ململانێی حزبی ئاساییە، بەڵام...

ململانێی حزبی ئاساییە، بەڵام...

ململانێی حزبی بۆ گەیشتن بە دەسەڵات ئاسایی و رەوایە و یەکێکە لە بنەما سەرەکیەکانی دیموکراتی، بەڵام بە مەرجێک ئەو ململانێیە شەریفانە و لە پێناو خزمەت کردنی زیاتری خەڵک و پێشخستنی وڵات بێ، کەچی پێچەوانەی ئەو راستییە حزبەکان لەپێناو خستنی یەکتری پەنا بۆ زۆر چەکی کوردکوژی وا دەبەن کە خۆمان نەبین هیچ کاتێک دوژمن لەو جۆرە چەکانەی دەست ناکەوێ، بۆ گەوجاندنی خەڵک و پاراستی بەرژەوەندی خۆشیان وەک دەستکەوتی نەتەوەیی و پێگەیشتنی دیموکراتی بە خەڵکی دەفرۆشنەوە، لەو چەکە کوشندانەش پەنابردنە بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی داگیرکاران و رشتنی ژەهری شارچێتی.
ئەوەتا وەک ئەوەی ئێستا ئەم حزب و ئەو لایەن بە مەبەستی خستنی رکابەرەکانیان پەنا بردن بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی داگیرکارانی کوردستانیشیان خستۆتە چوار چێوەی ململانێی حزبی، جا ئەگەر پەنا بردن بۆ دوژمنان و دەزگا هەواڵگیەکانی داگیرکارانی کوردستان ململانێی حزبی بێ، دەپرسم: خیانەتی نەتەوەیی و نیشتیمانی چییە؟.
رشتنی ژەهری شارچێتیش هیچی کەمتر نییە لە پەنا بردن بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی داگیرکارنی کوردستان، چونکە سیاسەتی شارچێتی چۆن یەکێتی نەتەوەیی و یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی سیاسی لەبار دەبات، ئەوهاش ئامانجە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان لە هەناوی گرووپگەراییدا دەگوشێ، بۆیە پێویستە پەنا بردن بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی دوژمنان و سیاسەتی شارچێتی بە هەر پاساو و بیانوویەک بە یاسا قەدەغە بکرێن و ئەنجامدەریش وەک خیانەتکار سزا بدرێ.
Top