ئەگەر پارتی خراپ نەبا ئەو هەموو دوژمنەی نەدەبوون
April 27, 2020
وتار و بیروڕا
شتێکی ئاسایی و چاوەڕوان کراوە داگیرکار دوژمنایەتی هەموو ئەو کەس و لایەنانە بکات کە ژێردەستەیی رەتدەکەنەوە و لە پێناو رزگاری گەبەکەیان و سەربەخۆیی وڵاتەکەیان تێدەکۆشن، چونکە داگیرکاران ئەگەر دوژمنایەتی رزگاریخواز و سەربەخۆخوازان نەکەن ناتوانی خواستی داگیرکاری خۆیان بەدیبێنن، لەو روانگەیەوە هەق بە هەموو داگیرکارانی کوردستان دەدەم کە دوژمنایەتی پارتی بە ئەرکی خۆیان بزانن.
ئەو حزب و لایەنە کوردیانەش کە بە هزر و بیری عێراقچێتی پەرەوەردە کراون و نان و بەرژەوەندی و مووچەیان لە عێراقچێتی دایە، رەوایە هاوشانی داگیرکارانی کوردستان دوژمنایەتی پارتی بکەن، چونکە ئەگەر کورد رزگار و کوردستان سەربەخۆ بێ وەک ئەوەی پارتی دەیەوێ و خەباتی بۆ دەکات، ئەوکات داگیرکار نامێنێ و بە نەمانی داگیرکاریش بازاڕی خۆفرۆشی و وڵاتفرۆشی ئەوانیش روو لە کزی دەکات، لەو روانگەیەوە ناچارین بڵێین: پارتی خراپە و ئەگەر خراپ نەبا ئەو هەموو دوژمنەی نەدەبوون.
لێرەدا گەیشتینە ئەو راستییەی کە خراپی پارتی ئەوەیە بڕوای بە رزگاری کورد و سەربەخۆیی کوردستان هەیە و لەو پێناوەشدا خەبات دەکات، ئەوەش لەگەڵ خواستی داگیرکارانی کوردستان و بەرژەوەندی خۆفرۆش و خیانەتکاران یەک ناگرێتەوە، هەر ئەوەش وایکردووە پارتی بە تەنیا بمێنێتەوە و دوژمنانی رزگاری کورد و ناحەزانی سەربەخۆیی کوردستان یەک بگرن و وای پیشان بدەن پارتی بە تەنیایە.