌یه)، به‌ڵكو ئه‌و(هه‌زاران كیلۆمه‌تره)ی سنووریش پارێزراو نابێت.
ئێستا .. هه‌موو ئه‌و كارتانه له‌سه‌ر مێزی هه‌ولێردان، هه‌ندێكیان گه‌مه‌ی خۆیان كردووه و كاتیان ته‌واو بووه، هه‌ندێكیان هه‌ر ئیكسپایه‌رن و پێشترتاقیكراونه‌ته‌وه، هه‌ندێكیشیان هه‌ر له یاريكردندان و كاتیان ماوه و پشوودرێژی ده‌وێ، ئه‌وانی تریشان جارێ دیاری نادیارن.
له نێو ئه‌و هه‌موو دیمه‌نه سیاسییه تێكقژقژاوانه‌ی رۆژانه‌دا، كه له هه‌رچوارلاوه ده‌رخواردی هه‌ولێرو كوردستانییان ده‌ده‌رێن، هه‌ولێر خودان ئه‌زموونی مێژووی ده‌وڵه‌تداری وحوكمه‌تایه‌تی سه‌ركه‌وتووی خۆیه‌تی و ئاینده‌ی كوردستانه ئازاد و سه‌ربه‌خۆكه‌شی له ده‌ستێكی ئه‌مینی ژیری سه‌ركردایه‌تییه‌كی خودان ئه‌زموونی ره‌سه‌نی مێژوویی وهاوچه‌رخی خۆیدایه، پشت ئه‌ستووریشه به جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵكه تێكۆشه‌ره كۆڵنه‌ده‌ره‌كانی كوردستانییانی ڕه‌سه‌ن و نه‌جیبزاده‌ی خۆی .
كوڕینه، لاوچاك ومێرخاسینه، خانمان، خاتوونان، كچانی رووسووری كوردستان ئه‌وا ئێره هه‌ولێره، هه‌میشه به سه‌ركه‌تن فێره . ئه‌وا ئێره هه‌ولێره، سه‌وڵی پۆڵایه وكه‌ناریشی نزیك .
سه‌رنج: ناونیشانی وتاره‌كه‌له كۆشیعری دیوانی په‌شێو، به ده‌سكارییه‌وه وه‌رگیراوه.
هه‌ولێر 18-5-2020