مەبەست و ئامانجە شارەوەکانی بڕینی پشکی ھەرێم لە بەغدا
April 28, 2020
وتار و بیروڕا
بڕینی بودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە، ھۆکارگەلێکی لە پشتەوەیە، لێ پرسیاری سەرەکی ئەوەیە، بۆچی لەو کاتەدا مووچە دەبڕدرێت، لە کاتێکدا ماوەی ساڵێک و سێ مانگ ھیچ کێشەیەک نەبوو، ئەگەر ھۆکار پابەندنەبوونی ھەرێمە بە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٩، ئەوا ڕاست نییە، بەوپێیەی بەغداش ھەمان مامەڵەی بەرامبەر بە ھەرێم کردووە و پارەی ٢٥٠ ھەزار بەرمیلەکەی بڕیوە و تەنھا بەشێکی دیاریکراو لە مووچە دەنێرێت، کەوابێ ئەم بیانووە بۆ پەردەپۆشکردنی مەبەستە شاراوەکانی دواوەی بڕینی مووچەی ھەرێمن.
بڕینی بوودجە و مووچەی ھەرێمی کوردستان لەو تەوقیتەدا، دەکرێ بە ھەوڵێکی سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوە (عادل عەبدولمەھدی) ھەژمار بکرێت بۆ سەرنجڕاکێشانی شەقامی شیعی و لایەنە سیاسییە شیعییەکان، بۆ ئەوەی لە پۆستەکەی بمێنێتەوە، چونکە لە ڕابردووشدا ئەوەی نەشاردۆتەوە کە فشارێکی زۆری لەسەرە بۆ بڕینی مووچە و شایستە داراییەکانی ھەرێم، ئەمەش پاش دروستبوونی ھیوایەک بۆ شکستپێھێنانی (مستەفا کازمی) بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، شاراوەش نییە کە چەند کوتلەیەک لە شیعەکان لە ھەوڵی مانەوەیدان لە ترسی لەدەستدانی پشکەکانیان لە حکوومەتی داھاتوو و نزیکیی کاندیدی ڕاسپێردراو لە ئەمەریکییەکان.
لەلایەکی ترەوە، ئەم بڕیارەی بەغدا ھەنگاوێکی تۆڵەکردنەوەی ھێزە شیعەکانە لە دژی ھەرێم، بە تایبەتی پاش کۆدەنگنەبوونی کورد لەگەڵیان لە پرسی دەرکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا و پیشاندانی ئامادەیی ھەرێم بۆ پیشوازی لە ھێزەکانی ئەمەریکا لە ئەگەری کشانەوەیان لە عێراق، لەوەش زیاتر جێگیرکردنی سیستەمی پاتریۆت ھێندەی تر ئەوانی بێئومێد کرد لە شکستخواردوویی ھەوڵەکانیان بۆ دەرکردنی ھێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، لە ھەمان کاتدا کارتێکی فشارە بەرامبەر کورد بۆ کەمکردنەوەی داواکارییەکانی لە کاندیدی راسپێردراو (مستەفا کازمی) بۆ پێکھێنانی حکوومەت، لە کۆتا کۆبوونەوەش لەگەڵ لایەنە شیعەکان، رەخنەی ئەوەی لێ گیرابوو کە بەرامبەر کورد نەرمە.
ھاوکات ئەگەر سەیری کاردانەوەی ھەندێک لە پەرلەمانتارە کوردەکانی ناو پەرلەمانی عێراق بکەین، کە ئەو ھەنگاوەی حکوومەتی عێراق وەک سەرکەوتنێک بۆ خۆیان ھەژمار دەکەن، بۆمان ڕوون دەبێتەوە، کە ئەم بڕیارە خزمەتێکی باش دەکات بە نەیارانی حکوومەتی ھەرێم و ئەو ئۆپۆزسیۆنە نامەنتیقییەی کە ئێستا لە کوردستان لەلایەن لایەنێکی دیاریکراوەوە سەرکردایەتی دەکرێت، کە کاری سەرەکی بریتییە لە نەھێشتنی متمانە لە نێوان حکوومەت و جەماوەردا، لە کاتێکدا لە دوای ھاتنی کۆرۆنا و ھەنگاوەکانی چاکسازیی حکوومەت، بە شاھیدیی دۆست و نەیار لەوەتەی دەسەڵاتی کوردی ھەیە متمانەی نێوان خەڵک و حکوومەت ئەوندە بەھێز نەبووە.
دروستکردنی قەیران و دانانی ئاستەنگی یەک لەدوای یەک لە بەردەم کابینەی نۆیەمدا، ئاماژەن بۆ ئەوەی ڕۆڵی دەوڵەتانی ھەرێمی کەم نییە، سەرەتا ھێنانی ھێزی حیزبی بەرامبەر ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە زینی وەرتێ و ھەڕەشەی ھەڵگیرساندنی شەڕی ناوخۆ، دواتر قوڵکردنەوەی دەستەواژەی شارچیەتی و زەقکردنەوەی پرسی جیاوازی لە نێوان شارەکانی ھەرێم لە ڕێکارەکانی حکوومەت دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پاشان بانگەشەی دووئیدارەیی و زیندووکردنەوەی لامەرکەزیەت، کە بینییان ئەمانە ھەمووی کاریگەرییان نییە لە پەردەپۆشکردنی ھەڵەکانیان و حکوومەتی ھەرێمیش بەردەوامە لە ھەنگاوە چاکسازییەکانی، کۆتا ھەنگاو بڕینی مووچە بوو، بە دڵنیاییشەوە ئەوانەی ھاندەر و بڕیاردەری بڕینی پشکی ھەرێمن، سەرچاوەکەیان و نزیکییان لە وڵاتانی ھەرێمی، دیار و حاشاھەڵنەگریشە.